
ئەمڕۆ چوارشەممە 25/6/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پرێس كۆنفرانسێكی ساز كرد و گوتی: “بە پشتیوانیی خوا و بە پاڵپشتیی خەڵكی هەرێمی كوردستان، من دڵنیام كە ئەم قەیرانە بەرەو تەواوبوون دەڕوا.”
سەرۆكی حكوومەت ئەوەشی خستە ڕوو: “بە هیچ جۆرێك ئێمە واز لە هیچ مافێكی دەستووریی خەڵكی كوردستان ناهێنین و بەردەوامیش دەبین.”
دەقی قسەكانی سەرۆكی حكوومەت:
بابەتی دووەم بابەتی پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵییە، بە تایبەتیی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە خاڵێكی گرنگە و دەمەوێ لێرە بە ناوی خۆم و بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سوپاسی گەرمی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان، بە تایبەتی مووچەخۆران بكەم كە بەڕاستی زۆر زۆر پشوودرێژ بوون، زۆر تەحەمولیان كرد، خۆڕاگر بوون بەرامبەر بەوەی كە لە ماوەی دوو مانگی رابردوو مووچەكانیان بە شێوەیەكی نایاسایی نەدراوە و ئەمە كارێكی نادەستوورییە و پێمانوایە كە مووچەخۆرانی هەرێم هەر لە سەرەتاوە دەبوایە تێكەڵی هیچ جۆرە كێشە و گرژییەك نەبن و ئەگەر لە حاڵەتێكیشدا لە بەینی حكوومەتی فیدڕاڵی و حكوومەتی هەرێم لەسەر بابەتێك كێشەیەك هەیە، نابێت بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تێكەڵی ئەم شتانە ببێت.
بە پشتیوانیی خوا و بە پاڵپشتیی خەڵكی هەرێمی كوردستان، من دڵنیام كە ئەم قەیرانە بەرەو تەواوبوون دەڕوا ئینشائەڵا و دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە هێزی ئێمە لە پشتیوانیی خەڵكی كوردستانەوەیە و هەر پشتیوانیی ئەم خەڵكە بووە، متمانەی خەڵكەكە بووە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە وای كردووە ئێمەش بەردەوام بین لە دەستەبەركردنی هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان.
بە هیچ جۆرێك ئێمە واز لە هیچ مافێكی دەستووریی خەڵكی كوردستان ناهێنین و بەردەوامیش دەبین، لەو ماوەیەی رابردووش رۆژ نەبووە كە خەریك نەبووبین بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانانە، لەگەڵ دەسەڵاتداران لە بەغداش بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین، دوێنێ شەو خۆم لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریش قسەم كردووە و لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانیش قسەم كردووە كە ئێمە بەرەو چارەسەری ئەم قەیرانە بڕۆین. ئەوانیش بە خۆشحاڵییەوە رایانگەیاند كە ئامادەن لە ماوەیەكی زۆر زۆر نزیك لەم یەك دوو رۆژەدا شاندێك بنێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بكەونە گفتوگۆی راستەقینە لەسەر ئەم بابەتە و چارەسەركردنی گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
دەمەوێ خەڵكی كوردستان دڵنیا بكەمەوە كە ژیان و مردنی ئێمە بەیەكەوەیە، ئەوەی لە توانای حكوومەتی هەرێمدا بێ، ئەوەی لە توانای خۆمدا بێ، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی كە بتوانین دەستەبەری هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین. هیوادارم لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا و لەم چەند ڕۆژە بگەینە ئەنجامێكی زۆر ئەرێنی و ئەم كێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوا و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بكرێ. بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا بین، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە لەوەی هەرچی لە توانادا بێ، لە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستاندا دەبێت.
پ: دەبوایە هەرێمی كوردستان رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات، بۆچی جێبەجێ نەكراوە؟ ئەو نەوتەی رۆژانە لە دەروازەكان دەفرۆشرێ، داهاتەكەی چەندە؟
مەسرور بارزانی: سوپاس بۆ پرسیارەكەت، ئەوەی راستی بێ، لە ئەنجامی سكاڵایەكی حكوومەتی فیدڕاڵی لە دژی توركیا لە دادگایەكی پاریس، بوو بە هۆی راگرتنی هەناردەكردنی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٣وە، لەوكاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٥ ملیار دۆلار زیان بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە كە لە ئەنجامدا ئەم زیانە بۆ حكوومەتی عێراقیش دەگەڕێتەوە، چونكە حكوومەتی عێراق قەرەبووی خەڵكی هەرێمی كوردستانیشی نەكردۆتەوە لەسەر ئەو زیانە. لەبەر ئەوەی نەوتەكە هەناردە نەدەكرا، زۆر لەو كۆمپانیایانەی كە بەرهەمهێنەری نەوت بوون، نەیانتوانی لە ئاستی پێویستدا لە بەرهەمهێنانی نەوتدا بەردەوام بن، بۆیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زۆر زۆر كەمی كرد. دوای ئەوەش كە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دراوە لەسەر ئەوەی كە هەرێمی كوردستان دەبێ پابەند بێ بە هەناردەكردنی نەوت، هەندێكی كێشەی تەكنیكییە، ئێمە بەردەوام لە گفتوگۆدابووین لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حكوومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا، لەگەڵ وەزارەتی نەوت، كە ئەوان هاتوون و بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان قسەی پێویستیان لەسەر ئەوە كردووە كە هەرێمی كوردستان توانای چەندی هەیە.
لێرەدا دەمەوێ كێشەكە بە ڕاشكاوی باس بكەم، كێشەكە لەگەڵ هەرێمی كوردستان نییە، كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتە كە ئەوان لێرەدا وەبەرهێنانیان كردووە و ئەوان بەشێكن لە كۆی هاوكێشەكە، كەواتە دەبێ رێككەوتنەكە لەگەڵ كۆمپانیاكانیش بێت، هەم كۆمپانیاكان مافیان دەستەبەر بكرێ، هەم حكوومەتی فیدڕاڵی و هەم حكوومەتی هەرێم هەموویان تێیدا بەشدارن.
لەبەر ئەوە كەمهێنانی نەوت هۆكارەكەی ئەوە بووە كە حكوومەتی فیدڕاڵی ڕێگەی گرتووە و بۆتە هۆكاری دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت. جگە لەوە، ئەو بەرهەمەی كە لە ناوخۆدا بەرهەم دێت، ئەمە زیاتر بەشێكی هی كۆمپانیاكانە كە خۆیان بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامیی بە دەرهێنانی نەوت بدەن، دەكرێ و مافی خۆیانە بەپێی گرێبەستەكان كە بەشێك لە نەوتەكەیان بفرۆشن، لە بازاڕەكانی ناوخۆ ئەو نەوتە ساخ دەكرێتەوە و بەشێكی زۆریشی دەدرێ بەو پاڵاوگانەی كە بەنزین و پێداویستییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دابین دەكەن، هەروەها بۆ كارەباش. ئنجا بەشێكی زۆری ئەو نەوتە بەم جۆرە لەنێو خودی هەرێمی كوردستانەوە ساخ كراونەتەوە و بەكار هاتووە.
پ: لە ماوەی رابردوودا سەردانی ئەمریكاتان كرد و دوو رێككەوتنی گرنگتان ئەنجام دا، راستەوخۆ دوای ئەوە مووچە لە لایەن عێراقەوە بڕدرا، ئایا ئەمە كاردانەوەی گرێبەستەكان بووە؟
ئێمە ئەو ڕێككەوتنانەی لە ئەمریكا واژۆمان كرد، بە مافێكی یاسایی و دەستووریی هەرێمی كوردستانی دەزانین، چونكە پێشتر ئەم دوو ڕێككەوتنە لەگەڵ دوو كۆمپانیای تر هەبوون، بەڵام بەداخەوە ئەو دوو كۆمپانیایە نەیانتوانی گرێبەستەكانیان جێبەجێ بكەن، لەبەر ئەوە مافی هەرێمی كوردستان بوو دوای ئەوەی كێشەیەكی یاسایی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە هەبوو، هەردوو گرێبەستەكەیان گەڕاندەوە و دواتر بە دوو كۆمپانیای تر دران كە لە ئەنجامدا بینیتان لە واشنتۆن ئێمە واژۆی گرێبەستەكانمان كرد لەگەڵ ئەم دوو كۆمپانیا ئەمریكییە. كەواتە گرێبەستەكان پێشتر هەبوون بەڵام لەگەڵ دوو كۆمپانیای تر بوون.
لە لایەكی تر، ئەم دوو كۆمپانیایەی كە گرێبەستەكانیان لەگەڵ ئیمزا كراوە، هەردووكیان زیاتر لە ١٥ ساڵە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، كەواتە هیچ شتێكی نایاسایی نەبووە بۆ ئەوەی كە حكوومەتی فیدڕاڵی ئەمە بەكار بهێنێت بۆ بڕینی مووچە.
ئەوەی راستی بێ من دەمەوێ ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بدەم، بەپێی قسەكانی دەسەڵاتدارانی بەغدا خۆیان، دادگای فیدڕاڵی لە كاتێك تەداخولی بابەتی مووچەی هەرێمی كوردستانی كرد كە هەندێك لایەنی ناوخۆیی لێرە سكاڵایان كرد و داوایان لە حكوومەتی فیدڕاڵی كرد كە دەستێوەردان بكەن لە بابەتی مووچەی خەڵكی كوردستان و راستەوخۆ مووچەكان لە بەغداوە بۆ خەڵك بنێردرێ. ئەوەی مافی خەڵكی كوردستانە و ئەوەی مافی قەوارەی هەرێمی كوردستانە وەكوو قەوارەیەكی دەستووری، دەبێ هەرێمی كوردستان بودجەی هەبێت، نەك تەداخول لە بابەتی مووچە بكرێت. ئەمەش بەداخەوە لە ئەنجامی ئەو سكاڵایەی كە هەندێك لایەن كردیان، ڕێگەیان خۆش كرد بۆ ئەوەی كە دادگای فیدڕاڵی بێت و دەستێوەردان بكات لەم بابەتە. هەر ئەمەش ئەنجامەكەی ئەوە بوو كە ماوە بە ماوە مووچەكان دوادەخران یان نەنێردران و لە ٢٠٢٣ سێ مووچەی هەرێمی كوردستان نەنێردرا و لە ٢٠٢٤ دوو مووچە نەنێردرا، هەرچەندە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی تواناكانی خۆی ویستی بەشێك لەمە قەرەبوو بكاتەوە.
پ: ئایا ئەمە دوا هەوڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە یاخود دەرگایەكی دیكەی گفتوگۆ هەیە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بۆ ئەوەی ماف بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بگەڕێننەوە؟ ئایا ئەو شاندەی دێن شاندی ئەنجوومەنی وەزیرانە یان شاندێكی تەكنیكییە؟ ئایا بژاردەكانی بەردەم هەرێمی كوردستان چین لە كاتی گفتوگۆكان؟
لەسەر بابەتی یەكەم، بێگومان ئێمە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و قەت دەرگای گفتوگۆ داناخەین و ناڵێین ئەمە دوادەرفەتە و هەمیشە دەرگای گفتوگۆ بۆ ئێمە كراوەیە و ئامادەین بە گفتوگۆ هەموو كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین. هاتنی شاندەكە بێگومان لە ئاستێكی بەرزدا دەبێت و لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران قسەم كردووە و شاندێك دەبێت كە بێت لێرە بتوانێت بڕیار بدات، تەنیا شاندێكی تەكنیكی نابێت، بەڵكوو بەڵێنیان پێداوین بۆ ئەوەی بێن بڕیار بدەن بۆ گەیشتن بە بڕیارێكی ئەرێنی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی خەڵكی كوردستان.
خاڵێكی تر هەیە من دەمەوێ زۆر بە روونی باسی بكەم، بەغدا موڵكی تاكە لایەنێك نییە كە ئێمە بچین سواڵكەر بین و ئەوان خاوەن ماڵ، ئێمە دەبێ هەموومان لەم وڵاتەدا یەكسان بین و خۆشمان بە خاوەنی دەسەڵات دەزانین و هەموو هەوڵێكیش دەبێ بدەین بۆ ئەوەی بگەین بە رێككەوتن كە ئێمە لێرەدا هاووڵاتیی یەكسان بین و هەموو مافەكانیشمان بە شێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە دەستەبەر بكرێت، ئەگەر ئەوە نەبێت، كەواتە كێشەیەكی جددی لە جێبەجێكردنی دەستوور لە عێراقدا هەیە. بۆیە لەسەر ئەو خاڵە من دەمەوێ هاووڵاتیان دڵنیا بكەمەوە كە ئێمە لەسەر دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكان لە حكوومەتی فیدڕاڵی بەردەوام دەبین، بەڵام ئەگەر نەگەیشتینە ئەنجامیش، هەرچی پێمان دەكرێ لە هەرێمی كوردستان بە داهاتی ناوخۆ و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، بە هەر جۆرێك بێت، نایەڵین پەكی خەڵك بكەوێت، ئەگەریش نەتوانین لە كاتی خۆی یان وەك پێویست لەم سەردەمە و لەم وەختەدا هەموو مافەكانیان دەستەبەر بكەین، ئەوەی بەپێی توانامان بێت، بێگومان ئەوە دەكەین، من دەمەوێ لەمە ١٠٠٪ خەڵك دڵنیا بن.
پ: ژمارەیەك لە خانەنشینان پێنج بۆ شەش مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، چارەسەر چییە بۆ ئەم بابەتە؟
خانەنشینان مافی خۆیانە، دیسان من دەستخۆشییان لێ دەكەم و سوپاسیان دەكەم و سوپاسی پشوودرێژییان دەكەم. مافی خۆیانە و دڵنیا بن مافەكانیان نافەوتێ، ئیشەڵا لە كاتێكی نزیكدا هەموو ئەو مووچانەی كە پێشیان نەدراوە بۆیان ئینشائەڵا تەرخان دەكەین و پێیان دەدرێ.
نوێ دەكرێتەوە