ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، كۆمپانیای نەوتی بەسڕە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: ”كۆمپانیا گەورەكانی نەوت وەك (ئینیێ، بی پی و تۆتاڵ ئینیرجز) كە لە كێڵگە نەوتیەكانی عێراقدا كاریان دەكرد، كارمەندان و فەرمانبەرە بیانییەكانی خۆیان لە عێراقدا نەهێشت، ئەم راگەیاندنەش دوای هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، هات.

بە هەمان شێوە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز)یش بڵاوی كردەوە: كۆمپانیای بریتیش پترۆل (BP)یی بەریتانییش كە لە كیڵگەی نەوتی رومێڵە كاریان دەكرد، كشاندەوە و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان و لە عێراقدا نەماوەن.

شایەنی باشە هەموو ئەم بڕیارانەی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لە عێراق، لە دوای هێرشی فڕۆكە ئەمریكییەكان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران و هەڕەشەی ئێران و میلیشیا چەكدارەكانی عێراق بۆ وەڵامدانەوە، بە شێوەیەكی رژدتر كەوتنە واری جێبەجێكردنەوە.