سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركی کونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لێ كرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22/6/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە فوئاد ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن لە هەرێمی کوردستان کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی لە هەرێمی كوردستان، سەرۆکی حکوومەت وێڕای سوپاسکردنی کونسوڵی گشتیی ئوردن بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردووە، هیوای سەرکەوتنشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتیی نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان کرد، پێزانینیشی بۆ پشتیوانیی شا عەبدوڵلای دووەم لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
کونسوڵی گشتیی ئوردن ئاماژەی بەوە دا کە دەسکەوتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا مایەی شانازین، هەروەها سوپاسی هاریکاری و هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی.