دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، “بەسەرکەوتوویی هێرشمان کردە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران”.

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای دوو ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی مۆڵەتی دوو هەفتە بۆ ئێران تاوەکو بێتە سەر مێزی گفتوگۆ، پێش کەمێک  هەواڵی هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی ڕاگەیاند.

  پێشتر ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر ئەمریکا ڕاستەوخۆ بێتە نێو جەنگی تاران و تەلئەبیب ئەوا بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەنە ئامانج.

  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا  لە پلاتفۆرمی سۆشیال تروس ڕایگەیاند، بەسەرکەوتوویی هێرشمان کردە سەر سێ پێگەی ئەتۆمییەکانی ئێران، کە پێکدێن لە نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان، هەموو فڕۆکەکان گەڕانەوە بنکەکانیان و ئاسمانی ئێرانیان جێهێشت، هێرشەکان لە ڕێگەی بڕێکی زۆر بۆمب کراونەتە سەر پێگەی سەرەکیی فۆردۆ.

ترەمپ دەشڵێت، “پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنەکانی ئەمریکا دەکەم، سوپایەکی بەهێزی هاوشێوەی سوپای ئەمریکا لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەم کارە بەسەرکەوتوویی بکات. ئێستا کاتی ئاشتیە، سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم پرسە”.