فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، كە بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەكانی ناوچەكە، ئاسمانی عێراق داخراوە و گەشتەكانی چوون و هاتن لە سەرجەم فڕۆكەخانەكان ڕاگیراون، بەڵام حكوومەت لە هەوڵدایە ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن و گیریان خواردووە، بگەڕێنەوە، دەیانگەڕێنێتەوە.

ئەمشەو 13ی 6ی 2025، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند/ “لەئاکامی گرژییەکانی ناوچەکە، ئاسمانی عیراق داخراو گەشتەکانی چوون و هاتن لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان ڕاگیران.”
ئەوەی خستە ڕوو، كە “ئەمەش گرفتێکی زۆری بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبۆڵ دروستکرد، کە بەشێوەی تڕانزێت دەیانویست بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.”

باسی لەوەش كرد، كە “هاوکات ژمارەیەک لەحاجییان کە سەفەری ماڵی خوایان کردبوو، لەڕێگەی گەڕانەوەیان لەفڕۆکەخانەی عەممان گیریان خواردووە.”

فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت، لە ڕاگەیاندراوەكەیدا، ئەوەشی خستە ڕوو، كە “حکوومەتی هەرێم لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیی خۆی، لە ڕێگەی پێکهێنانی لیژنەیەک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، لەگەڵ هاووڵاتییان و لایەنە فەرمییەکانی ئەو وڵاتانەی هاووڵاتییان تێیدا گیریان خواردووە لە پەیوەندیدایە بەمەبەستی جێبەجێکردنی ڕێکارەکان، تا بتوانین بەزووترین کات هاووڵاتییانمان بگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان.”

ئاماژەی بەوەش دا، كە “حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێ بە هانای هاووڵاتییانیی هەرێمی کوردستان بچێت لەکاتی بوونی هەر کێشەو گرفتێک، وەک چۆن لەسەردەمی پەتای کۆڕۆناو لەکاتی ڕووداوە نەخوازراوەکان هەموو هەوڵێکیدا بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانمان.”