لە تۆڵەی ئەو هێرشەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کەمێک پێش ئێستا ئێران زیاتر لە 150 مووشەکی بالیستیک و مووشەکی دوورمەودای ئاراستەی ئیسرائیل کردووە کە لە حەوت ناوچە کەوتوونەتە خوارەوە.
یەکێک لە مووشەکەکان لە نزیک باڵەخانەی وەزارەتی ئاسایش و بەرگریی ئیسرائیل کەوتووەتە خوارەوە.
پێشتر بەرپرسێکی ئیسرائیل بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندبوو، “پێمان وایە لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا ئێران بە هێرشێکی فراوانی مووشەکی وەڵام دەداتەوە”.
کەناڵ 12ی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هەر مووشەکێک ئاراستەی ئیسرائیل بکرێت، هێرشی دەستبەجێ بۆ سەر ژێرخانی نیشتمانیی ئێران دەستپێدەکات.
سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، دەتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین و پێویستمان بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانمان نییە.
سوپای ئیسرائیل ڕێنمایی داوەتە هاوڵاتیانی بچنە پەناگەکان و تیایدا بمێننەوە تا ئەو کاتەی ڕێنمایی دیکەیان پێدەدرێت.
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل سیستمی بەرگریی ئیسرائیل بەرپەرچی ئەو مووشەکانەی ئێران دەداتەوە.