ئیسرائیل دوژمنە سەرسەختەکەی خۆی و دۆستەکەی خامنەیی لەناوبرد کە ئەویش فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، لیوا حوسێن سەلامی، نزیکترین فەرماندە بوو لە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران.

حوسێن سەلامی بە دوژمنە سەرسەختەکەی ئیسرائیل و فەرماندە قسە تووندەکە ناسرابوو. مانگی ڕابردوو ئیسرائیل و ئەمریکای لە هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران  ئاگادار کردەوە و وتی: “ئەگەر بچوکترین هەڵە بکەن، دەروازەکانی دۆزەختان بەسەردا دەکەینەوە.”

سەلامی لە لێدوانەکانی ساڵی 2018ـدا داوای لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد “مەشقی مەلەکردن لە دەریای ناوەڕاست” بکات، چونکە ڕەنگە ناچار بێت وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت و فریا نەکەوێت سوار فرۆکە و ئۆتۆمبێل ببێت.

سەلامی ئەندامی لە دامەزرێنەرانی سوپای پاسدارانە، کە لە سەرەتای شەڕی ئێران و عێراق (1980-1988) دامەزرا، تەواوی ژیانی لە ڕیزەکانی ئەو سوپایەدا بەسەر بردووە.

حوسێن سەلامی کە کەوتبووە ناو لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بووە. پێش ئەو پۆستە باڵایە، ناوبراو بۆ ماوەی نۆ ساڵ وەک جێگری فەرماندەی هێزی ئاسمانی بوو، لە دوای محەممەد عەلی جەعفەری، لە ساڵی 2019ـدا کرایە فەرماندەی سوپای پاسداران.

چەندین جار خامنەیی ستایشی “دڵسۆزی و هەوڵ و کارامەیی و توانا بێ وێنەکانی” سەلامی کردووە. دواجار بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ناوبراو لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆسەر تاران، کوژرا.