بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، مانگی داهاتوو هێڵێكی سەرەكیی پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر، دەكەوێتە كار و سێ هێڵی تریش لە كۆتایی ئەمساڵ تەواو دەكرێن.
ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان ڕايگەیاند، كاركردن لە پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر بەردەوامە و لە مانگی داهاتوودا یەكێك لە هێڵە سەرەكییەكانی ئاوی هەولێر دەكەوێتە كار و ئاو لە شەقامی ڕەشكین تا شەقامی كۆیە دابین دەكات، هاوكات گەڕەكەكانی دەرەوەی شەقامی 120 مەتری و شارۆچكەكانی بنەسڵاوە و دارەتووش، لە هێڵی یەكەمی ئاوی خێرا سوودمەند دەبن.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان دەشڵێت، پێشبینی دەكەین لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ئەو هێڵە سەرەكییە دەست بە گواستنەوەی ئاو بكات و نیوەی وێستگەی پڕۆژەی ئاوی خێرا دەكەوێتە كار.
لەبارەی تەواوبوونی پڕۆژەكە ئاری ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پڕۆژەكە چوار هێڵی ئاو لە خۆ دەگرێت، دوای ئەوەی لە مانگی داهاتوو هێڵێك دەست بە گواستنەوەی ئاو دەكات، چاوەڕێ دەكەین ئەو سێ هێڵەی تر بۆ كۆتایی ئەمساڵ تەواو بكرێن، ئەوانیش دەست بە گواستنەوەی ئاو بكەن بۆ هەولێر.
ئەوەشی گوت، بە تەواوبوونی پڕۆژەی ستراتیجی فریاگوزاریی خێرای ئاو، دەبێتە هۆی بووژانەوەی شاری هەولێر و دەوروبەری.
لە هەشتی ئەیلوولی 2024دا، پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی دانرا.
پڕۆژەكە بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار، لە ماوەی كەمتر لە 550 ڕۆژ جێبەجێ دەكرێت و بە تەواوبوونی پڕۆژەكە، كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر بە ڕێژەی 100% چارەسەر دەبێت.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، لە ڕۆژێكدا 480 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ هەر سەعاتێك 20- 21 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ گەڕەكەكانی شاری هەولێر دەنێرێت.
پڕۆژەكە بە چوار هێڵی سەرەكی لە نێوان گەڕەكەكانی نێوان شەقامی 120 مەتری و شەقامی 150 مەتری جێبەجێ دەكرێت، كە گەڕەكەكانی نێوان ئەو شەقامانە و دەرەوەی شەقامەكان و هەریەك لە گەڕەكەكانی دارەتوو، بنەسڵاوە، كەسنەزان، پیرزین، شاوێس، بەحركە، عەنكاوە و سێبیران لێی سوودمەند دەبن.
پرۆسەی وەرگرتنی ئاوی پڕۆژەكە لە زێی گەورە دەست پێ دەكات و پاككردنەوە و پاڵاوتنی ئاوەكە و فلتەركردن و كلۆركردنی ئاوەكە، بە ستانداردی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و عێراقی جێبەجێ دەكرێت.
لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، 200 كیلۆمەتر بۆڕیی سپایرۆڵ بەكار دێت و 280 كیلۆمەتر بۆڕیی ئەسیلین بە تیرەی 160 ملم و 220 ملم و 250 ملم بۆ بەستنەوەی پڕۆژەكە بە گەڕەكەكانی شاری هەولێر بەكار دێت. ڕۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاو بە تەواوی بۆ گەڕەكانی شاری هەولێر دەنێرێت.
جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر بە تەواوی چارەسەر دەكات و دەبێتە هۆی داخستنی زیاتر لە هەزار بیری ئاو، بەمەش رێگە لە كەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی دەگیرێت.