عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەدر ئەلبوسەعیدی، هاوتا عومانییەکەی، ڕۆژی شەممە 31ی 5ی 2025، لە سەردانێکی کورتدا بۆ تاران، مەرجەکانی پێشنیازی ئەمریکای بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەنێوان تاران و واشنتۆن خستووەتە ڕوو.
عەراقچی لە پۆستێکیدا لەسەر پلاتفۆرمی (ئێکس) دەڵێ: ئێران بەگوێرەی پرەنسیپەکان، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی ئێران وەڵامی پێشنیازی ئەمریکا دەداتەوە.
ئەم لێدوانەی عەراقچی لە پێش خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیی دەیان ساڵە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام تا ئێستا وادە و شوێنی دانوستانەکان ئاشکرا نەکراوە.
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا هەردوو وڵات پێنج خولی دانوستانیان لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران ئەنجام داوە، لە دانوستانەكاندا ئەمریكا داوا دەكات ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێت و تاكوو ئێستاش ئێران ئەو پێشنیازەی ڕەت كردووەتەوە.