فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا❊
نزیكەی چل ساڵە گوێ لە هەواڵی سیاسی دەگرم و هۆنراوەی نیشتمانپەروەری و شۆڕشگێڕی دەخوێنمەوە، جاربەجاریش بە دوای بابەتی شۆڕشگێڕی و نیشتمانپەروەریشدا دەگەڕێم، لێرەو لەوێش دەیان داستان و چیرۆك و بەسەرهاتم خوێندووەتەوە و لە ماوەی رابردووشدا دەكرێ بڵێم لە 27 ساڵی ژیانم راستەوخۆ وەك پێشمەرگەیەك لێرەو لەوێ لە هەندێ شت بە ئاگام، یان بەشداریم تێیاندا كردووە، لەو هەموو خوێندنەوە و بەشدارییەمدا دەیانجار چیرۆك و بەسەرهات و داستانی زۆر مەزن و پڕ سەروەری و كارەساتی جەرگبڕم هاتووەتە بەرچاو، یان خۆم لە ناو بابەتەكاندا دۆزیتەوە، ئەوەی جێگای سەرنج و شایەنی باسە، لە هەر هەموو ئەم مێژووە و بەدواداچوونی ئەو رووداوانە هزر و رێبازی بارزانی یان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ رابەر و سەروەری ئەم مێژووە شكۆدارییە بووە و گەر وەك دەستەبژێرێك هەندێ بابەت وەرگرین و بچینە ناو هەندێ رووداوی مێژوویی و لاپەڕەكانی مێژوو هەڵبدەینەوە، وەك چاوپێخشاندێك و تەماشاكردنێكی بەپەلەش بۆ بەبیرهێنانەوەی مێژووی نزیكەی سەدەیەك لە خەبات و بەرخۆدان، دەبینین ئەم رێبازە هەردەم پشت و پەنای هەرچوار پارچەی كوردستان بووە، چ راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ تا ئەو رادەیەی كەسانی بێگانە و دراوسێ لە نەتەوە و گەلانی تریش زۆر كات لە مێژوودا دەبینین بۆ هاوكاری و یارمەتی و پەناگە هاواریان بردووەتە بەر ئەم رێبازە وەك ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بە هەموو بیروبۆچوونەكان، چ چەپی شیوعی بێت، یان ئازادیخواز و دیموكرات خوازەكانیتر یان هزری ئایینی و نەتەوەپەرستیان هەبووبێت بە گشتی پەنایان هێناوەتە بەر ئەو رێبازە و بۆ لای خۆمان وەك كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان، ئەم رێبازە لە كاتی تەنگانەدا پەناگەیەكی ئارام و ماڵی هەموو كوردێك بووە، بۆ نموونە گەر بە پەلە سەیرێكی مێژوو بكەین، لە شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفیدەوە دەستپێبكەین، دەبینین بەر لە ساڵانی بیستەكان لە بارزانەوە بە هانای شۆڕشی شێخ مەحموودەوە چوونە بۆ ناوچەی سلێمانی و لە 1920 بە هانای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران چوونە، بە هەمان شێوە و ئەو هێزەی بە هانایانەوە چووە بارزانیی نەمر راستەوخۆ سەرپەرشتی كردووە، كە ئەوكات لە تەمەندا لە هەرەتی لاویدا بووە و گەر سەیر بكەین، سمكۆی شكاك پاش هەرەسهێنانی شۆڕشەكەی لە ساڵانی سییەكان پەنا دەبات بۆ باشووری كوردستان و بەرەو هەولێر دێت و ماوەیەك بۆ خۆحەشاردان و خۆپاراستن لە دوژمن لە شارۆچكەی بەحركەی سەر بە شاری هەولێر دەمێنێتەوە، كە ئەو كاتیش تاكە هێزی شۆڕشگێڕ بە شێوازی رێكخستنی سەربازی هێزی بارزانییەكان بووە، چ وەك پەناگەیەك بۆ لێقەوماوان یان بەهاناچوونیان تا دەگاتە قۆناغی كۆماری كوردستان، لە ساڵی 1945 لە مهاباد دیسان بارزانییەكان تاكە هێزی چەكدار و پارێزەری كۆماری كوردستان بوونە لە كوردستانی رۆژهەڵات، كاتێكیش كۆمار دەڕووخێت تاكە هێز بووە خۆی بە دەستەوە نەداوە، بڕوای بە ژیانی ژێردەستەیی و زەلیلی نەبووە، بەڵێ بارزانی لە كاتوساتی هەستیاری پڕ لە نائومێدی فەرموویەتی: تا خاوەن ئیرادە و تفەنگی خۆم بم، خاوەنی بڕیاری خۆشم دەبم. بەڵێ بەر لەو هەڵوێستەی بارزانیش پێشتر شێخ ئەحمەدی بارزانی كە لە بەندیخانەی ئینگلیزی داگیركەر بەندكرابوو، ئامادە نەبوو داوای لێبووردن بكات و نامەی لێبووردن بنووسێت و بۆ ئازادبوونی تەنازول بكات. بەڵێ هەر ئەم رێباز و هێزە بوو، پاش ئەوەی شكستی كۆماری كوردستانییان قبووڵ نەبوو، سنووری سێ دەوڵەتییان بڕی و چوونە رووسیا و پاشان لە ساڵی 1958 بەسەربەرزییەوە و بە پێشوازی گەلی كورد و عەرەب و بە چەپڵەڕێزان و دەسكەگوڵەوە لە رێگای بەسراوە، گەڕاوە ناو خاكی باب و باپیرانی و بە بیرۆكەی برایەتی كورد و عەرەب و رێزگرتن لە مافی گەلی كورد، پشتیووانی و پاڵپشتی خۆی راگەیاند بۆ كاربەدەستانی ئەو سەردەم، بەناوی رووخانی سیستەمی پادشایەتی و دەستپێكردنی ژیانی دیموكراسی و ئازادیخوازی گەلان لە عێراق و كاتێكیش لە نێوان كەمتر لە سێ ساڵ لە 1958 تا 1961 نییەتی درۆ و بە ناو ئازادیخوازیی كۆمارییەكان بە دیار كەوت لە نەهج و بەڵێن و لایەنی ئەخلاقی خۆیان لایاندا و بەرەو هزری دكتاتۆریەت و رەگەزپەرستی چوون، دیسان شۆڕشی كوردی بە رابەرایەتی بارزانیی نەمر بە دوژمنی گوت، ئەمە هێڵی سوورە و ئەوەبوو لە 11/9/1961 شۆڕشی ئەیلوول راگەیەندرا كە بەر لەم رۆژەش لێرەو لەوێ چەندین داستان تۆمار كرابوون لە بەرانبەر داگیركەران و شۆڤێنییەتی عەرەب كە ئەو كات حزبی شیوعی عێراقیش هاوكار بوون لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول، چونكە لە كوردستان دەژیان، كوردستان پەناگەیەكی ئارامیان بوو، وەك تاكە حزبی ئازادیخوازی ناوچەكە، پارتی دیموكرات و بارزانیی نەمر پەناگەیەكی حزبی شیوعی بوون، بەڵێ ئەم هێزە بە رابەرایەتی بارزانیی نەمر پەیتا پەیتا لە نێوان 1961تا1970 وەك ئومێدێك بۆ گەلی كورد لە باشوور پەلوپۆی خۆی داكوتاو و بۆ یەكەمجار لە مێژوودا تاكە شۆڕشی سەرتاسەری بوو، كە گشتگیر بوو لە زاخۆوە تا خانەقین و لە حەمرینەوە بۆ حاجی ئۆمەران، هەموو كوردی لە ژێر یەك چەتر كۆكردەوە، ئەمەش بووە هۆی ترس و دڵەڕاوكێیی دوژمنانی كورد لە بەشەكانی تریش لە كوردستان، لەبەر ئەوەی شۆڕشی ئەیلوول رووناكی و پرووشكی پەڕیەوە هەر سێ پارچەكەی تری كوردستان و بوو بە هۆی ئەوەی شۆڕشگێڕانی پارچەكانی تریش پەیوەندی پێوە بكەن چ وەك پێشمەرگەیەك لەو شۆڕشە، یان وەك پەناگەیەك بۆ پاراستن و بەردەوامی دان بە خەباتی خۆیان و پارچەكانی تری كوردستان وە ئەم كارە بەردەوام بوو تا كاتی ئێستامان وە هەر بۆ بە بیرهێنانەوە لە سەرەتای ساڵانی هەشتاكان لە ژیانی سەختی ئاوارەی پارتی و بارزانی بارەگا و دەرگای ماڵی خۆیان كردەوە بۆ pkk و لە ساڵی 1984 زۆربەی زۆری بارەگاكانی pkkیان لە ناو یان لە نزیك بارەگاكانی پارتی بوون و خۆیان حەشاردابوو، هەرچەند pkk دەرئەنجام و لە كۆتایی بێوەفابوون بەرانبەر بە پارتی و رێبازی بارزانی و بوون بە داردەستەی بێگانان دژ بە پارتی و كوردایەتی بە گشتی لە بەشی باشووری كوردستان. هەر بۆیە دوژمنانی كورد لەبەر ئەو هەڵوێستانەی پارتی و بارزانی لە بەرانبەر كوردایەتی و بەشەكانی تر لە پارچەكانی تری كوردستانیش وەك ئەو بەشەی عێراق دژ بە شۆڕشی ئەیلوول و رێبازی بارزانی هاتنە مەیدان، بە شێوازی جۆراوجۆر و بە ئاشكرا و بە نهێنی كوردییان ئازاردا و تا رادەیەكیش توانیان دەستبخەنە ناوماڵی كورد، بەتایبەتی لە لایەنی ئێرانەوە زۆر بە مەلعەنەت و ئیزدواجییەت كار لەگەڵ شۆڕشی كوردی كرا، چونكە دەیانزانی پارتی و بارزانی خاوەن قەزیەن و هێزیش لای بارزانییەوەیە، بەداخەوە لە رووی سەرەوە وا نیشاندەدرا كە هاوكار و بە ئاگای كوردن، كەچی لە ژێرەوە دەست خرایە ناوماڵی كورد و توانیان لە 1963 بە دواوە بەشێك لە كورد دژ بە شۆڕشی كورد بە كاربێنن، تا ساڵی 1970 زۆر زیانیان بە كورد گەیاند بە هەماهەنگی عێراق و ئێران و هەندێ كات عێراق و توركیاش لە رێگای ئەم بەشە خیانەتكارەوە دژ بە شۆڕش بە تەپڵ لێدان بە ناوی بنەماڵە و ناوچەگەریەتی لە ناو پارتی دەیان گرفتیان بۆ كورد و بۆ شۆڕشی ئەیلوول دروستكرد، بۆ خزمەتی ئەجێندای دەرەكی هاوبەشی (عێراق و ئێران و توركیا)، بەڵام لەبەر ئەوەی هێز لە لای بارزانی بوو، ئەم رێبازە رۆژ بە رۆژ بە هێزتر دەبوو، تا لە دوا قۆناغی لە 11 ئازاری 1970 سەرانی عێراقی هێنایە ژێر باری دانپێنان بە مافی كورد، ئەوەبوو هەر لەم ساڵەش خوالێخۆشبێت “مام جەلال” لە شاری هەولێر لە بارەگایەكی پارتی لە گەڕەكی تەیراوە هاتەوە ناو ریزەكانی شۆڕش و سەردانی بارەگای لقی دووی كرد كە ئەوكات لە لای حەدیقەی كورد و عەرەب بوو، هەروەك پێشمەرگەی خوالێخۆشبێت (مام كەریم مەحمود) دەیگوت: خۆم بیستم، من لەبەر دەرگا پاسەوان بووم، رۆژێكیان پاش راگەیاندنی رێككەوتنامەی 11ی ئازار، مام جەلال هات و سڵاوی كرد و گوتی: من هاتوومەوە وەرم دەگرنەوە؟ دەشڵێت: منیش گوتم قوربان بە خێربێیت، فەرموو بۆ ژوورەوە، من ناتوانم وەڵامت بدەمەوە و دەڵێت كە چووە ژوورەوە، بەرپرسی لق ئەو سەردەم ماموستا مەلا محەممەد بوو، بەخێرهاتنی كرد و پەیوەندی بە بارەگای بارزانیی نەمر كرد و ئەمریان كرد كە بە رێزەوە بیبەن بۆ بارەگای بارزانی، ئەوەبوو مامۆستا مەلا محەممەد لە گەلی چوو و بە یاوەری و بەڕێز و ئیحترامەوە بردیان و لە سەیارەیەك دایانا و دوو سەیارەش بوون بە حیامەیەی تا گەیاندیانە شوێنی مەبەست. گەر سەیر بكەین، تاكە بەڵگەنامەی مێژوویی بە هێز و گەورە لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان كە تێیدا دانراوە بە مافی بوون و خاوەنداریەتی وجود و ناسنامەی كوردی، هەمووی لەسەر دەستی ئەم هێزە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا دیسان لە نێوان 1970 بۆ 1974 بە هەموو شێوازێك وەك پێشووترپارتی محاربە كرا، بە كوشتنی كادیرەكانی و محاوەلەكردن بۆ كوشتنی سەركردەكانیشی، بە تیرۆر بە پیلانگێڕی دوژمنان، بۆ نموونە لە نێوان ئەم مێژووە كار كرا بۆ تیرۆركردنی بارزانیی نەمر، لە ناوچەی باڵەكایەتی، لە ساڵی 1971وە كاركرا بۆ تیرۆركردن و شەهیدكردنی ئیدریس بارزانی لە بەغدا و چەندین كادیری پارتی شەهیدكران، لە نێوان ئەم ماوەیە وەك شەهید محەممەد حاجی لەناو جەرگەی شاری هەولێر و دەیانی تر هەروەها لەم ماوەیە رژێمی بەعس دوو هەنگاوی گەورەی هاوێشت، یەكەم نەوتی خۆماڵی كرد لە 1972 و هەنگاوی دووەم، توانی ژێربەژێر حزبی شیوعی عێراقی بنكۆڵ بكات و كۆمەڵێك كادیریان بكڕێت و یان ژێربەژێری بۆ بەرژەوەندی خۆیان رابكێشێت و بەكار بێنێت، ئەویش بە ناوی ئیتفاقییەی جەبهەی تەقدومی لە ساڵی 1973 لە نێوان حزبی شیوعی و حزبی بەعس، كە هەردوولا بەرەیەكی یەكگرتوویان بەناو پێكهێنا كە هەڵەیەكی مێژوویی بوو، حزبی شیوعی كردی و رێككەوتنامەی لەگەڵ حزبی بەعس واژوو كرد و حزبی بەعس شیوعییەكانی بەكارهێنا تا نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، لە ئازاری 1975 و لە دوای بەربووە گیانی شیوعییەكان، ئەوەی كوشتی و ئەوەی گرتی، ئەوەی بوو بە بەعسی، ئەوەی تر رایكرد و چووە شاخ و جارێكیتر سەرلەنوێ كەوتنەو بەرەی دژ بە بەعس و هاتنە ناو ریزی نیشتمانی، هەروەك گوتمان حكوومەتی بەعس مەغرور بوو، بە هێزبوو، لە هەموو بەندەكانی رێككەتنامەكە پاشگەزبووەوە، بەڵام چونكە هێز لە لای بارزانی بوو، لە 1974 بەرەنگاری ئەم زوڵم و ستەمە بووەوە، دووبارە شۆڕش هەڵگیرسایەوە لە ساڵی 1975 گەیشتە ئەو رادەیەی رژێمی عێراقی بڕووخێت و لەناو بچێت، ئەوەبوو لە ترسان پەنای بردە بەر رێككەتنامەی جەزائیری خیانەتكاری نێوان عێراق و ئێران و جەزائیر، شۆڕشی ئەیلوول بە پیلانی ناحەزان تووشی نسكۆ بوو، بەڵام هێز هەر لای بارزانی مایەوە و پاش نسكۆش رژێم دەیزانی ئەم شۆڕشە لە بن نایەت، بۆیە زۆر محاوەلەی لەگەڵ بارزانیی نەمر كرد، لە لایەن سەرۆككۆماری ئەوكات (ئەحمەد حەسەن بەكر) راستەوخۆ داوا لە جەنابی بارزانیی نەمر كرا، بگەڕێتەوە ناوچەی بارزان و رژێم ئامادەیە هەموو شتێكی بۆ بكات و بارزانیی نەمریش وەڵامی داوە و گوتی: با واز لە من بێنن، من گرفتم نییە، گەر نییەتیان پاكە، با عەفوێك بۆ خەڵك دەربكەن، خەڵك بگەڕێتەوە سەر شوێن و جێگای خۆی، من لە هەر كوێ بم، كێشەم نییە. بەڵێ رژێم و هێزە دەرەكییەكانیش هەموو كات زانیویانە هێز لای بارزانییە تا ئەو رادەیەی هەموو حزبەكانی خۆشمان كە دەیان ساڵە باسی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی دەكەن، نە عێراق و نە وڵاتانی تری هاوسنوورمان گرفتیان نەبووە لەگەڵیان، بەڵام كاتێك پارتی و بارزانی لە 2017 سەربەخۆیی كوردستانیان كردە دروشم و ئەجێندای كاری خەبات، دەبینین هەرسێ وڵاتی دژ بە یەك و مێژوو خوێناوی بە گیانی یەكتر بوون یەك دەست و یەك دڵ و هەر سێ بە یەكەوە دوژمنداری خۆیان راگەیاند بەرانبەر بە كورد، لە كاتێكدا دوژمنی بابە كوشتەی یەكبوون، كەچی بەرانبەر بە كورد بوون بە برا، ئەمەش واقیعێكە دەزانن پارتی و بارزانی قسە ناكەن، كە كردیان كرداریش دەكەن و هەموویان باش دەزانن هێز لای بارزانییە، گەر سەیر بكەین ئەم حزبە نەیارانەی پارتیش لە ناوخۆ بەشەكانی تریش لە كاتی لێقەومان و تەنگانە زۆرجار دانیان بە راستییەكان داناوە، شەرمی شەرمەزاریان شكاندووە، كە چەندین ساڵ دژایەتی پارتیان كردووە، بەڵام زۆركات رووبەڕووی راستی بوونەتەوە، بۆ نموونە نەوشیروان مستەفا بەر لە كۆچی دوایی، بە ساڵێك گوتی: قەزیەی كورد لە دەستێكی ئەمیندایە، كە مەبەستی سەرۆك بارزانی بوو. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەندیخانەوە گوتی: سەرۆك مەسعود بارزانی شایستەی بوون بە سەرۆكی نەتەوەیی كوردە. لە 14/8/2018 لە كەناڵی كوردستان24؟ موراد قەرەیلان سەركردەی pkk دەڵێت: سەرۆك بارزانی دەتوانێت بۆ یەكگرتنەوەی كورد كار بكات. لە چاوپێكەوتنێكی (ئیفتخار قەمبەر) سیاسەتمەدارێكی عێراقی و سەرۆكی دەستەی موستەقبەل لە 2/11/2018 لە كەناڵی كوردستان24? گوتی: شەڕی ئۆكتۆبەری 2017 شەڕی عێراق و كورد نەبوو، بەڵكو شەڕی هەولێر و تاران بوو، ئەمانەی دەگوترێن و گوتراون، هەمووی دانپێنان و دەلالەتن لەوەی هێز لای بارزانییە و لە لای پارتییە، ئەم راستییەش هەر لە سندوقی دەنگدان دەرناكەوێت، بەڵكو چ كاتێك پارتی پەراوێز خرا و یان ئەو شوێنەی هزری پارتی و بارزانی تێدا قەدەغە دەكرێت، ئەم شوێنە زیاتر هێز و ئاماژەكان بۆ لای پارتی دەچن، بەڵێ هێز لە ناخ و قوڵایی دەروونە لە دەستی پارتی و بارزانییە، بۆیە هەردەم تەوژمی رق و كینەی دوژمنانیش روو لە پارتییە، چونكە تاكە هێزی خاوەن قەزیە پارتییە، دەنگی سندوق و دانپیانانی ناحەزانیش تەوژمی گەورەی قینی دوژمنان حاشاهەڵنەگری راستییە، بەڵێ سندوق دەڵێ هێز لای پارتییە، نەفام لە تەنگانە دەڵێت مەرجەعمان بارزانییە، دوژمنان لەنێو خۆیان دەڵێن گرفت و كۆسپ لەبەردەمانم پارتییە، چونكە هێز لای بارزانییە.
❊ ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێری (پ. د. ك).










