له‌ پارێزگای دهۆك، ئافره‌تێك دوای تووشبوونی به‌ نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوون گیانی له‌ده‌ست دا، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌و نه‌خۆشییه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، دوای بوونی دوو حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای دهۆک و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بەداخەوە حاڵەتێکیان دوای دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی پشکنینەکان وەکو دووەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، دووەم حاڵەت بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا ئەویش هاوڵاتیەکی (شیلادزێ)یە لە قەزای ئامێدی و تەمەنی ٤٥ ساڵە و ئافرەتی ماڵە و خاوەن و بەرکەوتەی ئاژەڵن. دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری دهۆک بەهۆی بوونی نیشانەکانی خوێنبەربوون و چەندین ڕێکاری چارەسەری پزیشکی، بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی، بەداخەوە وەکوو یەکەمین حاڵەتی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەست دا.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی داوا لە هاوڵاتیان دەکات ده‌ڵێ: “لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە کاتی هەبوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگادار بکەنەوە، یان هاووڵاتیانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لە کاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.”