لە ڕوونكردنەوەیەكدا، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە بازرگانییەكانی سەربە وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت، بەهیچ شێوەیەك لە لیستی مووچەی مانگی چواردا، داوای دوو مووچە بۆ فەرمانبەرانی بانكە بازرگانییەكان نەكراوە، لە كاتێكدا، ئەوەش بەپێی یاسا ڕێك خراوە، كە ساڵانە فەرمانبەرانی بانكەكان 15 مووچە وەردەگرن.
سێشەممە 29ی 4ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە بازرگانییەكانی سەربە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، “لە چەند پەیج و میدیایەک هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە ئاماژەیان بەوە کردووە وەزارەتی دارایی عێراق چەند تێبینییەکی لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەبووە، یەکێک لە تێبینییەکان لەسەر مووچەی بانکە حکوومییەکان بووە بۆ مانگی نیسان، کە گوایە داوای دوو مووچە بۆ بانکەکان کراوە و لەناو لیستەکاندا ناوی دوو بانک لە بیر کراوە و دواتر چارەسەر کراوە.”
لەسەر ئەو بابەتە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە بازرگانییەكانی سەربە وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت، “بە پێویستمان زانی بۆ هەموو لایەکی ڕوون بکەینەوە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ مانگی نیسان هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو تەنها داوای یەک مووچە بۆ فەرمانبەرانی بانکەکان کراوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە لیستی مووچەکانیاندا نەکراوە.”
وەك تێبینی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، “هەرچەندە داواکردنی دوو مووچە بەپێی یاسا بۆ فەرمانبەری بانکەکان بۆ مانگەکانی نیسان و ئاب و کانوونی یەکەم ئاساییە و ساڵانە هەر فەرمانبەرێکی بانک لە عێراق و هەرێمی کوردستان پانزە مووچە وەردەگرن کە سێ مووچەیان زێدەکییە.”









