سوپای ئەمریکا بەندەری ڕەئس عیسای لە شاری حەدیدە لەسەر دەریای سوور وێران کرد و دەڵێ: ئامانج تێکدانی توانای ئابووریی حوسییەکانە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئێوارەی پێنجشەممە ڕایگەیاندووە “حوسییەکان بەردەوام بوون لە سوودوەرگرتن لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە لەو بەندەر و وڵات و کۆمپانیایانە کە پاڵپشتیی ماددی پێشکەش بە ڕێکخراوی بیانی دەکەن کە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کراون”.
دەشڵێ: بەندەری ڕەئس عیسا لە ڕۆژئاوای یەمەنی کە لە ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە، وێران کردووە.
ئەوەش هاتووە: هێزەکانی ئەمریکا هەنگاویان ناوە بۆ نەهێشتنی سەرچاوەی سووتەمەنی بۆ تیرۆریستانی حووسی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، و زیاتر لە 10 ساڵە هەوڵ بۆ پشتیوانی لە تیرۆری ناوچەكە دەدەن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا حووسییەکانی سەر بە ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە سووتەمەنی بۆ پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان وەک چەکێکی کۆنترۆڵکردن و قازانجکردنی ئابووری لە خراپبەکارهێنانی داهاتی هاوردەکردنی یەمەن بەکار دەهێنن.