پۆلیسی هەولێر چەندان كەسی بە تۆمەتی تەقەكردن، هەڕەشەكردن، هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر و..هتد دەستگیر كرد.

ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی 4ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند: “بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، لە چەند هەڵمەتێکی جیاوازدا چەند تۆمەتبارێکی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جیاواز دەستگیر کرد، وەک تەقەکردن، هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، هەڕەشەکردن، بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و چەندین تاوانی دیکە، کە تۆمەتباری یەکەم بە هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران دەستگیر کرا.”

جەختی لەوەش كردەوە، كە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بەردەوامە لە هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتباران و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی.

ئەوەشی خستە ڕوو، كە “هەر کەسێک یاساشکێنی بکات و تاوان ئەنجام بدات، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێ و بەپێی یاسای سزادان دەستگیر دەکرێت و ڕادەستی دادگە دەکرێت.”