كاروان محەمەد سینۆ

“ڕۆژنامەی(خەبات) لە تێكڕای وێستگەكانی كاریدا لە پابەندبوونی بە بەها نەتەوەیی و نیشتمانی و گەیاندنی پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیدا دەنگێکی سەرکەوتوو و ڕەسەنی گەلەكەمان بووە”.
مسعود بارزانی
4ی نیسانی 2025

هەروەك چۆن دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان (1946) وەرچەرخان و پێشڤەچوونێكی هەرەمەزن و مێژوویی بوو كە ڕوویدا لە نێو بزاڤی ڕزگاریخوازیی كورددا، هەڵبەت لەدایكبوونی ڕۆژنامەیەكی سیاسیی ڕۆژانەی زمانحاڵیش؛ یەكێك بوو لە بەرهەمەكانی دامەزراندنی پارتی (پارتی دیموكراتی كوردستان)، ئەمەش پێشڤەچوونێكی مەزن و نەوعی بووە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا. ڕۆژنامەی (خەبات) وەك ڕۆژنامەی ڕۆژانەی سیاسی كە 66 ساڵە وەكوو سەكۆی نیشتمانپەروەران و مینبەرێكی ڕاستگۆ و متمانەپێكراو؛ بەردەوامە لە دەرچوون و خەبات و شۆڕش لە پێناوی مافە ڕەواكانی سەرجەم خەڵكی كوردستان.

كاروان محەمەد سینۆ

ئەمڕۆ لە 66ـەمین ساڵیادی لەدایكبوونی ڕۆژنامەكەمان ڕۆژنامەی (خەبات)، سەری ڕێز و نوازش دادەنەوێنین بۆ هەموو كادیر و كارمەند و نووسەر و هەڵەچن و پەیامنێر و هونەركار و نەخشەساز و فۆتۆگرافەر و كاریكاتێریست و کارمەندانی چاپخانە و فرۆشیارانی ڕۆژنامەكەمان، بەتایبەت لەوانەی ماڵاوایی و كۆچی دواییان کردووە و شەهید و شوێنبزر بوونە، هەروەها ئەوانەی ئێستا لە مەیدانی خەباتدا خزمەتی (خەبات) و خوێنەرانی (خەبات) دەكەن.

دامەزراندنی پارتی و دیاریكردنی زمانحاڵ

كاتێك دەمانەوێ باس لە مێژوو و سەرەتای لەدایكبوونی ڕۆژنامە ئازیزەكەمان (خەبات)بكەین، پێویست دەكات زۆر بەکورتی باس لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن، كە ڕۆژنامەی (خەبات) زمانحاڵی ئەو پارتە ڕەسەن و دێرین و تێکۆشەرەیە.
ساڵی 1945 كاتێك جەنابی مستەفا بارزانی و بارزانییەكان چووبوونە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەشدار و هەماهەنگ بوون لە ڕاگەیاندن و بەرگریکردن لە كۆماری كوردستان(22ی كانوونی دووەم 1946) لە مەهاباد و دوابەدوای دیراسەكردنی باردۆخی سیاسی و عەسكەری تەواوی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەڤەرەكە بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی، جەنابی مستەفا بارزانی گەیشتە ئەو باوەڕەی كە پێویستە بزاڤی ڕزگاریخوازیی كورد لە چوارچێوەی خێڵ و هۆز و عەشیرەت و ناوچە و دەڤەربەندی دەربچێت و هاوشێوەی میللەتانی شۆڕشگێڕ و ئازایخوازانی جیهان، بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردیش بخرێتە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی شۆڕشگێریی سەردەمیانەی ڕێکخراو لەسەرانسەری كوردستانی گەورەدا. بۆیە جەنابی مستەفا بارزانی دڵنیابوو كە پێویستە حزبێكی سیاسی بە پەیڕەو و پرۆگرامێكی دیموكراتیخواز هەبێ كە تەواوی چین و توێژ و ڕۆشنبیرانی كورد لە خۆی كۆبكاتەوە و ڕابەرایەتیی میللەتی كورد بكات بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی. ئەو حزبەش پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كە گوشاری هزری جەنابی مستەفا بارزانی بوو، وەكوو حزبێكی سیاسیی ڕێكخراو و شۆڕشگێری هاوچەرخ و پێویست لەو قۆناغەدا.
بەرلەوەی مستەفا بارزانی و هەڤاڵە چەكدارەکانی و ژن و منداڵی بارزانییەكان بچنە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە 15ی كانوونی دووەمی 1945 مستەفا بارزانی ڕێكخراوێكی سیاسیی عەسكەریی چەكداری پێكهێنابوو بە ناوی (لیژنەی ئازادی)، كە جەنابی بارزانی سەرۆكی ئەم ڕێكخراوە بوو و هەریەكە لە چوار ئەفسەرەکە (عیزەت عەبدولعەزیز و مستەفا خۆشناو و خەیروڵڵا عەبدولكەریم و محەمەد قودسی و میرحاج ئەحمەد) و چەند ئەفسەرێكی دیكەش ئەندامی لیژنەكە بوون. (لیژنەی ئازادی) بەسەرۆکایەتیی جەنابی مەلامستەفا پەیوەندییان هەبوو بە حزبی (هیوا) لە بەغدا و بڕیاربوو حزبی هیوا بارەگای خۆی لە بەغداوە بگوازێتە بارزان.
كاتێك بیرۆكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هزری مستەفا بارزانیدا گەڵاڵەبوو، هەروەها نەخشەڕێگای پەیڕەو و پڕۆگرام و هەیكەلی پارتی و سنووری چالاكیی پارتی لای مستەفا بارزانی بونیاد بوو. ئینجا لە كۆتایی مانگی شوباتی 1946 جەنابی مستەفا بارزانی لەگەڵ هەڤاڵانی (لیژنەی ئازادی) كۆبووەوە كە پێك هاتبوون لە هەریەكە لە (پارێزەر حەمزە عەبدوڵڵا و نەقیب میرحاج ئەحمەد و عەقیدی ڕوكن عیزەت عەبدولعەزیز و نەقیب مستەفا خۆشناو و نەقیب خەیروڵڵا عەبدولكەریم و ملازم محەمەد مەحموود قودسی و ملازم نوری ئەحمەد تەها). لەم كۆبوونەوەیەدا بەردی بناغەی (پارتی) دانرا و دواتر ناونرا بە (پارتی دیموكراتی كورد) و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیاری كرا و مستەفا بارزانی وەكوو سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرا. ئینجا بڕیار درا كە پارێزەر (حەمزە عەبدوڵڵا) بنێردرێتە عێراق (بەغدا) بۆ ئەوەی پەیوەندی بە سەركردەكانی حزب و ڕێكخراوە كوردییە سیاسییەكان بكات، وەكوو (حزبی شۆڕش و ڕزگاری و هتد، هەروەها حزبی (هیوا كە وەکوو باسمان کرد پێشووتریش جەنابی بارزانی پەیوەندی لەگەڵ حزبی هیوادا هەبووە)، هەروەها پارێزەر(هەمزە عەبدوڵڵا) لە لایەن مستەفا بارزانییەوە هەموو دەسەڵاتێكی پێدرابوو كە نوێنەرایەتیی بارزانی بكات، هەروەها جەنابی مستەفا بارزانی چەند ڕاسپاردەیەكی دیاریکراوی بە هەمزە عەبدوڵڵا دابوو كە بە حزبە سیاسییەکانی کوردستانی بگەیەنێت و ڕاسپاردەکان بریتی بوون لە:
1- شێخ لەتیف شێخ مەحموود وەكوو جێگری یەكەمی سەرۆك دیاری بكرێ.
2- كاكە محەمەد زیاد وەكوو جێگری دووەم دیاری بكرێ.
3- تاكوو ماوەیەكی پێویست گۆڕانكاری لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆی پارتی نەكرێ.
4- بۆماوەیەكی كاتی و تا بناغەی پارتی تەواو لە باشووری كوردستان جێگیر و خۆڕسك دەبێت، هێڕش نەكرێتە سەر بەرژەوەندییەكانی (بەریتانیا) بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە پارتی و كادیرەكانی نەكەونە بەر هەڕەشەی گرتن و ڕاوەدونان.
بەم شێوەیە لە كۆتایی بەهاری ساڵی 1946 هەمزە عەبدوڵڵا گەیشتە باشووری كوردستان و (بەغدا) و لەسەر ڕاسپاردەی مستەفا بارزانی پەیوەندی بە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد و لە ئەنجامدا هەریەكە لە سەركردایەتیی حزبی (شۆڕش و ڕزگاری) ڕەزامەندیی خۆیان نیشان دا بەوەی هەردوو حزبەكە لەنێو (پارتی)دا بتوێننەوە، بەڵام پاش ئەوەی هەریەكەیان كۆنگرەیەك ببەستێ و هەڤاڵانی خۆیان ئاگادار بكەنەوە.
لەدەسپێكی مانگی ئابی 1946 هەردوو حزبەکە (شۆڕش و ڕزگاری) كۆنگرەی خۆیان گرێدا و لە هەردوو كۆنگرەكەدا زۆرینەی هەرەزۆری بەشداربووان ڕەزامەندییان دەربڕی كە هەردوو حزبەكە (شۆڕش و ڕزگاری) لە نێو (پارتی)دا بتوێننەوە و پارتێكی پێشڕەو و شۆڕشگێر بە سەرۆكایەتیی مستەفا بارزانی دابمەزرێت.
بەم شێوەیە لە ڕژی 16ی ئابی 1946 لە شاری (بەغدا) گەڕەكی (ئەلئەعزەمییە) شەقامی (نەجیب) لە ماڵی (سەعید فەهیم حەوێزی) بە بەشداریی 70 ئەندام؛ یەكەم كۆنگرە(كۆنگرەی دامەزراندنی پارتی) ئەنجامدرا و ناونرا بە (پارتی دیموكراتی كورد) و جەنابی مەلا مستەفا بارزانی وەكوو سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرا و لەسەر بنەمای ئەو ڕاسپاردانەی کە جەنابی مەلامستەفا بارزانی ناردبووی، پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆی (پارتی) دیاری كرا و بڵاو كرایەوە.
هەڵبەت کاتێک حزبێكی وەكوو (پارتی) لەو هەلومەرجەدا لەدایك دەبێت، بێشك پێویستی بە سەكۆ و مینبەرێك دەبێت كە سیاسەت و ئایدیا و خواست و ئامانجەكانی خۆی لێیەوە بڵاو بكاتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی لە سەرەتادا پارتی بە نهێنی دامەزرا بوو، بۆیە هەر بە نهێنی ئەرك و چالاكییەكانی خۆی ئەنجام دەدا، هەڵبەت لەو كاتەدا كە جەنابی مەلامستەفا بارزانی لەگەڵ 500 هەڤاڵی پەنابەری سیاسی بوون لە یەكێتی سۆڤییەت (1946-1958)، بۆیە ئاماژە بە ڕاسپاردەکانی جەنابی بارزانی بڕگە(3) بۆ دامەزراندنی پارتی؛ بێجگە لە ڕاپەڕاندنی ئەرك و چالاكییە سیاسی و ڕێكخستنی هەیکەلی (پارتی) هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە نێو پارتی و پەیڕەو و پڕۆگرام و ئۆرگانەكانی پارتی ڕووینەدا بەدرێژایی ئەو كاتەی بارزانی لە یەكێتیی سۆڤییەت بوو، تا گەڕانەوەی بەڕێزیان لە یەکێتیی سۆڤییەت (6ـی10ـی1958)، بێجگە لەوەی لە كۆنگرەی سێیەم (1953 كەركووك)، بڕیاردرا كە ڕۆژنامەی زمانحاڵی پارتی لە ڕۆژنامەی (ڕزگاری)یەوە بگۆڕدرێت بۆ ڕۆژنامەی (خەبات). جێگای وەبیرهێنانەوەیە كە ڕۆژنامەی (ڕزگاری)ش بریتی بوو لە زمانحاڵی حزبی (ڕزگاری)، ئەو حزبەی كە لە ساڵی (1945) دامەزرابوو، بەڵام پاش پەیوەندیكردنی جەنابی مستەفا بارزانی بەم حزبە لە ڕێگای هەمزە عەبدوڵڵاوە (شوباتی 1946) بۆ پێكهێنانی (پارتی)، حزبی (ڕزگاری) خۆی تواندەوە و بەشداربوو لە پێكهێنانی (پارتی)، بەڵام ڕۆژنامەی (ڕزگاری) وەك زمانحاڵی (پارتی) مابوویەوە. ئینجا یەكێك لە بڕیارەكانی كۆنگرەی سێیەمی (پارتی) لە كەركووك، بریتی بوو لە گۆڕینی زمانحاڵی (پارتی) لە ڕۆژنامەی (ڕزگاری)یەوە بۆ ڕۆژنامەی (خەبات).
وەكو پێشتر گوتمان؛ سەرەتای دامەزراندن و خەبات و كار و چالاكییەكانی پارتی بە شێوەیەكی نهێنی بوو، بۆیە كاتێك كە زمانحاڵی پارتی گۆڕا بۆ ڕۆژنامەی (خەبات) و لەماوەی نێوان (1953 تا 1959) ڕۆژنامەی (خەبات) كە ئۆرگانی پارتی بوو، هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تا 14ی تەمووزی 1958 بەنهێنی كاریكردووە و بەنهێنی دوو ژمارەی لێ دەرچووە. بەڵام دەرچوونی دوو ژمارەی ڕۆژنامەیەكی سیاسیی كوردی زمانحاڵی حزبێك كە سەرەتای دامەزراندنی بووە، كار و ئەركێكی پیرۆز بووە و جەماوەر و لایەنگرێکی زۆر لە دەوری پارتیدا کۆببووەوە، ئەمەش هاندەرێک بوو بۆ پارتی کە زیاتر پەرە بەو ئۆرگانە (ڕۆژنامەی خەبات) بدات.

ڕۆژنامەی خەبات بە تەمەنترین ڕۆژنامەی سیاسیی ڕۆژانەیە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا کە تاکوو ئەمڕۆ هەر بەردەوامە

وەكوو لە سەرەوە باسمانكرد، ڕۆژنامەی (خەبات) لە ماوەی نێوان (1953 تاكوو 1959) دوو ژمارەی بە نهێنی دەرچوو. بەڵام پاش نەمانی ڕژێمی پاشایەتی لە عێراق (14ی تەمووزی 1958) و بونیادنانی ڕژێمی كۆماری لە عێراق بە سەركردایەتیی عەبدولكەریم قاسم و دروستبوون و دەركەوتنی حزب و لایەنی نوێ و كرانەوەی مەودای گۆڕەپانی سیاسی بەڕووی بیروبۆچوونی جیاواز و ئازادكردنی كاری سیاسی لە عێراقدا و گەڕانەوەی جەنابی مەلامستەفا بارزانی و هەڤاڵانی لە یەكێتیی سۆڤییەتەوە بۆ وڵات (6ی10ی1958). پارتی وەكوو حزبێكی كوردستانی بە ئاشكرا دەستی كرد بە كار و چالاكییە سیاسی و نەتەوەییەکانی خۆی. لەم هەلومەرجەدا پارتی پێویستی بەوەبوو كە زمانحاڵەكەی (ڕۆژنامەی خەبات) بە ئاشكرا دەربچێت و زیاتر پەرەی پێبدرێت و چالاکتر بڵاو بكرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە لە 23ی10ی1958 واتا دوو هەفتە پاش گەڕانەی جەنابی مەلامستەفا بارزانی لە یەکێتیی سۆڤییەتەوە بۆ عێراق، (پارتی) داواكارییەكی فەرمی پێشكەش بە وەزارەتی (ئیرشاد)ی عێراق كرد بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی بە ئاشكرا دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات) وەك زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان. لەم ڕووەوە ڕۆژی 11ی1ی1959 وەزارەتی (ئیرشاد)ی عێراق ڕەزامەندیی خۆی دەربڕی بۆ دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات) وەك زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی ئاشكرا. شایانی باسە بەم شێوەیە تێبینی ئەوە دەكەین كە ڕۆژنامەی (خەبات) وەكوو زمانحاڵی پارتی بەر لە خودی پارتی مۆڵەتی بەفەرمی دەرچوونی وەرگرتووە، بۆ زانین پارتی لە9ـی2ـی1960 مۆڵەتی فەرمی بە ئاشکرا کارکردنی وەرگرتووە. شایانی باسە سەرەڕای ئەوەی ڕۆژنامەی (خەبات) پێش خودی پارتی مۆڵەتی فەرمی هەبووە وەكوو زمانحاڵی پارتی، بەڵام ڕۆژی10ی2ی1960 لە ژمارە 167ی خۆیدا؛ ڕۆژنامەی خەبات خۆی وەك ڕۆژنامەیەكی ڕۆژانەی سیاسیی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند. بەم شێوەیە (ڕۆژنامەكەمان) ڕۆژنامەی (خەبات) بەتەمەنترین ڕۆژنامەی ڕۆژانەیە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا كە تاكوو ئێستا بەردەوامە لە دەرچوون (خوا تەمەنی خۆی و كارمەندانی درێژ بكات).

دەسپێكی خەباتی نهێنی و ئاشكرا

“یادكردنەوەی خەبات بەتەنیا یادكردنەوەی ڕۆژنامەیەك نییە، یادكردنەوەی خەباتی نەتەوەیەكە”
(سەرۆك بارزانی)
4ـی4ـی2009

بێگومان لەدایكبوونی ڕۆژنامەی (خەبات) لە بەغدا و لەو هەلومەرجەی باسمانكرد؛ ئەگەرچی ئەركێكی زەحمەت و ئەستەم بووە، بەڵام بوون و بڵاوبوونەوەی (خەبات) بە شێوەیەكی نهێنی لەو بارودۆخەدا، هەنگاوێكی بوێرانە و سەركێشییەكی چاونەترسانەی خودی پارتی و كادیرانی پارتی بووە لەو كاتەدا، هەروەها فاكتەرێكی باش بووە بۆ دروستبوونی سەنگ و ناوبانگ و دەنگۆیەکی بەهێز لەناو جەرگەی دوژمن و داگیركەر، كە دواتر لەكاتی دەرچوونی (ڕۆژنامەی خەبات) بە ئاشكرا ئەو سەنگ و ناوبانگە بووە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ دەركەوتنی (خەبات) وەك ئۆرگانێكی بەرنیاس (ناسراوی پێشوەختە) و بەناوبانگ و جێگای متمانە و باوەڕی گشت خەڵكی عێراق و بەتایبەت خەڵكی كوردستان.
هەروەك لە سەرەوە باسمانكرد، پاش ئەوەی ڕۆژی 11ی1ی1959 وەزارەتی (ئیرشاد)ی عێراق ڕەزامەندیی خۆی دەربڕی بۆ دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات) وەك زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی ئاشكرا، بەڵام لەو كاتەدا (پارتی) وەكوو حزب مۆڵەتی فەرمی كاركردنی ئاشكرای نەبووە، بۆیە نەدەكرا لەڕووی یاساییەوە پارتی خاوەندارییەتی ڕۆژنامەی(خەبات) بكات، لەبەر ئەمە بوو کە ئەو مۆڵەتەی پارتی لە ڕۆژی 11ی1ی1959 پێشكەش بە وەزارتی (ئیرشاد)ی عێراقی كردبوو بۆ خاوەندارییەتیكردنی ڕۆژنامەی (خەبات)، پارێزەر (ئیبراهیم ئەحمەد) كە ئەوكات سكرتێری پارتیش بوو، مۆڵەتەكەی بە ناوی خۆی ڕایی كرد و ڕۆژنامەكە لە 4ی4ی1959 ژمارەی یەكەمی بە شێوەیەكی ئاشكرا و فەرمی دەرچوو. ئەمەش بە قوناغی دەرچوونی ئاشكرای ڕۆژنامەی (خەبات) هەژمار دەكرێت.

كاروان و قۆناغەكانی خەباتی خەبات

ڕۆژنامەی (خەبات) وەك ئۆرگان و دەزگایەكی نیشتمانپەروەر پەیوەست و هاوئاراستەی خەبات و شۆڕشگێڕی و بەرخودانی نەپساوەی خودی (پارتی) ئەم ڕۆژنامە شۆڕشگێرەش هاوشێوەی (پارتی) لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی پارتیدا، بەردەوام بووە لە خەبات و تێکۆشان. بۆیە هەركاتێك (پارتی) لەشاردا خەباتی كردبێت؛ ڕۆژنامەی (خەبات)یش لە شاردا شۆڕشگێڕ و دەنگی نیشتمانپەروەران و سەكۆی پێشمەرگە و كادیر و جەماوەری ئازادیخوازیی پارتی بووە. هەركاتێكیش پارتی وەكوو پێشڕەوی خەڵكی كوردستان لەنێو شاخ و هەرد و زنارەكان دژی داگیركەر و دوژمنان وەستابێت، ڕۆژنامەی (خەبات)یش شۆڕشگێڕ و دەنگ و چەكی پێشمەرگە و كادیر و جەماوەری كوردستان بووە.
ڕۆژنامەی(خەبات) لە ساڵی 1956 تا 1957 دوو ژمارەی بە نهێنی دەرچووە. دواتر لە 4ی4ی1959 یەكەم ژمارەی ڕۆژانەی بە ئاشكرا و بە زمانی كوردی لە بەغدا دەرچووە. تاكوو 2ی12ی1959 ڕۆژنامەی(خەبات) 111ژمارەی بەكوردی لە بەغدا دەرچوو.
پاشان بە هەمان زنجیرەی ژمارەیی ڕۆژنامەی(خەبات) بە زمانی عەرەبی بەردەوام بووە لەدەرچوون. دواتر بارودۆخی سیاسیی لەنێوان عێراق و (پارتی) تێكچوو و جەنابی مستەفا بارزانی گەڕایەوە كوردستان و ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆخەكە ئاڵۆز دەبوو و لە بەغداش گوشار و ڕێگری زۆر لە ڕۆژنامەی (خەبات) و كادیر و بارەگا و چاپخانەی پارتی دەكرا.
لە 11ی ئەیلوولی 1961 شۆڕشی مەزنی كورد بە ڕابەرایەتیی مستەفا بارزانی هەڵگیرسا، ڕۆژنامەی (خەبات)یش وەكوو ئۆرگان و زمانحاڵی پارتی بەشداربوو لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و نووسینەكانی وەكوو گوللـەی پێشمەرگە كاریگەری لە جەرگی دوژمن و داگیركەران هەبوو. هەروەها بەهەمان شێوە لە شۆڕشی گوڵانیشدا ڕۆژنامەی(خەبات) بەهەمان گوڕوتین بەردەوام بوو لە خەبات و شۆڕشگێڕی.
دوابەدوای سەركەوتنی شۆڕش و بەرپابوونی ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991، ڕۆژنامەی (خەبات) ڕووی كردەوە ناوشارە ئازادكراوەكانی كوردستان و دەستی كردەوە بە خەباتی ئاشكرا لەناو جەرگە و باوەشی ڕۆڵە بەشەرەفەكانی كوردستان و وەكوو ئۆرگانێكی گرنگ و چالاكی پارتی تا ئێستا (66ساڵە) ڕۆژنامەی(خەبات) بەردەوامە لە خەبات و بەرخودان.

66ساڵەی تەمەنی پڕشکۆی(خەبات) پیرۆزە

ئەمڕۆ كە ئێمە یادی 66ـەمین ساڵەی لەدایکبوونی ڕۆژنامەی (خەبات) دەكەین، وەكوو جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی فەرموویەتی: “یادكردنەوەی خەبات بەتەنیا یادكردنەوەی ڕۆژنامەیەك نییە، یادكردنەوەی خەباتی نەتەوەیەكە”.
بۆیە جێگای شانازیمانە وەكوو كارمەندانی ڕۆژنامەی(خەبات) كاتێك لە 63یەمین ساڵەی یادەوەری ڕۆژنامەكەمان (خەبات) لە 4ی4ی2022 جەنابی سەرۆك بارزانی بەم شێوەیە دەربارەی ڕۆژنامەی(خەبات) دەنووسێت: “لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا، ڕۆژنامەی(خەبات) هەردەم مینبەرێكی ڕەسەنی گەیاندنی پەیامی ڕاستەقینە و ئاشتیخوازیی گەلەكەمان بووە و تا ئێستایش ئەم ڕۆژنامەیە لە بەرگریكردن لە دەستكەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییە‌كاندا ڕۆڵێكی پێشەنگانەی هەیە و پیشەییانە پابەندی یاسا و ئاكاری ڕۆژنامەنووسی بووە.”
لە یادی 64ـەمین ساڵەی ڕۆژنامەی(خەبات) جەنابی سەرۆك بەم گوتە بەرز و بەنرخانە ساڵیادی ڕۆژنامەی(خەبات) دەكاتەوە و لە پەیامێكدا دەنووسێت: “ڕۆژنامەی(خەبات) لە قۆناغە جیاجیاكاندا بەردەوام بەوپەڕی پیشەییبوون و بە گیانێكی نیشتمانپەروەرانەوە داكۆكی لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان كردووە و لە پابەندبوونی بە بەها نەتەوەیی و نیشتمانی و گەیاندنی پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیدا دەنگی بەهێز و ڕەسەنی گەلەكەمان بووە.”
هەروەها جێگای شانازیمانە كە لە 61ـەمین ساڵیادی بە ئاشكرا دەرچوونی ڕۆژنامەكەمان ڕۆژنامەی (خەبات)، جەنابی سەرۆك بارزانی (جەخت دەكاتەوە) كە (یادكردنەوەی ساڵڕۆژی دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات یادكردنەوەی خەباتی نەتەوەیەكە)، كاتێك بەڕێزیان لەم یادەدا بۆ ڕۆژنامەی(خەبات) دەنووسێت و دەفەرموێ: “ڕۆژنامەی خەبات و بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلەكەمان پێكەوە گرێ دراون و لەم بۆنەیەدا جارێكی دی جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە كە یادكردنەوەی ساڵڕۆژی دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات، یادكردنەوەی خەباتی نەتەوەیەكە، یادكرنەوەی ڕۆژانێكی سەخت و تاڵ و ناخۆش و ڕۆژانێكی پڕ لە سەروەرییە. ڕۆژنامەی(خەبات)، ئەو شانازییەی هەیە كە وێڕای ڕاپەڕاندنی ئەركی خۆی لە بواری ڕاگەیاندن و برەودان بە ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی خوێنەران، بەردەوام بەرگری لە مافەكانی گەلەكەمان كردووە و مینبەرێك بووە بۆ زیاتر چەسپاندنی پەیامی پێكەوەژیان و لێبوردەیی.”
بۆیە ڕەوایە؛ کە ئێمە وەكوو كارمەندانی ڕۆژنامەی(خەبات) شانازی بەو نرخاندنەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بكەین بەرانبەر ڕۆژنامەكەمان، ئەم گوتە بەنرخانەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی، بێشك میدالیای شەرەف و كەرامەت و شانازییە بە سینگی ئێمەی كارمەندانی ڕۆژنامەی(خەبات) و هەردەم سەرمان پێی بەرزە.
لێرەوە و لەم یادە پیرۆزەدا، پێشەکی پیرۆزبایی 66ـەمین ساڵەی ڕۆژنامەی خەبات ئاراستە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەین و پەیمان بۆ جەنابیان دووپات دەكەینەوە كە ئێمەی كارمەندانی ڕۆژنامەی(خەبات) تاكوو دواهەناسە و دوا دڵۆپی خوێن ڕێبواری بەوەفا و نیشتمانپەروەری ڕێبازی بارزانیی نەمر بین و پێشمەرگەی سەنگەری جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بین.

سەرچاوەكان:
1- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، بەرگی یەكەم.
2- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، بەرگی سێیەم.
3- دڵشاد مستەفا وەسانی، خەبات بەردەوامە 1959-2019.