وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) ڕایگەیاندووە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كەشتیهەڵگرێكی دیكە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت.
كەناڵی (سكاینیوز)ی لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، شۆن بارنێل ـەوە بڵاوی كردووەتەوە، “کەشتی فڕۆکەهەڵگریی (کارل ڤینسۆن) دەچێتە ڕیزی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (هاری ئێس ترومان)ـەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە پێشخستنی سەقامگیریی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە شەڕانگێزی و پاراستنی ئازادیی جموجۆڵی بازرگانی لە ناوچەکەدا.”
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەزیر پیت هێگسێس، فەرمانی بڵاوەپێکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی دەر کردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بەرپرسانی ئەمەریکا کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ڕایانگەیاندووە، لانیکەم چوار فڕۆکەی بۆمبیی (بی 2) گواستراونەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا و بەریتانیا لە دوورگەی دیێگۆ گارسیای زەریای هیندی.