بۆ بوومەلەرزەكەی میانمار و تایلەند، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی هاوخەمیی ئاڕاستەی كەسوكاری قوربانییان كرد و ڕایگەیاند، “سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەم و هیوای زووچاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم.”

ئەمڕۆ هەیینی 28ی 3ی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) لەبارەی بوومەلەرزەکەی میانمار و تایلەند، پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: “زۆر دڵتەنگ و نیگەرانم بە ڕوودانی ئەو بوومەلەرزەیەی، کە میانمار و تایلەندی گرتەوە و ژمارەیەک قوربانیی لێ کەوتەوە.”

هەروەها، مەسرور بارزانی، نووسیویەتی: “سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەم و هیوای زووچاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم.”

سەرۆكی حكوومەت لە پەیامەكەیدا، هیوای ڕزگاربوونی بۆ ئەو کەسانە خواست کە تا ئێستا لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون.