لە چوارچێوەی سەردانەکەى بۆ پاریس و بەمەبەستی بەشداریکردنى لە ڕێورەسمى ئاهەنگى نەورۆز، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.3.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانى شارەوانی گەورەی پاریسی کرد و لەگەڵ ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس کۆبووەوە.

 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، فەرەنسا بەچاوی ڕێزەوە لە پێشمەرگە دەڕوانێت و لەم چوارچێوەیەشدا بڕیار دراوە، پارک و شەقامێک لە پاریس بەناوی پێشمەرگە بکرێت و لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەئامادەبوونی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی فەرەنسا، لەڕێوڕەسمێکی شایستەدا ئەو پارک و شەقامە بکرێتەوە.

لەبەشێکی کۆبوونەوەکە، پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵاتی هەولێر باسکرا، پارێزگاری هەولێر بە سەرۆکی شارەوانیی پاریسی ڕاگەیاند، کار بۆ دابینکردنی خانوویەک لەنێو قەڵا دەکەین کە وەکو ماڵی پاریس بناسێندرێت.

هاوکات گفتۆگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکانی فرانکۆفۆنی کرا کە لە مانگی چواری ئەمساڵ لە ڤێتنام بەڕێوەدەچێت، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، ئامادەیی هەولێر و هەرێمی کوردستانی نیشاندا کە کۆبوونەوەی فڕانکۆفۆنی بۆ ساڵی داهاتوو واتە بۆ ساڵی 2026، لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەبچێت.