وەزارەتی دارایی و ئابووری، گەیشتنی پارەی مووچەی مانگی ئاداری ڕاگەیاند و سبەی دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێ، ئەوانەی بەشداریی پڕۆژەی (هەژماری من)ـن، ڕاستەوخۆ مووچە وەردەگرن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 26/3/2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: تەمویلی مووچەی مانگی ئادار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە: کەمێک لەمەوبەر بڕی ( ٩٥٤،٨٨٠،٤٦٧،٧٧٩ ) نۆ سەدو پەنجاو چوار ملیار و هەشتسەد و هەشتا ملیۆن و چوار سەدو شەست و حەوت هەزارو حەوت سەدو حەفتاو نۆ دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ئاشكراشی كردووە: سبەی پێنجشەممە ٢٧ ی ئاداری ٢٠٢٥ دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار دەکرێت.

لە دوو تێبینیدا، دووپات كراوەتەوە:

١-ئەو مووچەخۆرانەی لە ڕێی پرۆژەی (هەژماری من)ـەوە مووچە وەردەگرن ڕاستەوخۆ پارە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و لە ڕێگەی کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێنەوە.

٢- ئەو مووچە خۆرانەی بەشێوەی کاش مووچە وەردەگرن، دوای گواستنەوەی پارە بۆ بانکەکان لە کەمترین ماوەدا، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت.