ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە باڵوێز، کونسوڵی گشتیی، دیپلۆمات و نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ بەڕێوە چوو.

لەمیانی کەرنەڤاڵەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: “نەورۆزی ئێوە هەموان پیرۆز بێت، ئەمساڵ بە تایبەت، ساڵێكی گەلێك تایبەتترە بۆ ئێمە، چونكە پێشمەرگە و پارێزەری كوردستان، سەروەر و ڕێبەری ئێمە، جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵمانە.”

گوتیشی: “نەورۆز بیرهێنانەوەیە كە ستەم و زوڵم و بێدادی بەردەوام نابێت، ئەو نەتەوە و میللەتانەی داخوازیی ئازادی دەكەن، رۆژێك هەر دەگەنە ئەو ئازادییە.”

ئەوەشی خستە روو: “هیوای من ئەوەیە كە ئەم رۆژە ببێتە دەستپێكی ئاشتی و پێكەوەژیان و بەختەوەری بۆ هەموو میللەتانی جیهان، بە تایبەتی بۆ میللەتی ئێمە و خەڵكی ئێمە لەم دەڤەرە.”

دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکوومەت:

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
مێوانانی هێژا و بەڕێز، ئێوە هەمووتان بەخێربێن سەرچاوان
هیوادارم خوا ڕۆژوو و نوێژ و تاعەتی ئێوە هەموان قەبووڵ بكات.
چەندین ساڵە كچ و كوڕی كوردان خەتیری ئاگری نەورۆز دەبەنە سەر چیا، بەڵام ئەوە دوو ساڵە بە شێوەیەكی فەرمی، كچ و كوڕانی ئاكرێ، خەتیری ئاگری نەورۆز دەبەنە سەرێ كەلهێ و ئەو چیایانەی ئاكرێ بۆ هەڵكردنی ئاگری نەورۆز.
نەورۆزی ئێوە هەموان پیرۆز بێت، ئەمساڵ بە تایبەت، ساڵێكی گەلێك تایبەتترە بۆ ئێمە، چونكە پێشمەرگە و پارێزەری كوردستان، سەروەر و ڕێبەری ئێمە، جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵمانە، گەلێك بەخێر هاتن سەر سەر و سەرچاوان جەنابی سەرۆك.
جێی خۆیەتی سوپاسی وەزیری دەرەوەی حكوومەتی فیدڕاڵ و جێگری وەزیر و شاندی لەگەڵیاندان بكەم، بۆ بەشداریكردنیان لەم ئاهەنگە. هەروەك بەخێرهاتنێكی گەرمی باڵوێز و كونسوڵ و دیپلۆماتكار و كەسایەتییە سیاسی و سەربازی و كۆمەڵایەتییەكان دەكەم كە لەم ئاهەنگەدا لەگەڵماندا بەشدارن، هەموان گەلێك بەخێر هاتن، بێگومان ئەم ئاهەنگە بە بوونی ئێوە گەلێك خۆشتر دەبێت، سوپاسی هاتنی ئێوە دەكەین، هیوادارین ئێوە هەموان كاتێكی خۆشتان ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە هەبێت.
سوپاسێكی گەرمی خەڵكی ئاكرێ دەكەین كە هەموو ساڵێك ئامێزی خۆیان بۆ گەشتیاران دەكەنەوە و بە دڵێكی خۆش گەشتیار سەردانی ئاكرێ دەكەن. سوپاسێكی تایبەتی كچان و كوڕانی ئاكرێ دەكەین كە هەموو ساڵێك ئەم زەحمەتە دەكێشن و دیمەنێكی زۆر جوان نەك بە تەنیا بۆ خەڵكی ئاكرێ، بەڵكوو بۆ كوردستان و دەرەوەی كوردستانیش نیشانی هەموان دەدەن.
نەورۆز تەنیا ڕۆژێكی نوێی ساڵێكی نوێ نییە، نەورۆز بیرهێنانەوەیە كە ستەم و زوڵم و بێدادی بەردەوام نابێت و ئەو نەتەوە و میللەتانەی داخوازیی ئازادی دەكەن، رۆژێك هەر دەگەنە ئەو ئازادییە. هیوای من ئەوەیە كە ئەم رۆژە ببێتە دەستپێكی ئاشتی و پێكەوەژیان و بەختەوەری بۆ هەموو میللەتانی جیهان، بە تایبەتی بۆ میللەتی ئێمە و خەڵكی ئێمە لەم دەڤەرە.
پیرۆزباییەكی گەرمی نەورۆز لە خەڵكی كوردستان و عێراق و هەموو ئەو گەل و نەتەوانەی جیهان دەكەم كە ئەم بۆنەیە پیرۆز رادەگرن و یادی نەورۆز دەكەنەوە.
ئینشائەڵا لە ئێوە هەموان پیرۆز بێت.