ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئاداری 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2725 و هیوای خواست، ساڵی نوێ، ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ خەڵکی کوردستان.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، پێشنیارێکی لەبارەی درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %20 لە سزای سەرپێچيی هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران لەپێناو یارمەتیدانی هاووڵاتیان، بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی پەسەند کرد و بڕیار درا بە درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری داشکاندنی ڕێژەی %20 لە سزای سەرپێچيی هاتوچۆ بۆ شەش مانگی دیکە لە 2025/1/1 تاوەکوو 2025/6/30.

دواتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، بابەتی یەکلاکردنەوەی کێشەی ئەوانەی خستەڕوو کە لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم بە هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون، بەڵام مووچەیان بۆ نەبەستراوە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەهۆی جێگرکردنی میلاکی مانگی تەمموز لە ساڵی 2024 لەلایەن وەزارەتی دارایيی فیدراڵەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە کاری پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی ئەو کەسانە ئەنجام بدات و کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتی خەرجنەکردنی مووچەکانیان بکات، بەگوێرەی ئەو پێشنیارانەی لەلایەن وەزارەتیان لە کۆبوونەوە خرانەڕوو.

لە بڕگەی کۆتاییدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دەرچووانی کۆلیژە پزیشکیيەکان بۆ ساڵی 2024 خستەڕوو کە بەپێی یاسای پلەبەندیی پزیشکی، ڕێڕەوی وەزیفە و کار و خزمەتیان ڕێکخراوە.

ئەنجوومەنی وەزیران، هەر یەک لە وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی گشتيی ڕاژەی ڕاسپارد کە لەگەڵ وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن، بۆ دامەزراندنی ئەم دەرچووانە لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی هاوتای هاوەڵەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و ئەنجامی ئەو هەوڵانە بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بخەنەڕوو، تا لەبەر ڕۆشنایيی ئەو ئەنجامانە، بڕیاری پێویست سەبارەت بە دامەزراندنیان بدرێت لەپێناو نەوەستانی ڕێکارەکانی پلەبەندیی پزیشکی و ڕێکخستنەوەی سیستمی خزمەتگوزاريی تەندروستيی نەخۆشخانەکان و چاودێريی پزیشکی و دابینکردنی بەپێی پێداویستی.