بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بە دەستگیرکردنی 16 بازرگانی ماددەی هۆشبەر و دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 82 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19/3/2025، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە: “16 تۆمەتبار دەستگیر کران و زیاتر لە 82 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیرا، لە بەغدا و مووسلیش 1170 کیلۆگرام لە دوو چالاکیی هاوبەش دەستی بەسەردا گیرا.”
لە ڕاگەیاندراوەكەدا، ئاماژە بەوەش دراوە: “لە بەردەوامیی هەوڵەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە چەند چالاكییەكدا لە دوو هەفتەی رابردوودا، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان و بەشەکانی تری سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییە لە دهۆک و زاخۆ، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، توانرا ژمارەیەک بازرگان دەستگیر بکرێن کە کاری گواستنەوە و مامەڵەکردنیان بە مادەی هۆشبەرەوە دەکرد، کە ژمارەیەکیان خاوەنی ڕەگەزنامەی وڵاتانی دراوسێن .
لەم چالاکییانەدا توانراوە بڕی 22.940 کیلۆگرام کریستاڵ و 1.440 کیلۆگرام هیرۆین و 50 کیلۆگرام حەبی ترامادۆڵ دەستیان بەسەردا بگیرێ، هاوکات جگە لەم مادانە توانراوە تۆڕێکی تری بازرگانی کریستاڵی شل هەڵبوەشێننەوە کە لەنێو دوو دەبەی ڕۆنی ئوتومبێل دانراوە، کێشەکەیان 7.620 کیۆگرام بووە و دەستی بەسەردا گیراوە، کۆی گشتیی ئەو مادانە دەکاتە 82 کیلۆگرام و تۆمەتبارەکانیش 16 كەسن
لەلایەکی ترەوە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، لە چالاکییەکی دیکەدا بڕی 45 کارتۆن دەرمان و حەبی ماوەبەسەرچوو و بێستیکەر کە بە شێوەی قاچاغ و نایاسایی هێنرابوونە ناو هەرێمی كوردستان دەستیان بەسەردا گیرا.
جێگەی باسە لە دوو چالاکیی تردا کە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ڕۆڵی گرنگی تێیدا هەبوو، توانرا 1100 کیلۆگرام حەبی کپتاگۆن لە شاری بەغدا و 70 کیلۆگرام حەبی کپتاگۆن لە شاری مووسڵ دەستی بەسەردا بگیرێت، لە یەکێک لە چالاکییەکان بە هەماهەنگیی نێوان بەڕێوەبەراتیی مادە هۆشبەرەکانی هەولێر، بەغدا، سلێمانی و مووسڵ بوو.
لە دادگا دۆسیەی تاوان بۆ تەواوی ئەو تۆمەتبارانەی کە دەستگیر کراون کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا، باس لەوە كراوە: لێرەدا بە پێویستی دەزانین تەواوی هاووڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار بکەینەوە، کە بە هەموو شێوەیەک خۆ بە دوور بگرن لەم مادانە و هەر زانیاریەکیشیان دەست کەوت، لەسەر ئەو کەسانەی کە مامەڵە بەو مادانەوە دەکەن، بنکە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاساییش ئاگادار بکەنەوە.”