لە ناوەڕاستی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدڕ، ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ی ئاداری 2025، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاو کردەوە و هۆشداریی دا لە پێشڕەویکردنی زیاتری ئیسرائیل و ئەگەری گەیشتنی بۆ سەر سنوورەكانی عێراق.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدڕ ڕاشیگەیاند، بوونی ئیسرئیل لە ناوچەکەدا دەرئەنجامی باشی نابێت و دۆخی ئێستا (بە گوتەی خۆی) دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە فەڵەستین بفرۆشرێتەوە.
سەدر پێشی وایە، ئیسرائیل بە ئاسانکاری و یارمەتیدانی لێرە و لەوێ بەرەو خاکی وڵاتانی عەرەبی زیاتر پەل دەهاوێژێ و لە ئەنجامدا دەگاتە سنووری عێراق.
ئەم هۆشدارییەی سەدر هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.