لە قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای كوردستان، جەماوەری كوردستان بە سەرجەم لایەنەكانەوە ڕژانە سەر شەقامەكان و دژی دەستووری نوێی سووریا دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز كردەوە و داوایان كرد دان بە مافەكانی گەلی كورددا بنرێ.

ئەمڕۆ سێشەممە جەماوەری كورد لە شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای كوردستان، لەژێر دروشمگەلی (دەستووری ڕاگەیاندراو نوێنەرایەتیی ئێمە ناكا و دەبێ لەلایەن هەموانەوە بنووسرێتەوە، ئێمە هاوبەشین لەم وڵاتە، پرسی كورد، پرسی گەل و نەتەوەیە. سووریا دیموكراتییە و سووریا نامەركەزییە) خۆپیشاندانیان كرد

گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بە توندی دژی ڕاگەیاندنی دەستووری نوێی سووریان، بە تایبەت كە سووریای بە كۆمارێكی عەرەبی پێناسە كردووە و ڕەتی دەكەنەوە و ڕایدەگەیەنن پرسی گەلی كورد، پرسی خاك و گەلە و دەبێ سووریا دان بە مافەكانی كورددا بنێ.

چالاكان لەو خۆپیشاندانەدا، داوایان لە ئیدارەی نوێی سووریا كرد، كە چاو بە ڕاگەیاندنی دەستووردا بخشێننەوە و لە دەستووردا دان بە مافەكانی گەلی كورددا بنێن.

خۆپیشاندەران، سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانییان كرد لە یەكڕیزیی كورد لە رۆژئاوای كوردستان.

بەشێكی خۆپیشاندەران بە جلی كوردی و ئاڵای كوردستانەوە بە یەك دەنگ دەركەوتن و پێكەوە دروشمی “شام شەكرە، بەڵام كوردستان شیرینترە”ـیان بەرز كردەوە.