وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، باسمان لە جموجۆڵی داعش کرد، هەروەها بیرۆکەی پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە تاوتوێ کرد.

هەینی 14ـی ئاداری 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە و پاشان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجام دا.

وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند: هەڕەشەی هاوبەش بۆ کۆمەڵگەی سووری و عێراقی هەیە، بۆیە دەبێت پێکەوە ڕووبەڕوویان ببینەوە.

ئاماژەی بەوە کرد، پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشمان لەگەڵ بیرۆکەی پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە تاوتوێ کرد.

 جەختی لە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی سووریا کردەوە، هاوکات گوتی: ئەزموونی عێراق ڕەنگە سوودی بۆ سوورییەکان هەبێت.

فوئاد حوسێن، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، “برایانمان لە سووریا خەباتیان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتێکی تاکڕەویی کرد”. گوتیشی: فەرامۆشکردنی هەر پێکهاتەیەک لە کۆمەڵگە تووڕەیی لێدەکەوێتەوە.

لەبارەی ڕێککەوتنی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند: پاڵپشتیی لەو ڕێککەوتنەی نێوانیان دەکەم.

سەبارەت بە ڕێکخراوی داعشیش، فوئاد حوسێن، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە عێراق و سووریا هەماهەنگییەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەهێزتر بکەن.

هاوکات دووپاتی کردەوە، ئەگەر سووریا ناسەقامگیر بێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت. گوتیشی: دیمەشق کاردەکات بۆ سودوەرگرتن لە ئەزموونی عێراق لە ئاوەدانکردنەوەدا.