لەسەر بڵاوبوونەوەی هەندێك هەواڵی ناڕاست، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و هەموو ئەو هەواڵانە ڕەت كردەوە و داواش لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكات، كە پیشەییانە و بەرپرسیارانە زانیارییەكان بگوازنەوە.

  پێنجشەممە 6ی 3ی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لە یەجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: “لە چەند کەناڵێک وا بڵاو کراوەتەوە گوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی غازی ماڵان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە، کە بەرپرس بێت لە دابەشکردنی غازی ماڵان، ئەم بابەتە هیچ ڕاستییەکی نییە و هیچ گرێبەست و ڕێککەوتنێک لەگەڵ کەس لەئارادا نییە و شێوازی بەدەستگەیشتنی غاز بەهەمان سیستەمی ئێستا دەبێت، کە بە نرخی پاڵپشتیکراوە لەلایەن حکوومەتەوە.”

لە هەمانكاتدا، گوتەبێژی حكوومەت، ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە “ئەوانەی (دژی ڕووناکین) هەڵمەتێکی میدیایی مەبەستدارییان دەستپێکردووە! دژی پڕۆژەی (ڕووناکی) و دەیانەوێت لەگرنگی پڕۆژەکە بدەن، ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دووپاتی دەکەینەوە بە ڕەچاوکردنی دۆخی هاووڵاتییانمان و بەرژەوەندیی ئەوان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی خۆی لە هەموو کوردستان جێبەجێ دەکات و بۆ یەکەمینجار دوای چەندین ساڵ حوکمڕانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.”

ڕاشیدەگەیەنێت، كە “ئێستاش ژمارەی هاوبەشانمان لەپڕۆژەی (ڕووناکی) بۆتە 86 هەزار خێزان و هەموو خێزانەکانیش لەداهاتوو سوودمەند دەبن.”

پێشەوا هەورامانی، داوا لە میدیاكان دەكات، كە “بە ئەمانەت و بە بەرپرسیارێتییەوە و پیشەییانە زانیاری بگەیەننە وەرگرانیان و کارێک نەکەن پیشەییبوون و ڕاستگۆییان نیشانەی پرسیاری لەسەر دروست ببێت، کە بەداخەوە لەسەر بەشێکیان دروست بووە و بەپێچەوانەوە لەمەودوا داوای یاساییان لەسەر تۆمار دەکرێت، لەئەگەری بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست.”