ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی فیدراڵ، داوا لە هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە دەکات لە عێراق بکشێنەوە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورگیا سەرکەوتووانە جێبەجێ بکرێت.

قاسم ئەلئەعرەجی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا بە (ئاژانسی فرانس پرێس)ی ڕاگەیاند: “ئێمە ئەمانەوێت پەکەکە و لەشکری تورکیاش لەسەر خاکی ئێمە نەمێنن، عێراق دەیەوێت هەمویان بکشێنەوە.”

گوتیشی: “تورکیا زیاتر لە جارێک ڕایگەیاندووە کە هیچ تەماحێکی خاکی لە عێراقدا نییە”.

ئەم لێدوانەی ئەعرەجی لە کاتێکدایە ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە (عەبدوڵا ئۆجەلان) هەفتەی ڕابردوو پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی بڵاو کردەوە و تیایدا داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵێکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە ماوەی نزیکەی 40 ساڵی ڕابردوودا.