خەبات: عەلی بانیشاری:- بەخۆی و تیمێكی زیاتر لە 10 كەسییەوە كە لە شوێنەوارناسانی كۆماری چیك و هەرێمی كوردستان پێكهاتوون بە ورد ئەو پێگە شوێنەوارییانە تۆمار دەكەن كە لە ڕابردوودا بەهۆی سەختی ناوچەكەوە نەتوانراوە تۆمار بكرێن. تیمەكە بەیانیان كاتژمێر هەشت دەست بەكاركردن دەكەن تاوەكو كاتژمێر سێ بۆ چواری ئێوارە. سەرما و بارانبارین و سەختی ڕێگا نەبووەتە هۆی ئەوەی تیمەكە كارەكانیان بوەستێن، ئەگەرچی زانكۆ چیكییەكە بودجەیەكی ئەوتۆی لە بەردەست نییە، بەڵام سەخترین ناوچەی هەرێمی كوردستانی بۆ كاركردن هەڵبژاردووە كە سنووری ناحیەی سكتان-سماقوڵی-گۆمەسپانە، بەشێك لەو ڕێگایانەی تیمەكە پێیدا هاتووچۆ دەكەن ڕێگای ئاسان نین بۆ هاتووچۆكردن و هەموو ئۆتۆمبێل ناتوانێت خۆی لێ بدات. هەندێكجار ئەندامانی تیم دوو بۆ سێ كاتژمێر بەپێ ڕێ دەكەن بۆ ئەوەی پێگەیەكی شوێنەواری بدۆزنەوە و تۆماری بكەن، ئەمە سروشتی كاركردنی ئەو تیمە شوێنەوارییە كە ماوەی چوار وەرزە ڕووپێویی شوێنەواری لە شاخ و دۆڵ و زەوییە كشتوكاڵییەكانی (سكتان-سماقوڵی-گۆمەسپان) دەكەن.

پڕۆفیسۆر كاڕێڵ نۆڤاچیك، بەڕێوەبەر و سەرۆكی تیمی ڕووپێویی شوێنەواری زانكۆی پالاچكی ئۆلۆمۆكی كۆماری چیك لە پڕۆژەی ڕووپێویی شوێنەواری (سكتان-گۆمەسپان) بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: هۆكاری پشت هەڵبژاردنی ناوچەی سكتان-سماقوڵی-گۆمەسپان بۆ ئەنجامدانی ڕووپێویی شوێنەواری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو ناوچەیە كۆتا ناوچەیە كەوا لە كۆن و ئێستاشدا ڕووپێویی نەكراوە لە نموونەی دەشتی هەولێر و دەشتی ناڤكور و دەشتی بیتوێن كەوا ڕووپێویی كراون.

گوتیشی: هەست دەكەین بەختێكی باشمان هەیە لە هەڵبژاردنی ناوچەكە بۆ ئەنجامدانی ڕووپێویی، چونكە تووشی سەرسوڕمان بووین بەهۆی چەندایەتی و چۆنایەتی سنوورەكە لە ڕووی دۆڵەمەندبوونی بەپێگە شوێنەواری، ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆژەی ڕووپێوییەكە تەنیا بەسەركردنەوە و تۆماركردنێكی سادەی پێگە شوێنەوارییەكان نییە، بەڵكوو لێكۆڵینەوەیەكی زانستی شوێنەوارییە لەسەر شوێنەوار و شارستانییەت و ژینگەی ناوچەكە.

زیاتر گوتی: هەوڵدەدەین لە كاتی كاركردندا زیان نەگەیەنین بە ناوچە شوێنەوارییەكان و باشتر لە مێژوو و سەردەمەكانی ناوچەكە تێبگەین، بۆ ئەو مەبەستەش پشت بەكاری ڕووپێویی جیۆفیزیكیش دەبەستین، نەك هەڵكۆڵین، بۆ ئەوەی زیان بەر پێگە شوێنەوارییەكان نەكەوێت.

بەوتەی سەرۆكی تیمی ڕووپێویی شوێنەواری زانكۆی پالاچكی ئۆلۆمۆكی كۆماری چیك لە پڕۆژەی ڕووپێویی شوێنەواری (سكتان-گۆمەسپان)، 15 پێگەی جیاوازی شوێنەوارییان لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا بۆ ئەنجامدانی كاری جیۆفیزیك هەڵبژاردووە كە نزیكەی 50 هێكتار زەوی دەبێت.

ئەو ناوچەی پڕۆژەی ڕووپێویی شوێنەواری لە سكتان-سماقوڵی-گۆمەسپان لێ ئەنجام دەدرێت ڕووبەرەكەی نزیكەی 500 كم دووجایە، كە خۆی دەبینێتەوە لە چوار دۆڵی هاوشان، تیمە شوێنەوارییەكە لە ماوەی چوار وەرزی كاركردندا توانیویانە نزیكەی هەر چوار دۆڵەكە ڕووپێویی بكەن كە نزیكەی 80%ـی ئەو ڕووبەرە دەكات كە بۆ كاری ڕووپێویی دیاریكراوە. وەكو كاڕێڵ نۆڤاچیك دەڵێت: تەنیا ئەو ڕووبەرە ماوە ڕووپێویی بكەین كە كەوتووەتە سەروو ڕێگای هەولێر-كۆیە كە لە دەربەندی گۆمەسپانەوە دەستپێدەكات تاوەكو ناحیەی دێگەڵە و ئەو گوندانەی سەر بە ناوەندی قەزای كۆیەن و كەوتوونە سەروو ڕێگاكە، لە ماوەی چوار وەرزەی كاركردندا تیمی شوێنەوارییەكە توانیومانە 196 پێگەی شوێنەواری تۆمار بكەن كە خۆی دەبینێتەوە لە (پێگەی نیشتەجێبوون، كۆنە گوند، گۆڕستانی كۆن، ئەشكەوت).

سەرۆكی تیمی شوێنەواری زانكۆی پالاچكی ئۆلۆمۆك دەشڵێت: لەو ماوەیەی كارمانكردووە لەسەر زەوی ئامرازی بەردینی چاخی بەردینی كۆن و ژمارەیەكی زۆر گڵێنەی سەردەمی چاخی بەردینی نوێ و سەردەمەكانی دواترمان دۆزیوەتەوە تاوەكو دەگاتە سەردەمی عوسمانی، كاڕێڵ نۆڤاچیك بۆ (خەبات) زیاتر قسەی كرد و گوتی: بەڵگەی شوێنەوارییمان لە بەردەستە كە نزیكەی نیوو ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیان لەو ناوچەیە هەبووە كە ڕووپێویی شوێنەواری لێ دەكەن. ئەوەشی گوت: ئەوەی بەلای ئێمەوە جێگەی سەرسوڕمانە، بەشێوەیەكی زۆر بەربڵاو لە ناوچەكە پێگەی شوێنەواری هەیە، تەنانەت لە بەرزترین لوتكەی چیاكان و شوێنە سەختەكان ژیان هەبووە و پێگەی شوێنەواری تۆماركراوە.

ناوبراو باسیلەوەشكرد، لە ئەنجامی ڕووپێویی شوێنەواری تێبینی ئەوەیان كردووە زۆرێك لە پێگە شوێنەوارییەكان زێدەڕۆیی كراوەتە سەریان، هەندێك لە زێدەڕۆیی و دەستدرێژییەكان بە مەبەستی گەڕان و بردنی پارچەی شوێنەواری بووە، هەندێكیتر لە دەستدرێژییەكان هەر لە كۆنەوە بووە وەكو بەكارهێنانی پێگە شوێنەوارییەكان بۆ كاری كشتوكاڵكردن و دروستكردنی بینا، لەم دوایانەشدا لەسەر حسابی پێگە شوێنەوارییەكان زەوییە كشتوكاڵییەكان فراوانكراون، ئەوەش بەلای ئێمەوە جێگەی سەرسوڕمانە، چونكە ئەو كارانە وا دەكات ناوچە شوێنەوارییەكان لەناوبچن.

سەرۆكی تیمی ڕووپێویی شوێنەواری زانكۆی پالاچكی ئۆلۆمۆك لە پڕۆژەی ڕووپێویی شوێنەواری (سكتان-گۆمەسپان) ڕاشیگەیاند: هەوڵیانداوە هەموو ئەو زانیاریانە تۆمار بكەن كە خۆیان دەبیننەوە لەو زێدەڕۆییانە كە كراونەتە سەر پێگە شوێنەوارییەكان. كاڕیڵ نۆڤاچیك بە پێویستیشی زانی تەواوی ئەندامانی تیمەكە شوێنەوارییەكە بە هاوكاری خەڵكی ناوچەكە هەوڵی پاراستی ئەو ناوچە شوێنەواریانە بدەین كە زێدەڕۆییان كراوەتەسەر، هەروەها خەڵكی ناوچەكە لە چۆنییەتی پاراستنی و بەهای پێگە شوێنەوارییەكان ئاگادار بكرێنەوە، چونكە وەكو ئەو دەڵێت ((ئەوە بەشێكە لە كەلتووری ناوچەكە)).

ڕووپێویی شوێنەواری لە سكتان-سماقوڵی-گۆمەسپان بە هاوبەشی لە نێوان زانكۆی پالاچكی ئۆلۆمۆكی كۆماری چیك و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر و فەرمانگەی شوێنەوار و كەلەپووری كۆیە بەڕێوەدەچێت، بەپێی ناوەڕۆكی گرێبەستەكە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و تاوەكو 2027 پڕۆژەكە بەردەوام دەبێت، لە پڕۆژەكەدا جگەلە نوێنەرانی فەرمانگەی شوێنەواری كۆیە و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر، چەندین كەسی دیكە لە پسپۆڕە جیاوازەكان وەكو ئەندامی تیم لە چەند وڵاتێكی جیاجیاوە بەشدارن.