وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەدواداچوون بۆ كارەكانی پڕۆژەی سەوزكردنی یەكتربڕی شەقامی هەولێر- مووسڵ دەكات.

بەمەبەستی ئاگاداربوون لە پڕۆژەی سەوزكردنی یەكتربڕی شەقامی هەولێر بۆ مووسڵ و شەقامی خێرای 120 مەتری، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی پڕۆژەكەی كرد.

بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتەكە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەرپەرشتیار و تیمی ئەندازیاری جێبەجێكاری پڕۆژەكە، گفتوگۆی كرد و بەدواداچوونی بۆ كارەكان كرد، ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەكی دەربڕی.

ئێستە بە باشی كاركردن لە پڕۆژەكەدا دەكرێ و هەنگاوی زۆرباشی بڕیوە، هەوڵ دەدرێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا تەواو بكرێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانی شاری هەولێر.

ئەو پڕۆژەیە بەپێی ڕێنوێنی و لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ڕووبەری 205 هەزار مەتر چوارگۆشە جێبەجێ دەكرێت، كاری سەوزكردنی تێدا دەكرێت و نزیكەی 30 هەزار داری تێدا دەڕوێنرێت، لەگەڵ 10 هەزار گوڵ و نەمامی بچووك و بە ڕووبەری زیاتر لە 20 هەزار مەتر چوارگۆشەیش چیمەنی لێ دەڕوێنرێت، هەروەها لێدانی بیری ئاو و كۆگەی كۆكردنەوەی ئاو و دانانی سیستمی ئاودێری بۆ ئاودانی ئەو ناوچە سەوزاییە.