ئەپیکور پێشوازی لە هەوڵەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق – تورکیا دەکات.
هەینی، 28-02-2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی لە هەوڵەکانی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کرد.
ڕۆژی سێشەممە، 25-02-2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دۆخی سووریا و ناوچەکە، گرووپە چەکدارەکان، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ژمارەیەک پرسی دیکەیان، تاوتوێ کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە داوە، پێویستە لە زووترین کاتدا نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق – تورکیا هەناردە بکرێتەوە و ڕێز لە مەرجی گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن بگیردرێت.