
لە ڕۆژی سێیەم و كۆتایی كارەكانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكان، كۆتایی بە كارنامە و سەردانەكەی بۆ ئەڵمانیا هێنا.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای قسەكانیدا گوتی، ساڵانە لە كۆنفرانسی ئاسایش لە میونشن بەشدار دەبین، “بۆ ئێمە وەك هەرێمی كوردستان هەموو جارێك بەشداریكردن لەم كۆنفرانسانەدا دەرفەتێكە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گفتوگۆیەكی رژد بكەین لەسەر پێشهاتەكانی دنیا بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەتی لە ناوچەی ئێمە ئەوەی كە پێوەندیی بە هەرێمی كوردستان و عێراق و بە ناوچەكەوە هەیە”.
حكوومەتی نوێ زۆری نەماوە
دواتر لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی شاندی ئیمڕاڵی بۆ هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕای گەیاند، شاندی هەردوو لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستە لە گفتوگۆیەكی رژد دان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئێستە چەندان دیدار لەنێوان ئێمەدا لە هەردوو لایەن كراوە و گەشبینین كە لە ماوەیەكی نزیكدا بگەین بە ئەنجام. بێگومان دیدارەكان و دیداری پێشتر لەسەر ئەوە بوو ئێمە چۆن دەتوانین پێكەوە كار بكەین، ئەگەر ئێمە هاوبەشین لە حكوومەتێكدا، ئەو هاوبەشییە مانای چییە و چۆن ئەو هاوبەشییە دەردەبڕین، ئەمانە هەموو ئەو شتانە بوون كە جێی بایەخی هەردوولامان بوون هەم یەكێتیی نیشتمانی و هەم پارتی دیموكراتی كوردستان. لەوانەدا هەموو پێشڤەچوونی باشمان بەدەستهێناوە و هیوادارین لە ماوەیەكی نزیكدا بتوانین تەواوی بكەین و دوای ئەوە كۆبوونەوەی تر بكەین لەسەر ئەوەی پۆستەكان بە چ شێوەیەك لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و پێكهاتەكانی تردا، ئەوانەی كە بەشدار دەبن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قسە لەسەر ئەو بابەتە دەكەین.
“سبەی شاندی ئیمڕاڵی دەبینم”
هەروەها گوتی، سەردانی شاندی ئیمڕاڵی (دەم پارتی) ئەوانەی كە چوونەتە ئیمڕاڵی و ئەمڕۆ لە هەولێرن، ئێستە سەرۆك بارزانی ـ یان دیوە، منیش سبەی بەیانی لە هەولێر دەیانبینم. ئەمانە بێگومان بە پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە هاتوون بۆ هەولێر، لەوێشەوە دەچن بۆ سلێمانی.
“بێگومان چاوەڕوان دەكەین بزانین پەیامەكەیان چ پەیامێكە، لەو بڕوایە داین پەیامی ئاشتی بێت، بۆ سەقامگیری بێت بۆ توركیا، پەیامەكەش زیاتر بۆ پەكەكە دەبێت و هیوادارین گوێبیستی بانگەوازی ئاشتی بین لەلایەن ئۆجەلانەوە، هیوادارین پەكەكەش هەڵوێستی هەبێت و پێشوازی لە پەیامی ئۆجەلان بكات” نێچیرڤان بارزانی وای گوت.
چی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوت؟
لەبارەی هەڵسەنگاندنی بۆ دیدار و كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وەك باڵاترین بەرپرسی عێراق كە دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كابینەی ترەمپدا ئەنجام دابێت، هەروەها بەكارهێنانی پێوەندییە بەهێزەكانی بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونەكانی هەولێر ـ بەغدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، “كۆبوونەوەیەكی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، بەڵام هەروەك ئاگەدارن ماوەیەكی زۆر درێژ نییە ئەو لە ئۆفیسە و تازە دەستی بە كار كردووە. لەم كۆبوونەوەیەدا باسی ئەو شتە هاوبەشانەمان كردووە كە لەنێوان عێراق و ئەمەریكادا هەیە، دووپاتمان لەوە كردووەتەوە كە عێراق فاكتەرێك بێت بۆ ئەمن و ئاسایش لە ناوچەكەدا و عێراق دەیەوێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ ئەوەی كێشەكان پەرە نەسێنن. هەر لەم چوارچێوەیەدا هەم بە ناوی هەرێمی كوردستان و هەم بە ناوی عێراقیشەوە باسمان كرد و بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكامان كردووە بۆ ئەوەی تەشریف بهێنێتە عێراق و لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی كونسوڵگەى نوێی ئەمەریكادا لە هەولێر بەشدار بێت”.
دۆخی سووریا و ئەحمەد شەرع
لە وەڵامی پرسیارێكی تردا لەبارەى دۆخی سووریا و باسكردنی ئەو بابەتە لە دیدارەكانیدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی، “لە هەموو كۆبوونەوەكاندا تەوەرێكی سەرەكیی گفتوگۆكانمان لەسەر پرسی سووریا بووە، بێگومان لە لایەكەوە ئەوەی ئێستە لە سووریا دەگوزەرێت جێی دڵخۆشیی هەموو لایەكە بەوەی كە ڕژێمێكی سەركوتكار ئەوەی پێشتر زۆر ستەمی لەو گەلە كردووە، لەسەر كار نەماوە، ئەوە جێی دڵخۆشییە. ئەم دەسەڵاتەی ئێستە هاتووەتە سەر حوكم لە سووریا، هیوادارین بتوانێت هەموو لایەك و پێكهاتەكانی سووریا لە پاشەڕۆژی سووریا بەشداری پێ بكات. ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە ئەوەیە كە هیوای سەقامگیری بۆ گەلی سووریا دەخوازین، گەلی سووریا گەلێكە شایستەی ژیانێكی باشترە، ساڵانی ڕابردوو كێشەی گەورەیان هەبووە و زۆر ئەزیەتیان خواردووە و زۆریان لە وڵات دەرچوون و زۆر ماڵوێرانییان بینیووە. ئەمڕۆ بە ڕاستی گەلی سووریا شایستەی ژیانێكی باشترە”.
“هیوادارین ئیدارەی نوێ بەتایبەتی ئەحمەد شەرع بتوانێت فاكتەرێك بێت بۆ سەقامگیریی سووریا و بتوانێت گەلی سووریا لەو نەهامەتی و ناخۆشییە دەرباز بكات. بێگومان سووریا وڵاتێكە زۆر پێكهاتەی تێدایە، پێكهاتەی جیاوازی تێدا هەیە، گرنگترین كار لە سووریا ئەوەیە كە هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان بەشدارن، واتە هەموو پێكهاتەكانی سووریا. ڕێنوێنیی ئێمەش ئەو قسانەی كە لەگەڵ برا كوردەكانمان كردووە، دوو سێ شتی زۆر دیاریكراوە، یەكەم شت پێمان گوتوون دەبێت ئێوە بە یەكگرتوویی بچنە دیمەشق. ئەزموونی ئێمە لە هەرێمی كوردستان كە بەیەكەوە چووینە بەغدا، ئەزموونێكی زۆر سەركەوتوو بوو دوای ساڵی 2003. خۆتان بە خاوەنی سووریای نوێ ببینن. چاوەڕێی ئەوە مەكەن لە دیمەشقەوە بانگهێشت بكرێن، ئێوە خۆتان بكەن بە خاوەنی سووریای نوێ. ئەم سووریایە سووریای ئێوەیە، دیمەشق پایتەختی ئێوەیە” نێچیرڤان بارزانی وای گوت.
“بەڕاستی ئەمەریكایەکی نوێیە”
لەبارەى ئەمەریكای نوێ و ترسی ئەوەی كە ئەم ئەمەریكا نوێیە زیان بە هەرێمی كوردستان بگەیەنێت، هەروەك ئەوروپا ترسی لەو ئەمەریكایە هەیە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، “ئەمەریكایەكی نوێیە، ئەمە جوانترین بۆچوونە، چونكە بە ڕاستی ئەمەریكایەكی نوێیە، ئیدارەیەكی نوێیە و بۆچوونی جیاوازی هەیە و بە بۆچوون و دیدێكی نوێوە سەیری جیهان بە شێوەیەكی گشتی دەكات، بەڵام ئەوەی كە گرنگە ئەگەر سەیری لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بكەیت، لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمەریكا یەك شتی ڕوونی تیایە. ڕوون و ئاشكرایە كە ئەو دەیەوێ فاكتەرێك بێت بۆ ئاسایش و سەقامگیری، بۆ كۆتاییهێنان بەو جەنگانەی كە لە ناوچەكەدا دەكرێت، بۆ كۆتاییهێنان بە هەموو ناكۆكییەی كە لە جیهاندا هەیە. سەرۆكی ئەمەریكا لە قسەكانی خۆیدا ئەمەی دەربڕیوە. پێموایە هەموو لایەكمان لە ناوچەكەدا چ لە ئەورووپا و چ لە ناوچەكەماندا، پێویستە پێشوازی لە قسەكان و دەستپێشخەرییەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بكەین، چونكە ئەوەی كە جەنابی سەرۆك ترامپ گوتوویەتی، ئەو دەڵێت ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی كۆتایی بە جەنگەكان بهێنین و ئاشتی بەرقەرار بكەین. ئەمڕۆ جیهان لە هەموو شتێك زیاتر پێویستی بەو ئاشتییە هەیە. بە چ شێوەیەك جێبەجێیان دەكات؟ ئەوەیان بابەتێكی ترە، بەڵام ئەوەی خۆی دەیڵێت؛ ئەوەیە كە باوەڕی پێیەتی، شایستەی ئەوەیە كە هەموومان ڕێزمان بۆی هەبێت و پشتگیری بكەین لەوەی كە خۆی دەڵێت كۆتاییهێنانە بە جەنگەكان و بەرقەراركردنی ئاشتییە. ئێمە ترسمان نییە و ئەمەریكا بە هاوپەیمانی خۆمان دەزانین، عێراقیش بە فاكتەرێك دەزانین بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵێكی رژد ببینێت و ببێتە فاكتەرێكی رژد لە پرسی سەقامگیریی هەموو ناوچەكەدا”.
لەبارەى ناردنی پەیام بۆ ترەمپ لەبارەی كوردستانی رۆژئاوا، ئاشكرای كرد “بەڵێ ئەوەی كە باسم كرد، لەوانەیە لە باسەكەمدا زۆر تەركیزم لەسەر ئەوە نەكرد، بەڵام كاتێك باسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكامان دەكرد نەك تەنیا لە عێراق، بەڵكو بەتایبەتی باسی كشانەوە لە سووریاشمان دەكرد”.
چاكسازی هێزەكانی پێشمەرگە
لە وەڵامی پرسیارێكی تردا لەبارەی باسكردنی دۆخی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق، لە دیدارەكانیدا لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی جیاوازدا، گوتی: “لەبارەى پرسی پێشمەرگە، بە سوپاسەوە وڵاتانی هاوپەیمان لە پرۆسەیەكی چاكسازیدا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەشدارن و ئەو پرۆسەیە تا ئێستەش بەردەوامە و لەوانەیە زۆر بە خێرایی بەڕێوە نەچێت و هەنگاوەكان زۆر هێواشن، بەڵام پرۆسەیەكی رژدى چاكسازی هەیە لەناو هێزەكانی پێشمەرگە بۆ یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا و هەموو ئەو لایەنانەی كە بینیمان چ ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەلجیكا، ئیتاڵیا و ئەمەریكا ئەوانەی كە بەشدارن لە پرۆسەكەدا، بە سوپاسەوە بینیمان كە هەموویان پابەندن بەوەی كە ئەو یەكبوونەی هێزەكانی پێشمەرگە ببینن و هیچ كەموكووڕییەك لەو پرۆسەیەدا بەدی ناكرێت”.
پێوەندییەكان لەگەڵ ئێران..
لەبارەی پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا نێچیرڤان بارزانی ڕای گەیاند: “بێگومان پێوەندییەكانمان وەك هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، پێوەندیی باشن. ئێران دراوسێی ئێمەیە و ئێستە پێوەندییە ئابوورییەكانمان و هەموو پێوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران بەرەوپێشچوونێكی باش بەخۆیانەوە دەبینن. لە هەرێمی كوردستان پرەنسیپێكمان هەیە، ئێمە ناتوانین دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی ئێراندا بكەین كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەمە كارێكی دروست نییە. بەرپرسیاریەتیی ئێمە پرسی هەرێمی كوردستانی عێراقە. وای نابینین لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكدا بێت دەستوەردان بكەین. ئەگەر بتوانین قسەیەك بكەین ئەوا دەیكەین، پێش ئێستە زۆر هەوڵمان داوە، ناتوانین بە ئاشكرا بێینە ناو ئەو پرسانە، چونكە ئەمە پرسێكی تەواو ناوخۆیی ئێرانە و وەك هەرێمی كوردستان سیاسەتمان ئەوەیە پێوەندیمان لەگەڵ ئێراندا باش بێت و بە هیچ شێوەیەك دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی ئێراندا نەكەین، ئەو چاوەڕوانییەشمان هەیە كە ئەوانیش دەست نەخەنە ناو كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە و پێوەندییەکانمان لەسەر بنەمای ڕێزێكی دوولایەنە بەردەوام بێت”.