وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی هەمواری یاسای بودجەی عێراق بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 3/2/2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی هەمواری یاسای بودجەی عێراق بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی عێراق تایبەت بە تێچوونی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی دۆسیەی نەوت دەزانێت.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو: “ئومێدەوارین ئەم هەنگاوە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت لە چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان، هەروەها وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كار بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و تێپەڕاندنی تەواوی کێشەکان و ئامادەکردنی رێكارە تەكنیكییەكانی بكات.”