دوای 467 ڕۆژ لە شەڕی غەزە، دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، بە فەرمی ئیسرائیل لەسەر گۆڕینەوەی دیلەكانی شەڕ و ئاگربەست ڕێك كەوتووە.
هاوكات بزوونەوەی حەماس ڕایگەیاند، بە ئاگربەست و گۆڕینەوەی بارمتەكان ڕازی بووە.
ڕێككەوتنەكە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر و ئەمریكا بەدی هاتووە و بە قۆناغ شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەوەستێت و ئاشتی بەدی دێت. باس لەوەش كراوە پێشبینی دەكرێ دوای 2-3 ڕۆژ ڕێككەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێكردەوە و قۆناغی یەكەمی ئاگربەستیش 42 ڕۆژ دەبێ.
لە ڕێككەوتنەكەدا ڕێگە بە گەڕانەوەی دانیشتووانی باكووری غەزە دەدرێت بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ڕۆژانە 600 بارهەڵگر هاوكاری بگاتە خەڵكی غەزە.
بەشێكی دیكەی ڕێككەوتنەكە بریتییە لە ئازادكردنی 33 بارمەتەی ئیسرائیلی لە قۆناغی یەكەمدا كە ژن و منداڵ و پیاوی سەروو 50 ساڵیان تێدایە. هەروەها ئیسرائیل 30 كەس لە بەرامبەر هەر كەسێكی ئیسرائیلی ئازاد دەكات و 50 دیلیش بەرامبەر یەك سەربازی ئیسرائیلی ئازاد دەكات.