ئەمشەو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کە هاوپەیمانی پێکهێنەری کابینەی محەمەد شیاع سوودانییە، کۆ بووەوە و لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند دەکرێ کێشە تەکنیکییەکانی مووچەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دایەلۆگەوە چارەسەر بکرێن.

بەپێی راگەیاندراوی کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیە کە لە پێگەی فەرمیی نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کراوەتەوە، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی حکوومەتی عێراق بەڕێوە چووە، تێیدا چەند پرسێک تاوتوێ کراوە، لەنێویشیاندا بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەڵوێستی سیاسی بەرامبەر بە دۆسیەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نیە و تەنیا دۆسیەی تەکنیکی هەن.

ئەوەش دووپات کراوەتەوە کە دەکرێ دۆسیە تەکنیکییەکان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن، دوور لە گرژیی میدیایی.

ئەمە لە کاتێکدایە کە  شەممە 11ی 1ی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بە ئامادەبوونی وەزیرانی کورد لە حکوومەتی فیدرالی و بەشێک لە سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق ئەنجام دا و تێیدا بڕیار درا دوا پەیام بە عێراق بدرێ تاوەکوو چیتر لەسەر سیاسەتی ستەمکردن لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام نەبێت.