بەرپرسانی ناوچەی لۆس ئەنجلۆس ڕایانگەیاند، زیاتر لە 10 هەزار خانوو و باڵه‌خانه‌ لە نێویاندا زۆرێک لە ماڵەکان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی لۆس ئەنجلۆس، وێران بوون. به‌ پێی ئاماره‌كانیش، تا ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 10ى 1ى 2025) به‌هۆى ئه‌و ئاگره‌وه‌ 10 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو ئاگره‌ی ئێستا ناوچەی گه‌وره‌ى لۆس ئەنجلۆسی گرتووەتەوە، وێرانکەرترین ئاگرە لە مێژووی کالیفۆرنیادا.

بایدن کە تەنها چەند ڕۆژێکی ماوه‌ پۆستەکەی به‌جێبهێڵێت،لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: تا ئێستا 360 هه‌زار كه‌س له‌ ناوچه‌كه‌یان گواستراونه‌ته‌وه‌.

لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ناوچەی گەورەی لۆس ئەنجلۆس ئامادە نین لێدوان لەسەر ژمارەی وردی ئەو کەسانە بدەن کە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە وێرانکەرەکانی ناوچەکەدا گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

ڕۆبەرت لونا، فه‌رمانده‌ى پۆلیسی ویلایەتی لۆس ئەنجلۆس دوێنێ پێنجشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “تا ئێستا شەش حاڵەتی مردن تۆمار کراوە”.

به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌ینی ژماره‌ى گیان له‌ده‌ست دان به‌هۆى ئاگره‌كه‌ى لۆس ئه‌نجولسه‌وه‌، به‌رز بووه‌وه‌ بۆ 10 كه‌س ، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش ڕاگه‌یندرا كه‌ 10 هه‌زار خانوو و باڵه‌خانه‌، وێران بوون.