پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، كاری نۆژەنكردنەوەی 105 دووكانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر كۆتایی هات و نۆژەنكردنەوەی دووكانەكانی دیكە و بازاڕەكەش بە گشتی، لە قۆناغی كۆتاییدایە.
ئەمڕۆ دووشەممە 6/1/2025، پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “دواى ئەوەى شەوی 5/5/2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، بەهۆیەوە 227 دووکان و حەوت کۆگا سووتان، لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بە گوژمەی 5 ملیار و 300 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، دەست بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەكە کرا.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئێستا 105 دووکان لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کارى نۆژەنکردنەوەیان كۆتایی هاتووە و خاوەنەکانیان دەگەڕێنەوە ناو دووکانەکانیان، کارکردن لە نۆژەنکردنەوەى دووکانەکانى دیكە و بازاڕەکەش لە قۆناغی کۆتاییدایە، لە نزیکترین کاتدا بازاڕەکە بە تەواوەتى بە ڕووی خەڵكیدا دەکرێتەوە، دووکاندار و کاسبکارانیش دەست بە کار و كاسبیی خۆیان دەکەنەوە.