روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئەمڕۆ رای گەیاند، لە شەوی رابردووەوە تا ئێستە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، لە 26 هێرشدا 61 جار بۆردمانی پێگە سەربازییەكانی رژێمی رووخاوی بەشار ئەسەدیان كردووە و وێرانی كردوون.

پێگەی “شەفەق نیوز” ئەمڕۆ یەكشەم 15ی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی راگەیەنراوی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، بۆردمانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەكانی رژێمی پێشوو بەردەوامیی هەیە، تا ئێستەوەیش لەوەی لە هەشتی مانگەوە رژێمەكە بەدەستی ئۆپۆزسیۆن رووخاوە، ئیسرائیل 446 جار بۆردمانی چەند پارێزگایەكی سووریای كردووە و ئەمشەویش 61 بۆردمانی ئەنجام داوە.

روانگەكە زیاتر گوتی، بۆردمانەكان سێ فرقەی مووشەكی فرقەی 18ی لە حمس و حەوت بۆردمانیش لیوای 55ی گوندی ناوچەی قەلەموونی لە دەوروبەری دیمەشقی گرتووەتە ئامانج، هاوكات ئیسرائیل بۆردامنی بەرگرییە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی حەمای لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەكە بۆردمان كردووە و لەگەڵیدا لیوای 47ی باشووری حەمای بۆردمان كردووە. تا ئێستەیش نازانرێ زیانە مرۆییەكان چی بوون.

ئاماژە بەوەش دراوە كە بۆردمانەكانی شەوی رابردوو، كەلوپەلی سەربازی و چەكەكانی رژێمی پێشووی لەناو بردووە كە چەندان كۆگەی تایبەت بە چەكی تێدا خاپوو كراون لە شارۆچكەی محجە لە دەوروبەری درعا و دیمەشق، جیالە خاپووركردنی كۆگەیەكی چەكی پێشكەوتوو لە شارۆچكەی كەفر لە دەوروبەری سویدا.