بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، بکوژی ئەو هاوڵاتییەی دەستگیر کرد، کە لەئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بەکوژراوی دۆزرایەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكیدا بڵاوی كرده‌وه‌، “ڕۆژی (چوارشه‌ممه‌ 11ى 12ى 2024) تەرمی هاوڵاتییەک بەناوی (ئومێد عەلی مستەفا) لەناو ئوتۆمبێلەکەی خۆیدا، لەسەر رێگای(عەربەت – سلێمانی) دۆزرایەوە، لەسەر ئەم ڕووداوە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دەستی پێکرد و شوێنی تۆمەتباران دەستنیشان کرا”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌ كه‌ لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لەماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێر هەردوو تۆمەتبار بەناوەکانی (ی ، ک ، ن) تەمەن (22) ساڵ و هاوکاری بکوژ بەناوی (ز، ج، ح) تەمەن (31) ساڵ، لە سلێمانی دەستگیر بکەن.

دوای دەستگیرکردن و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەیاندا نا و دەرکەوت تۆمەتباری سەرەکی بەچەکی جۆری دەمانچە بە چوار فیشەک لە نزیک گوندی (گڵەزەردە) هاوڵاتییەکە دەکوژێت و دواتر تەرمەکە دەکاتە ناو سندوقی ئۆتۆمبێلەکە و لەسەر رێگای (سلێمانی – عەربەت) ئۆتۆمبێلەکە بەجێدەهێڵن و هەڵدێن.

لە ئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (406) لەیاسای سزادان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.