دادگای تاوانەكانی پارێزگای نەینەوا، بڕیاری سزای 10 ساڵ زیندانیی بۆ خاوەنی هۆڵی ئاهەنگگێڕانی حەمدانییە دەركرد، كە ساڵی ڕابردوو ئاگری لێ كەوتەوە و بەهۆیەوە دەیان كەس گیانیان لە دەست دا.

بڕیارەكە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە دەرچووە، دەركەتووە دادگای تاوانەكانی نەینەوا، بڕیارێكی كاتی بۆ ماوەی 10 ساڵ لە دژی خاوەنی هۆڵی هاوسەرگیریی هەیسەم لە شارۆچكەی حەمدانییە دەركردووە و ماوەی سزاكەی بۆ دیاری كردووە.

هەرچەندە بڕیارەكە ناڕەزایەتیی لێ كەوتووەتەوە و بەدەستوەردان لە كاری دادگا دەزانرێت، هاووڵاتییان پێیان وایە بۆ گیان لەدەستدانی 100 كەس، چۆن دەكرێت 10 ساڵ زیندانی بۆ ئەو كەسە دەربكرێت.

لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیری لە شارۆكەی قەرەقۆش لە حەمدانییە كە زۆرینەی مەسیحییەكانی تێدایە، دەیان كەس گیانیان لە دەست دا و دەیان كەسی تریش بریندار بوون.