نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی بۆ ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتان بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان سەلماندوویەتی كە هاوبەشێكی سەرەكییە لە گەشەپێدانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنیدا و هەمیشە سەرچاوەی هێز و داهێنان بوون بۆ بەرگریكردن لە مافەكان و مسۆگەركردنی داهاتوویەكی باشتر بۆ ئافرەتانی كوردستان.

دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی بۆ یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان:

لە یادی حەفتا و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، گەرمترین پیرۆزبایی پێشكەش بە یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان دەكەم. ڕۆڵی گرنگی لە بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە و بەهێزكردنی بەهاكانی یەكسانی و دادپەروەری بەرز دەنرخێنم. یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، لە دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1952 هێمای خەباتی نیشتمانی و كاری بەردەوام بووە بۆ بەدیهێنانی مافەكانی ئافرەتان و بەهێزكردنی پێگەیان لە هەموو بوارەكانی ژیاندا.

لە ماوەی خەباتی دوور و درێژیدا، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان سەلماندوویەتی كە هاوبەشێكی سەرەكییە لە گەشەپێدانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنیدا. هەمیشە سەرچاوەی هێز و داهێنان بووە بۆ بەرگریكردن لە مافەكان و مسۆگەركردنی داهاتوویەكی باشتر بۆ ئافرەتانی كوردستان.

لەم یادەدا بە ڕێزەوە ڕەنج و قوربانیدانی ئافرەتان و ڕۆڵی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بەبیر دەهێنینەوە و پشتگیریی تەواومان بۆ كار و هەوڵەكانی لە پێناو پاراستنی مافەكانی ئافرەتان و بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتووتردا لەسەر بنەمای یەكسانی و دادپەروەری، دووپات دەكەینەوە.

سڵاو لە تەواوی ئافرەتان و دایكان و خوشكانی كوردستان كە دڵسۆزانە خزمەتی گەل و وڵاتەكەیان دەكەن. با ئەم یادە هاندەرێك بێت بۆ بەردەوامبوون لە كاركردن بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی ئافرەتان و بەدیهێنانی تەواوی ماف و خواستەكانیان.

نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان