وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاری دا بە دواخستنی وەرگرتنی پارەی خویندنی پاراڵێل و ئێواران لە قوتابیان لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا.

لە گشتاندنێکدا کە ئاراستەى گشت زانکۆ حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان کراوە، تیایدا هاتووە: بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی و دۆخی داراییی قوتابییان وداهاتی کەسوکار و خێزانەکانیان، بڕیارمان دا بە دواخستنی وەرگرتنی پارەی خوێندنی پاراڵێل و ئێواران لە قوتابییانى سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا کە بە پارالێل یاخود ئێواران لە زانکۆکان و دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەخوێنن.

هەر لە بڕیارەکەدا هاتووە، پێویستە وەرگرتنی قستەکان بخرێتە مانگەکانی داهاتووی ساڵی ئاییندە، بەپێی خشتەیەکی ڕێکخراو کە ڕەچاوی بارودۆخی داهات و داراییی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات.