به پێی زانیارییه‌كان، هێزه‌كانى یەکینەکانی پاراستنی گەل، ناسراو بە یەپەگە (YPG) له ڕۆژئاواى كوردستان، گه‌یشتنه ناو فڕۆكه‌خانه‌ى حه‌له‌ب و هه‌ردوو شارۆچكه‌ى نه‌بل و زه‌هرا و گه‌ڕه‌كه‌كانى ده‌وروبه‌رى شارى حه‌له‌ب.
هاوكات ڕوانگه‌ى سوورى بۆ مافى مرۆڤ، هێزە کوردییەکان دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕژیمى ئه‌سه‌د و فیرقەی چوار کۆنترۆڵی بازگەکانی نێوان ئەلشەهبا و حەلەب و بازگەکانی گەڕەکی ئەشرەفیە، كرد.
لەگەڵ گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە، خێزانەکان لە شاری تەل ڕه‌فعەت و ناوچەکانی باکووری حەلەب بەرەو گەڕەکی شێخ مەقسوود ئاوارە بوون.
هەروەها هێزە کوردییەکان بەرەو شارۆچکەکانی تەلحەفەر، تەلئاران، تەلحەسێل و گوندەکانی دیکەی لادێکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب پێشڕەوییان کرد، ئه‌وه‌ش دوای ئەوەی هێزەکانی ڕژیم بەرەو مەسکانە لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب کشانەوە.
ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوەدا، ڕۆژی پێنجشەممە 28ی ئەم مانگە، هێزەکانی ڕووسیا لە خاڵی سەربازیی تەل ڕه‌فعەت و فڕۆکەخانەی سەربازیی مێنغ کشاونەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هاتنی هێزی گەورەی گرووپه چه‌كداره‌كانى به‌ناو (ئۆپۆزسیۆنى سووریا).