د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
ئاکار یەکێکە لە بابەتە هاوبەشەکانی سایکۆلۆژیا و فەلسەفە، وەک دەگوترێت بە بڕبڕەی پشت و هەوێنی کۆمەڵگە و هۆکارێکی سەرەکیی مانەوەی دەژمێردرێت. چونکە لە لایەک گرێدراوی گەشەی ویژدانە و لە لایەکی ترەوە پەیوەستە بە دابونەریتی کۆمەڵگە. جێگەی داخە کە وەک پێویست گرنگی پێنەدراوە و هەر بۆیەش دەبینین نەک تەنیا لەسەر ئاستی تاک و خێزان بەڵکوو لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانییش بە دەیان کێشەی بچووک و مەزنی هێناوەتە ئاراوە، کە دۆزی ڕەوای کورد و چارەسەرنەکردن و ئاڵۆزتربوونی یەکێکە لە هەزاران ئەو کێشانە، کە تا ئێستاش بە نیوەچڵی بەجێهێڵدراوە کە بێئەژمار قوربانیی لێکەوتووەتەوە.
وەک دەروونناسێکی کوردستان بۆی دەچێ.. چەمکە ئاکارییەکان بریتین لەو بنەما و یاسا و دابونەریتە ڕەوشتییانەی کە لەنێو هەر کۆمەڵگە و شارستانییەتێکدا، وەک چوارچێوە و دەستوور و پێوەرێک بەکاردێت، تا بەهۆیەوە ڕاستی و دروستی و چاکە و خراپەی هەڵسوکەوت و ڕەفتار و بڕیارەکانی تاکەکان دیاری بکرێت.
ئاکاری تاکەکان هەر لە سەرەتای منداڵییەوە و لە ڕێگەی پەروەردە و فێرکردن گەشە دەکات و هیچ کەسێک بە جینێکی تایبەت بە ئاکار لەدایک نابێت. وەک زۆرێک لە ڕەفتارە وەرگیراوەکانی تر فێربوونی ئاکاریش هەر لە خێزان و لە باوەشی دایک و باوک و سەنتەرەکانی تری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی دەستپێدەکات. بەپێی بیروباوەڕی دەروونناسان ویژدان داینەمۆی ڕەوشت و ئاکارە و، هیچ پێشکەوتنێک لە مرۆڤدا ڕوونادات، مەگەر ئاکارەکانی لەسەر بنەمای ویژدان دانرابێت، تەنانەت ئەو پەیوەندییە ئەوەندە بەهێزە کە هەندێ جار ویژدان وەک زاراوە و چەمکی ئاکار بەکار دەهێندرێت لە بابەتی شرۆڤەی ڕەفتارە ئاکارییەکانی مرۆڤ.
فەیلەسۆفەکان لە بارەی ئاکار زۆر بیروباوەری جیاوازیان پێشکەش کردووە. نیچە فەیلەسوفی مەزن، لەو بڕوایەدایە زۆرێک لەو بابەتانەی ئێمە بەناوی ئاکارەوە لە بارەیەوە قسە دەکەین، لە ڕاستیدا دژە ئاکارن، چونکە خودسەنتەری تیایدا باڵادەستە، کە مەبەست لێی ئەوەیە لەم جیهانەدا تەنیا ( منی مرۆڤ) تەوەری سەرەکین و هەموو شتەکانی تر پێویستە لە خزمەتی مندا بن. نیچە پێی وایە کە ئەم بیرکردنەوە هەڵەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤ خۆی هەست بە خۆپەرەستی و کورتبینی دەکات، بۆیە ئەو پێی وایە دەبێ ئاکار لە ڕێگەی بەکارهێنانی دروستی عەقڵەوە فێری منداڵان بکرێت، هەمان ئەو شتە و عەقڵە تەندروستەی کە کەسانێکی وەک چارلز داروین پێیانوایە بریتییە لە چۆنییەتی بیرکردنەوە و چۆنییەتی ئەوەی کە دەبێ لەبارەی چییەوە بیر بکەینەوە. ئێریک ئێریکسۆن، دەروونناسی بەناوبانگی ئەمریکی، لەو بڕوایەدایە تا ئێمە منداڵ بینا نەکەین، کۆمەڵگە بینا ناکرێت.
بە هەمان ئاراستەش، بەردی بناغەی ویژدان هەر لە منداڵییەوە دادەنرێت و، ئەگەر ئەم کارە لەسەر بنەمای دروست و زانستییانە ئەنجام نەدرێت، ئەم لایەنەی مرۆڤ نابێتە ئەگەری سەرهەڵدانی ئاکارێکی جوان و دروست. ئەوەش هەمان ئەو کێشەیەیە کە دواتر لە ژیانی گشتی و تایبەتیدا هەزاران گرفت دروست دەکات. چونکە لە ویژدانێکی مردوو و لاواز و بێهێز، کە بەرهەمی چەندەها فاکتەری خودی، تایبەت، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیین، هیچ شتێک جگە لە خراپە و دووانیزمی کەسایەتی و درۆ و فرت و فێڵ و تەڵەکە و دزی و زەوتکردنی مافی کەس و نەتەوە و خەڵکانی تر چاوەڕێ ناکرێت. چونکە لە بنەڕەتدا کەسایەتیی ئەوجۆرە کەسانە لەسەر ئەو بناغەیەوە بنیاتنراوە کە تەنیا بیر لە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان بکەنەوە، کە ئەمەش بەشێکی جیانەکراوەیە لە کەسایەتییان کە ئەو کەسانە ئاکار لەو بیرکردنەوەیەدا دەبینن کە لە بەرژەوەندیی تایبەتی و کەسیی ئەواندا بێت، بەپێچەوانەی ئەو ڕەفتار و بڕیارە بە ڕەفتار و بڕیارێکی ئاکاری نابینن. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕاستیدا ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بەشێکە لە قۆناغی ویژدان مردووییی لای ئەو کەس و لایەنانە.
بەداخەوە دەبێ ئەوەش بگوترێت کە توێژینەوە بەپێزەکانی چارلز داروین لەسەر ڕابردووی ژیان و سرووشت و مرۆڤایەتی ئەوەیان پێشانداوە کە لە ناخ و ناوەرۆکی سرووشتدا هیچ ئاکارێک بوونی نەبووە و نییە و، سرووشت لە بنەڕەتدا دوورە لە بنەماکانی ئاکاری. بۆیەش نابێ ڕەفتاری پڕ لە شڵەژانی گیانەوەران لە بەرانبەر یەکتر، کە پڕیەتی لە توندوتیژی و کوشتن و یەکتر کوشتن و خواردن، جێگەی سەرسوڕمان بێ.
بەداخەوە هەمان ئەو ڕەفتارە قێزەونە لە لایەن نەتەوە و گرووپ و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەرانبەر کۆمەڵگە و نەتەوەی کورد زۆر بە ڕاشکاوانە دەبینرێت. ئەو نەتەوەیەی کە لە پێناو ئازادی و ژیانێکی شکۆمەندانە و دوور لە ڕق و کین، وەک جەنابی سەرۆک بارزانی بە « برایەتی» وەسفی دەکات، بە سەدان ساڵە خەبات دەکات، بەڵام بە شێوازی جیاوازی نامرۆڤانە سەرکوت دەکرێت و ئەمە کاتێک دەبێتە مایەی نیگەرانی، ئەو کاتەی تەنانەت وڵاتانی بەناو دیموکراسی و هەڵگرانی ئاڵای ئازادیی ڕادەربڕین و یەکسانی بەشداری ئەو ڕەفتارە نامرۆڤانانەیە دەبن، یان لانیکەم لە ئاستیدا بێدەنگی دەنوێنن تا ببێتە چرایەکی سەوز و لەژێر پەردەیدا نەیارانی کورد بە هەموو هێز و توانایانەوە هەر چییەکیان بۆ بلوێ دژی کورد ئەنجامی بدەن.
ئەم ڕاستیە تاڵە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ، جیهان بە تێکڕا و بەتایبەت پیاوانی سیاسیی ناوچەکە و جیهانی سەردەم پێویستیان بە پەروەردە و گۆڕینە، تا بەهۆیەوە ویژدانە مردووەکانیان زیندوو ببێتەوە و لە ئاست ڕووداوەکان و ئەوەی تووشی میللەتانی وەک کورد دێت، هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و بڕیاری سیاسیی دروست و لەسەر بنەمای ئاکاری مرۆیی و رێزگرتن بدەن تا چیتر تاوانەکانی هاوشێوەی ئەنفال و کیمیاباران و ژینۆساید و قڕکردن و جۆرەها تراژیدیا و تاوانی دیکە دووبارە نەبنەوە و ئەو هەموو قوربانییەی لێنەکەوێتەوە. بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە هەڵگری ئاڵای دیموکراسین و چەندەها لەم وڵاتانە بنکە و بارەگا و کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتییان لە هەرێمەکەماندا هەیە و لە نزیکەوە چاودێری هەڵبژاردنی ئەمجارەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و خۆیان بە چاوی خۆیان بینییان کە خەڵکی هەرێمەکەمان چۆن بە بەرپرسیارێتییەوە لە هەڵبژادن دەڕوانن و وەک ئەرکێکی نیشتمانی بە جۆش و خرۆشەوە ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد تا لە ژێر ئاڵای بەرز و شەکاوەی کوردستان و لە کەشێکی ئازاددا کە بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی هەزاران پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و خوێنی ڕەنگینی شەهیدانە، دەنگ بە سەروەری و شکۆ و پایەداری و بەردەوامی و شەرعییەت و ڕەوایەتی و ڕەسەنایەتی و پێکەوەژیان و ئارامیی ئەم هەرێمە و حکوومەتەکەی بدەن. هەڵبژاردنێک کە بە شاهیدیی وڵاتانی دۆست و دوژمن سەرکەوتوو بوو، بەتایبەت کە پارتی دیموکراتی کوردستان و بە سەرۆکایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، بە جیاوازییەکی بەرچاو سەرکەوتنێکی دیکەی مێژوویی تۆمار کرد و، دەریخست هێشتا ئەو پارتە و سەرۆکەکەی جێگەی متمانە و ئۆمێدن بۆ خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و مەزهەبی و کولتووری و بۆچوونی سیاسی. بەتایبەت سەرۆکەکەی کە چۆن دڵی بۆ میللەتەکەی لێدەدات و بە پەرۆشە بۆ ئەوەی سەرباری هەموو ماندوبوونێک بەڵام بە هیوا و ئۆمێدەوە لە ژیان و کار و خەبات و «خۆنەچەماندن» و ڕێبەرایەتی و خزمەت دەڕوانێ، ئەوە خۆی هێز و وزەیەکی بەرزی سایکۆلۆژییە، کە بێگۆمان وەک بەشێک لە بیردۆزەکانی سایکۆلۆژی بۆی دەچن، کە هەموو کەسێک لەو تەمەنەدا نییەتی. بۆیەش ئەمە خۆی دەرفەتێکە تا بگوترێت کە جەنابی سەرۆک بارزانی دەتوانێ جوانترین نموونە بێ بۆ کوردستانییان و بەتایبەت گەنجان و لاوان تا بە ئۆمێدەوە لە ژیان بڕوانن و لە کار و ژیاندا دەستەوئەژنۆ دانەنیشن، بەڵکوو بە جوانترین شێوە لە هەرێمەکەماندا سەیری ژیان بکەن و بە دانانی ئامانجەکانیان بە هەموو هێز و توانایەکەوە بەرەو ئەو ئامانجە جوانانە هەنگاو بنێن و هەمیشە ئەو فەرموودەیەی بارزانیی نەمریان لە یاد بێ کە: « لە سەرکەوتن مەغرور و لە شکەست بێئۆمێد مەبن». ئەمە مەزنترین داستانی ڕاستەقینەی خەباتە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیی بارزانیی نەمر و جەنابی سەرۆک، کە بوونەتە جێگەی شانازی و هیوا و ئۆمێدی ملیۆنان کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و تەنانەت دوژمنانیشیان هەستی پێ دەکەن و ناتوانن نکۆڵی لێ بکەن.
* پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانکۆی زاخۆ