عەباس غەزالی
ڕۆژی 24/11/2024 گەنجێکی بەهرەداری کورد وەک نەمامێکی بەری ڕووا و ناوی چووە ناو کتێبی گینس. هەرچەندە کورد شانازی بە داستان و ئوستوورەی وەک فەرهادی بێستوون دەکات؛ بەڵام کاری ئەم فەرهادە لە کاری ئەو فەرهاد گەورەتر بوو. بۆیە حەقە بە قەولی شێخ مەحموودی نەمر بە خۆی بڵێ “فەرهادی قەومی کوردم و فەریادی کورد ئەکەم”. بە شانازییەوە، بەو بۆنە شادەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و زانا و داهێنەرانی کورد دەکەم.

وەک ئاگادارن دەزانن بەهرەکەی کاکە فەرهادی نەریمان جیاواز بوو لەچاو زۆر کەسی دیکە کە ناویان چۆتە ناو کتێبی گینس. بەهرەی ئەو بە هۆی توانایی مێشک و زەینی بەهێزی بوو کە بەو پەڕی شارەزاییەوە پەروەردەی کردووە. ئەم سەرکەوتنەی ئەو لایەنێکی بچووکی تواناکەیەتی. لایەنی بەهێزی دیکەی ئاستی خوێندەوارییە ئاکادیمیکییەکەیەتی. ئەو لە یەک کاتدا لە وڵاتی سوئێد لە دوو زانکۆدا دەخوێنێت. بە تایبەتی ئاستی خوێندەوارییەکەی لە بواری ئابووری و بانکدا جێی سەرنجە. ئەو جگە لەوەی چەند زمانێک بە باشی دەزانێت، لە قۆناغی بەکالۆریۆسدا توێژینەوەی زانستیی گرینگی لە گۆڤاری ئاست بەرزی دەرەوەدا چاپ کردووە. هەروەها لە بواری زانستی مێشکدا شارەزا و خاوەن بۆچوونە. جێی ئاماژەیە جگە لەو توانایانە لە وەرزش و مۆسیقاشدا کەسێکی لێهاتووە.

ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە ئەوەیە فەرهاد لە تەمەنی منداڵییەوە، لە ناو ناخۆشی و تراژیدیادا، بە تەنیا، بەوپەڕی باوەڕەوە، بە ئامانجی خزمەت کردن بە مرۆڤایەتی و زانست و نەتەوەکەی لە ناو سەختیدا خۆی پێگەیاندووە. ئەو بەو توانا فەرهادییەی کە هەیەتی دەیتوانی بچێتە ناو بوارێکی دیکە و تێیدا دەوڵەمەند بێت؛ بەڵام لەبەر دڵسۆزی و ئاگاییەکەی پێی وایە نەتەوەیەک پێویستی بەوە بۆیە توانای خۆی تەنیا بۆ فێربوونی زانست بەکار هێناوە.

بەو ڕوانگەیەی لە سەردەمی کۆن و ئێستا و لە داهاتووشدا ئەو وڵاتانە سەردەکەون کە زانا و بەرهەداری مەزنیان پەروەردە کردبێ و داهێنانیان هەبێ، لە کوردستانیشدا کەسانی وەک فەرهاد بە داهێنان و زانستی خۆیان دەتوانن داهاتوویەکی گەش بۆ ئەم وڵاتە وێنا بکەن. هەبوونی ئەو جۆرە گەنجانە نیشانەی ئەوەیە کە کورد لە دونیادا دەبێتە خاوەن شوناسێکی باوەڕپێکراوی بەسوود کە دەتوانێ کەسی مەزن بۆ خزمەت بە هەموو مرۆڤایەتی و جیهان پێبگەیێنێت. بێ گومان سەرمایەگوزاری لە سەر لێهاتووان باشترین سەرمایەگوزارییە، چونکە کەسانی وەک فەرهاد نەک هەر نابنە بارگرانی بەڵکوو وەک کەسایەتیی بەکەلک لە داهاتوویەکی نزیکدا دەتوانن خزمەتی گەورە بە وڵات و گەلەکەیان بکەن. هەروەها ئەو جۆرە کەسانەی کە بە توانای خۆیان بە ڕێگەیەکی ڕاستدا خۆیان پێگەیاندووە کەسی خۆنەویست و خاوەن پرەنسیپ و سێبەرن. بۆیە یارمەتیدانی ئەو ئەرکی سەرشانی کەسانی تێگەیشتوو و دڵسۆز و ئایندەبینە.

لێرەدا بە ڕوانین لە دیمەنی پێشکەوتن پێشنیارم ئەوەیە دەزگایەکی فەرمیی تایبەت بە دۆزینەوەی توانا تایبەتەکان و نوخبە لێوەشاوەکان دابمەزرێت بۆ ئەوەی بەوپەڕی ڕێزەوە پشتیوانییەکی تەواویان لێ بکرێت و ئایدیا و پڕۆژەکانیان بە هەند وەربگرن و مەیدانیان پێ بسپێرن. جێی سەربەرزی و خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی بۆتە ماڵێکی گەرم بۆ هەموو کوردێک و فەرهادیش خۆی بە خاوەنی دەزانێت. هەروەها جێی سوپاسە کە هەرێمی کوردستان گرینگی بە فەرهاد دەدات و لە لایەن ڕێکخراوی ڤیژن ئێجوکەیشن سپۆنسەر کراوە. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بە متمانەوە لە قۆناغ سەخت و دژوارەکاندا یارمەتیی کاکە فەرهادیان دا.