ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە لوبنان پەسەند کرد و ناتانیاهۆ ڕایگەیاند: حزبوڵڵامان بۆ چەندین ساڵ بۆ دواوە گەڕاندەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل، ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە لوبنان پەسەند کرد.
کەناڵی 14ـی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی چوارشەممە ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام ناکۆکی لەنێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا هەیە لەسەر کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە، ئەمەریکا دەڵێت سبەی بەیانی بچێتە بواری جێبەکردنەوە، لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەڵێت دەبێت سبەی ئێوارە ڕابگەیەندرێت.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی دانیشتووانی باکوور نەگەڕێنرێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، شەڕ کۆتایی نایەت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، تواناکانی حزبوڵڵامان بەرهەمهێنانی مووشەک لاواز کرد و دەتوانم بڵێم لەناومان برد و حزبوڵڵامان بۆ چەندین ساڵ بۆ دواوە گەڕاندەوە، هەروەها ئێمە پابەندین بە لەناوبردنی تەواوەتیی تواناکانی حەماس.