یادی سەد ساڵەی لەدایكبوونی گەورە كەسایەتیی نیشتمان عسمەت شەریف وانلی

235

د. هاوكار كریم حمەشریف
لەنێو بزووتنەوە رزگاریخوازەكانی جیهان زۆرێك لە كارەكتەرو كەسایەتی و سەركردەو كارێزما لە بوارە جیاجیاكان دەردەكەون كە هەوڵ و تەقەڵاو كارو چالاكی و تێكۆشانیان دەبێتە بەشێك لە مێژووی بزووتنەوە رزگاریخوازەكەیان، بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردیش تەژییە لەو كەسایەتی و كارەكتەرانە كە ئەویش سیاسەتڤان و دیبلۆمات و رۆشنبیری نیشتمان عسمەت شەریف وانلیە كە ڕۆژی پێنجشەممە 21/11/2024 سەد ساڵ تێپەر دەبێت بەسەر لەدایكبوونی، لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدە بەهۆی بارودۆخەكانی باكووری كوردستان بەشێوەیەكی گشتی و شاری (وان) بەتایبەتی، یەكێك لە ماڵباتەكانی كورد پەڕاگەندەی شاری دیمەشق بوون، بنەماڵەی محەمەد شەریف وانلی بوو، ئەم بنەماڵەیە لە گەڕەكی كوردان لەو شارە نیشتەجێ بوو.

كۆتایهاتنی جەنگی یەكەمی جیهان (1914-1918) لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی (1299-1924) پارچەی كوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئەم دەوڵەتە دابەشكرا بەسەر هەریەك لە توركیا،عێراق، سوریا. ئاكامەكانی ئەم جەنگە پرسی كوردی وەك پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەیی بێ چارەسەر و بەهەڵواسراوی هێشتەوە و تاڕادەیەكی زۆریش ئەم پرسەی لە چارەسەری سیاسی دوورخستەوە كە بەشێوەیەك لە شێوەكان هەتاكو ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت بەردەوامی هەیە، بەواتایەكی دیكە پرسی نەتەوەی كورد تاكو ئێستاش لەنێو چوارچێوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیدایە، چونكە خاوەن دەوڵەت و لەچوارچێوەیەكی ئارام و دانپێدانراوی نێودەوڵەتیدا نییە.

لەنێو ماڵباتی محەمەد شەریف وانلیدا لەڕۆژی 21ی نۆڤێمبەری 1924 كوڕێك لەدایك دەبێ بەناوی (عسمەت -1924-2011) ئەم كوڕە لەنێو ماڵباتێكی نیشتمانپەروەر و ناسیۆنالیست چاو هەڵدێنێ و دەخرێتەبەر خوێندن بە زمانی عەرەبی كە زمانی دایك و نەتەوەكەی نییە، بەڵام ئەو ماڵبات و ژینگەی دەوروبەرەكەی كە وەكو گوتمان گەڕەكی كوردەكان بوو سەرەڕای دووربوونیان لە زێدو خاك و نیشتمانی خۆیان توانی ببێتە ژینگەیەكی لەبار بۆ دروستبوونی گەنجێكی ژیر و بە توانا و خاوەن هەستێكی نیشتمانی كوردی گەورە، ئەوەی چانسی (عسمەت)ی لەو نێوەندەدا زیاتر پەرەپێدا بەریەككەوتنی بوو لەگەڵ كەسایەتییە سیاسی و ڕۆشنبیرییەكانی كورد كە ئەوانیش بە هۆكاری جیاجیا هاتبوونە نێو ئەم شارە ئەوانیش هەر یەك لە: جەلادەت بەدرخان، مەمدوح سەلیم، قەدرى جەمیل پاشا، ئەکرەم جەمیل پاشا، نورەدین زازا و قەدرى جان دواتریش لە بەیروت په‌یوه‌ندی لەگەڵ کامیران بەدرخان پەیدا دەکات و ناسینی مێژوونووسى کورد محه‌ممه‌دئەمین زەکى بەگ، هەر بۆیە كتێبی (مێژووی كوردستان) ی محەمەدئەمین و پەرتوكی (لە عەممانەوە بۆ ئامێدی یان گەشتێك بە باشووری كوردستاندا) لە نووسینی عەلی سیدۆ گەورانی ، ئەوەی یەكەمیان وەك پەرتوكێكی پیرۆز لێیڕوانیەوە، هەموو ئەمانە ڕۆڵێکى زۆر گرنگ دەگێڕن لە خەمڵین و ڕسکانى بیرى نەتەوەیى لاى وانلی. له‌ڕاستییدا گه‌ڕه‌كی كوردان له‌ دیمه‌شق به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی له‌ ژیانی وانلی پێكده‌هێنێت له‌ هه‌ردوو قۆناغی منداڵی و هه‌رزه‌كاریدا، سەرەتای چالاكییەكانی لەگەڵ هاوڕێیانی لە شام كۆمەڵەیەكی گرنگ پێكدەهێنن بەناوی (یانەی كوردستان) بۆ ڕۆشنبیری و وەرزش. هه‌ربۆیه‌ به‌ڕوونی له‌ چاوپێكه‌وتن و نووسینه‌كانی ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌.

هەموو ئەمانە وا دەكات كە وانلی بكاتە كوردێكی نەتەوەخواز و بیركردنەوەیەكی عەلمانی هەبێت كە ڕەنگە داگیركاری فەڕەنسا بۆ سوریا لەوكاتەدا هۆكارێكی گرنگ بووبێ بۆ بیروباوەڕەكانی، یان بەهۆی سروشتی بیركردنەوەی ناوبراو بووبێت‌، چونكە خودی خۆی باوەڕی بە بوونێكی ئەفرێنەری ئەودیوی سروشتەوە نەبوو، ئەو نەشونماكردنەی وانلی لەڕووی نەتەوەیی و دونیا بینییەوە هانی دەدات بەدوای خوێندنەوەو كتێب بگەڕێت و تاكو لەوێوە شڕۆڤەو شەنوكەوی مێژووی كوردستان و هۆكارەكانی بە دەوڵەت نەبوونی ئەو نەتەوەیە چڕبكاتەوە بەتایبەتی ئاكامەكانی جەنگی یەكەمی جیهان كە هۆكارێكی گرنگن لە قوڵبوونەوەی پرسی نەتەوەی كورد و دابەشبوونی كوردستان و دوورخستنەوەی لە چارەسەری سیاسی، بۆیە وانلی كەلكەلەی لا دروست بوو سەرەڕای هەموو ئەمانە خۆی فێری زمانە جیاجیاكان بكات و بڕیاری ئەوە دەدات ڕووبكاتە ئەوروپاو ئەو ئەوڕوپایەی دۆزی كوردی شێواندووە، و لەوێوە هەوڵەكانی وەگەڕبخات تاكو دۆزی ڕەوای نەتەوەكەی بگەیەنێتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرتەختی شانۆی جیهان.

وانلی لە ساڵی 1948 بە هزرو بیرێكی گەورەی نەتەوەیی و بە بەرنامەیەكی تۆكمە ڕوودەكاتە ئەوڕوپا و لە وڵاتی سویسرا شاری لۆزان دەكاتە شوێنی نیشتەجێبوون و چاڵاكییەكانی ئەو لۆزانەی لە ساڵی 1923 لە پەیماننامەیەكدا هەموو خەونەكانی كوردی كە لە پەیمانی سیڤەری 1920 لەسەری هەڵچنیبوو ئاوەژووی كرد، وانلی بە ئەنقەست ئەم شارەی هەڵبژارد، هەر بۆیەشە لە ئەپارتمانەكەیەوە سەیری كۆشكی ڤێرسای دەكرد هەر كاتێك بەبەردەمیدا گوزەری دەكرد بەر نەفرەتی دەدا.

وانلی هەر لەدوای جێگیربوونی لە لۆزان دەستی بەكارو چاڵاكییەكانی كرد و پەیوەندی بەهەندێك كوردانە گرێدا كە لەو كاتەدا لە ئەوروپا دەژیان بەمەبەستی كۆكردنەوەیان لە چوارچێوەی رێكخراو وانلی بەهاوكاری نورەدین زازا لە مانگی كانوونی دووەمی 1949 لە شاری لۆزانی سویسرا كۆمەڵەی لاوانی كورد لە ئەوروپا دادەمەزرێنن، كە ئەمە سەرەتایەكی گرنگ دەبێت بۆ كۆكردنەوەی ڕۆشنبیرو قوتابیانی كورد و هەنگاونانیان بۆ چالاكی ڕۆشنبیری و خوێندن لە زانكۆكان.
كۆمەڵەی ناوبراو بڵاوكردنەوەی چاپكراوێكی مانگانەی لەسەر شێوەی گۆڤارێك بە زمانەكانی كوردی و ئینگلیزی و فەڕەنسی بە ناوی (دەنگێ كوردستان) خستە ئەستۆی خۆی، كە سەرەتایەكی گرنگ بوو بۆ گەیاندنی دۆزی كورد بە كۆمەڵگەی ئەوروپی.

لە ساڵی 1956 وانلی بەمەبەستی زیاتر فراونكردنی كاروچاڵاكییەكانی ڕۆشنبیرو خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا لەگەڵ 18 كەسایەتی وخوێندكاری هەموو پارچەكانی كوردستان كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا (KSSE) دادەمەزرێنن كە دروست لە ڕۆژی 10/8/1956 ڕێككەوتنی لەسەر كرا كە ڕۆژگارێك ئەم كۆمەڵەیە بووە باڵوێزی كورد و كوردستان لە ئەوروپا.

كارو چالاكییەكانی كۆمەڵەی ناوبراو دەبنە جێگای سەرنج و تێڕامانی نێودەوڵەتی و لەناوخۆی كوردستانیش ڕەنگدانەوەی بەرچاوی دەبێت بەتایبەتی لەدوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 لە عێراق، چونكە بۆ كوردستانی عێراق وەرچەرخانێكی گرنگ بوو هەر بۆیە لەڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری پارچەیەكی كوردستان چووە قۆناغێكی نوێوە.

بەشداربوونی كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا
لە تشرینی یەكەمی 1960 یه‌كێتی خوێندكارانی جیهانی كۆنگرەی ساڵانەی لە بینایەی سینەما خەیام لە بەغدا گرێدا، شاندێك لە كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا بە سەرۆكایەتی عسمه‌ت شه‌ریف وانلی و بە ئەندامێتیی دوو خوێندكار لە باشووری كوردستان كە هەریەكە لە كەمال فوئاد و تحسین هەورامی بوون ئامادەی بوون.

وانلی وەك سەرۆكی كۆمەڵە وتارێكی گرنگ بە زمانی فەڕەنسی پێشكەش دەكات ستایشی كۆماری نوێ دەكات لە عێراق و هەروەها هەوڵەكانی چڕ دەكاتەوە بۆئەوەی كۆمەڵەكەیان ببێتە ئەندام لە كۆمەڵەی خوێندكارانی جیهانی، وانلی وەك یەكەم كەسایەتی باس لەدژیەكبوونی ماددەی دوو و سێ دەستوری كاتی عێراق دەكات كە لە ماددەی دوو هاتووە عیڕاق بەشێكە لە نیشتمانی عەرەب، و لە ماددەی سێ دا هاتووە كوردو عەرەب هاوبەشن لەم وڵاتەدا، كە ئەمە جەدەلێكی گەورەی لێدروست دەبێت و هەتاكو دەگاتە ئاڵۆزبوونی بارودۆخی كۆنگرەی ناوبراو، هەوڵەكانیان سەركەوتوو نابن بەهۆی ئەندامانی شۆفینزمی عەرەب و شیوعییەكان بەڵام ئەو چالاكییانە دەنگدانەوەیەكی گرنگیان لە كوردستان دەبێت و ڕۆژنامەكان پڕ دەبن لە نووسین و هەواڵ و چاڵاكییەكانی وانلی، له‌م ڕووه‌وه‌ مام جه‌لال ستایشی وانلی ده‌كات به‌وه‌ی “كه‌ پارتی دیموکراتى کوردستان قازانجێكی زۆری كرد له‌ ماوه‌ی ئه‌و هه‌فته‌یه‌دا به‌ هۆی كاریگه‌ری وتاره‌كه‌تان كه‌ پشتیوانی كرا له‌ لایه‌ن گه‌له‌وه‌ به‌رامبه‌ر حیزبی شیوعی، كه‌ قازانجه‌كه‌ی زیاتر بوو له‌ كاری ده‌ ساڵان” لەڕاستیدا ئەنجامەكانی كۆنگرە بۆ كورد بەشێوەیەكی گشتی و بۆ كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا بەتایبەتی ئەنجامەكانی ئەرێنی نەبوو بەتایبەتی كە نەتواندرا كۆمەڵەی ناوبراو ببێتە ئەندام لە خوێندكارانی جیهانی.

بۆ یەكەم جار لە بەغدا وانلی دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت كە دیدارێكی گرنگ لەگەڵ بارزانی ئەنجام بدات له‌مڕووه‌وه‌ وانلی دەڵێت: “زۆر بە گه‌رمی به‌خێرهاتنی كردین و موچڕكه‌یه‌ك به‌ له‌شمداهات و وا هه‌ستم ده‌كرد له‌ به‌رامبه‌ر پیاوێكی شۆڕشگێڕ و كاریزمایه‌كی خاوه‌ن كه‌سایه‌تی به‌سام و هه‌یبه‌تدام‌، بارزانی ستایشی چاڵاكییەكانی كۆمەڵەكە و خودی منی كرد…، په‌یڤه‌كانی مسته‌فا بارزانی بە شێوەیەك ده‌رده‌كه‌وت كه‌ لە دۆخی سیاسی ئاسوودە نییه…‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای سه‌رنه‌كه‌وتنمان له‌ ئه‌ندامبوون له‌ یه‌كێتی جیهانی خوێندكاران، به‌ڵام بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بێئومێد مه‌بن و له‌ كاره‌كانتان به‌رده‌وام بن و تا ڕۆژێك قبوڵ ده‌كرێن و حه‌تمه‌ن دادپه‌روه‌ری شوێن و ڕه‌وتی خۆی ده‌گرێت، به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌ی گه‌له‌كه‌تان له‌بیرنه‌كه‌ن، چونكه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد پێویستی به‌ هه‌وڵ و كۆشش و كاری نیشتیمانی ئێوه‌ هه‌یه‌ و دووركه‌ونه‌وه‌ له‌ ناكۆكی و فرتوفێڵی دوژمنان”.

لەدوای دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوول لە 11ی ئەیلوولی 1961، بارزانی بەلایەوە گرنگ بوو پەیام شۆرش و زوڵم و زۆرداری حكومەتی عێراق بگەیەنێتە ناوەندەكانی بڕیار بەدەستی نێودەوڵەتی و كۆمەڵگەی ئەوروپی و ئەمریكی بەشێوەیەكی گشتی، بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی 1964 وانلی دەستنیشان دەكات بۆ ئەم ئەركە. لە هەنگاوێكی گرنگی دیكەی وانلیدا لە ساڵی 1961 رێكخراوێكی گرنگ دادەمەزرێنێت لەژێر ناویشانی (لیژنەی بەرگری لە مافی گەلی كورد) لەو ڕێگەیەوە توانی لەگەڵ هاوكارەكانی دەیان كارو چالاكی لە ناوەندەكانی ئەوروپا ئەنجام بدات و كارو سیاسەتە نەگریسێنەكانی رژێمی عێراق دژ بە بە گەلی كورد لە ساڵی 1961 كە هەڵمەتێكی قراوانی بۆ سەر كوردستان و گەلەكەی ئەنجام دەدات بەو هۆیەوە وانلی توانی راستییەكانی ناو شۆرش و رووداوەكانی و پێشیلكاریەیكان دژ بە مافی مرۆڤ و داوای بە هاناوەچوونی گەلی كوردستان بكات لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

وانلی ساڵی 1964 لەدوای كەرتبوونەكەی نێو ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی وەفدێكی كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد سەردانی كوردستان دەكات بە مەبەستی لێكنزیكردنەوەو چارەسەركردنی گرفتەكەی مەكتەبی سیاسی بەلام ئەم هەوڵانە سەركەوتوو نابن هەر لەو كاتەدا لە ئۆكتۆبەری 1964 بەناوی (لیژنەی بەرگری لە مافی گەلی كورد) بەشداری لە كۆنفرانسیكی گرنگی نێو شۆرشی ئەیلوول دەكات كە لە ئەنجامی كۆنفرانسەكەدا ئەنجومەنێكی گشتی لێدەكەوێتەو بەناوی (ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆرشی كوردستان) كە نوێنەری تەواوی پێكهاتەكانی كوردستانی لەخۆ دەگرت كە ژمارەیان 63 ئەندام بوون خودی وانلیش یەكێك بوو لەمانە.

وانلی رۆلێكی گرنگی لە دارشتنی بەرنامەو پرۆگرامی ئەم ئەنجوومەنەدا دەبینیەوە كە ئامانج لێی سەركردایەتییەكی گشتی و بەدامەزراوەكردنی دامودەزگاكانی شۆرش بوو، ئەنجوومەنەكە وەك شێوە پەرلەمانێك وابوو كە دواتر بەناوی (مەكتەبی تەنفیزی) كە گوزارشتی لە حكومەتێكی بچوكراوە دەكرد كە دامودەزگاكانی (مەكتەبی عەسكەری، داد، تەندروستی و پەروەردە، راگەیاندن….هتد).

لەم نێوەندەدا وانلی توانی بە بەرنامەیەكی تۆكمە و سوودوەرگرتن لە ئەندامانی كۆمەڵەی خوێندكاران كورد لە ئەوروپا و ئەمریكا وەربگرێت و بەو هۆیەوە تۆڕێكی گەورەی سیاسی و دبلۆماتی دروست بكات و لەماوەی ساڵانی شۆرشدا توانی پەیامی شۆرش و پرسی كورد و بزووتنەوە رزگاریخوازەكەی بگەیەنێتە جیهان تا ئەو ڕادەیەی توانی پەیوەندییەكانی شۆرش لەگەڵ دەوڵەتان و ڕێكخراوە نێودەولەتییەكان بە قازانجی شۆرش بشكێنێتەوە، تا ئەو ڕادەیەی دبلۆماتی وانلی لە هەندێك وێستگەدا دەبێتە جێگای سەرنجی نەك تەنها وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەڵكو دبلۆماسیەتی عەرەبی دەجولێنێ بەم شێوەیەی ئەمان هەنگاو دەنێن لەسەر ئاستی دبلۆماسی سەفارەتەكانیان هاندەدەن كە هەوڵەكانیان وەگەڕبخەن لەگەڵ ئەم وڵاتانە كە نابێت وانلی وەكو نوێنەری شۆرشی كورد پێشوازی لێبكەن، ڤیزاو كارئاسانی بۆ كارو چاڵاكییانیان لە وڵاتەكانیان بدەن.

وێستگەیەكی دیكەی گرنگ لە خەبات و تێكۆشانی وانلی لەدوای پەیمانی شومی جەزائیر 6ی ئاداری 1975 كە تێیدا بە پلانێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی شۆرشی كوردی بۆ ماوەیەك ڕاگرت، وانلی بە هەڵچوونێكی زۆرەوە لە پایتەختە جیاجیاكانی ئەوروپا دەیان كۆنفرانس و كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست كە تێیدا هێرشی توندی كردە سەر رژیمی عێراق و شای ئێران كە بەهۆیەوە كارەساتێكی گەورەی سیاسی و مرۆیی دووچاری نەتەوەی كورد و بزووتنەوە رزگاریخوازەكەی بووەوە، ئەم هەوڵانەی وانلی دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو لەسەر ئاستی جیهان و توانی تا ئاستێكی باش سەركۆنەی هەوڵ و پیلانەكانی رژێمی عێراق و ئێران بكات كاریگەرییەكانی ئەم هەوڵانەی وانلی رژێمی عێراق وا لێدەكات بەشوەیەك لە شیوەیەكان بڕوای پێ بكەن كە سەردانی عێراق بكات و بارودۆخی ناوچە كوردییەكان بەچاوی خۆی ببینێ بەو واتایەی ئەو گوتانەی وانلی لە دەرەوە دەریدەبڕێت بۆ ئاژانسەكان دروست نین!!؟؟ بۆ ئەم مەبەستە لەڕێگەی سەفارەتی عێراقەوە پەیوەندی بە وانلی دەكرێت و بۆ ڕێكخستنی سەردانەكەی بە بەرنامەیەكی دیاریكراو و جێگیركردنی مەرجەكانی وانلی لە 18ی ئابی 1975 لەژێر ناونیشانی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەكان و بە ئەندامییەتی هەریەك لە بشیر بومعزەی جەزائیری و جان كلود لوتی سویسری و قەشە یوسف پەری خەڵكی سلێمانی سەردانی بەغدایان كرد و لەماوەی 18 رۆژ مانەوەیان لە عێراق و گەشتكردنیان بە ناوچەكانی كوردستان و دیداریان لەگەل بەرپرسانی عیراقی لە كۆتایدا وانلی بەمەبەستی چاكردنی بارودۆخی كوردستانی عێراق چەند خاڵێكی گرنگ پێشكەش دەكات كە پێویستە بخرێنە واری جیبەجێ كردن لە ناوچە كوردییەكان.

وانلی بارودۆخی كوردستانی لەكاتی سەردانەكەیدا بە تەواوى بۆ ڕوون بووەوە كە ئەو پڕوپاگەندانەی رۆژێمی عێراق دەیكات دوورن لەڕاستی . بۆیە لەكاتی گەڕانەوەی بۆ سویسرا لە دانیشتنێكدا بە ڕەوەندی كوردی ڕادەگەیەنێت كە ئەگەر عێراق نییەت پاكی خۆی لەسەر ئەو خاڵانە دەرنەبڕێت كە ئەو پێشكەشی كردووە ئەوا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هەموو ئەو ڕاستییانە ئاشكرا دەكات كە كورد لە عێراق دووچاری بوەتەوە، لەڕاستییدا حكومەتی عێراقی هیچ هەنگاوێكی ئەرێنی لەسەر بارودۆخی كورد لە عێراق نەنا و بەڵكو گوشارەكانی لەسەر ڕاگواستن و بەعەرەبكردن زیادكرد بەتایبەتی لە ناوچەكانی خانەقین و مەندەلی و كەركوك و دەشتی هەولێر و سنجار..هتد.

بەهۆی نەبوونی هیچ وەلامێكی عێراق وانلی دەستیكرد بە ئەنجامدانی كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی و گەشت بۆ پایتەختی ولاتانی ئەوروپا، سەرزەنشتكردنی سیاسەتەكانی رژێمی بەعس و ئەو هەڵمەتانەی لەدژی گەلی كوردستانی گرتبوونەبەر. ئەو هەوڵانەی وانلی بوونە هۆكارێكی گرنگ بۆ وشیاركردنەوەی ڕەوەندی كوردی و ئاشكراكردنی سیاسەتە نامرۆڤەكانی رژێمی عێراق بۆ ناوەندەكانی نێودەوڵەتی كە لە راستیدا ئابڕووچوونێكی گەورەی لێكەوتەوە و رژێمەكەی خستە ژێر پرسیار.

پێویستە لێرەشدا ئەوەش بگوترێت ئەو سەردانەی وانلی بۆ بەغدا لەلایەن هەندێ لە پارتی كوردی و كەسایەتییەكان هەر لە سەرەتاوە رەخنەی توندی ئاراستەكرا و بەلام وانلی بڕیاری خۆی وەرگرت و رووبەڕووی ئەو رەخنانەش بووەوە و سەردانەكەشی خستە چواچێوەی لیژنەیەكی تایبەت بە ناوی (لیژنەی بەدیارخستنی راستییەكان) راستە لەرووی ناوخۆ رەنگە هیچ شتێكی وای لێ شین نەبوبێ بەلام ئەو هەنگاوانی دواتر كە وانلی لە ئەنجامی سەردانە مەیدانیەكەی بۆ ناوچە كوردییەكان لە عێراق كە دواتر بەناوی هەمان لیژنە لەدەرەوەی وڵات راستییەكانی گەیاندە ناوەندە سیاسی و مەدەنیەكانی ئەوروپا كە ئەمەش وەكو گوتمان بەدیارخستن و ئابڕووچونێكی گەورە بوو بۆ رژێمی عێراق و خستنە ژێر پرسیاری لەرووی نێودەوڵەتییەوە كە دواتر هەر بەو هۆیەشەوە عێراق پیلانی تیرۆركردنی وانلی دادەرێژێی ولە 7ی 10ی 1976 ئەنجامی دەدات.

لەو مێژووە بەدواوە وانلی وەك كەسایەتییەكی سیاسی و دبلۆماتی كورد كەوتە بازنەی رژێمی عێراق و دەزگا هەواڵگرییەكانی، لە وێستگەی كۆتایی بووە پلانێك بۆ تیرۆركردنی ناوبراو ئەمەش لەرێگەی تیمێكی ڕاهێنراو لە رێگای سەفارەتی عێراق لە سویسراو پاشكۆی رۆشنبیری لە سەفارەتی ناوبراو نبیل نجم التكریتی ڕۆژی 7/10/1976 تیمێك هەڵدەكوتنەسەر شوێنی دانیشتنی وانلی و وەك مێوان خۆیان نیشان دەدەن و كە ڕۆژنامەنووسن و دوو رۆژ پیشتر كە لەگەڵ نەجم سەردانی وانلیان كردبوو پێیان راگەیاندبوو كە خورمای عێراقیان بۆ هێناوەو بەڵام لە سەردانی ئایندە بۆ دێنن ئەوەبوو تیمەكە دوای بەخێرهاتنیان لەلایەن وانلی كە ژمارەیان دوو كەس دەبێت فرسەتی ئەوە وەردەگرن بە دوو گوللە وانلی دەپێكن و ڕادەكەن،لەراستیدا وانلی بە موعجیزە رزگاری دەبێت و سەرەڕای لێكۆڵینەوەكانیش بەڵام بەهۆی هەبونی پەیوەندییەكی تۆكمە لەنێوان سویسراو عێراق لێكۆڵینەوەكان ئەنجامی ئەرێیی بەدیار ناخەن، ئەم پێكانەی وانلی هەتا رۆژگاری كۆچی دوایشی كاریگەری لەسەر كارو چاڵاكیەكان و تەندروستی ناوبراو جێهێشت.

وانلی بە درێژایی تەمەنی ئاڵای سەربەخۆیی کوردستانی هەڵگرتبوو، خاوەنی سەربەخۆیی هزری و پەیوەست بوو بە بیروباوەڕەكانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەكەی بەشێوەیەكی گشتی، وانلی وەك كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر لەدوای هەوڵی تیرۆركردنیشی ساردنەبووەوە بەڵكو بەگوڕ و تینێكی دیكەوە كارو چالاكییەكانی رێكخست و پەرەی بە پەیوەندییەكانی ناو ڕەوەندی كوردی و وڵاتان و دامودەزگا نێودەوڵەتییەكاندا، وانلی لەدوای هەوڵی تیرۆركردنیشی و سەختی باری تەندروستی لە هەولەكانی بەردەوام بوو بۆ كاركردن لەسەر دۆزی كورد و پەیوەندییەكانی لەمڕووەوە چەندان هەنگاوی دبلۆماتی و سیاسی رێكدەخات كە بێگومان ئەم هەنگاوانەی لە وێستگەی كۆتایی كەم تا زۆر بە قازانجی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردی بوو لەوانە:
1- بەشداریكردنی لە كۆنگرەی گەلی لیبی 1979.
2- گەشتەكەی بۆ تەهران و چاوپیكەوتنی لەگەل خومەینی لە 1979
3- دامەزراندنی حزبی سەربەخۆیی و پێشكەوتنی كوردستان 1979
4- ڕۆڵی وانلی لە ئاسانكاری و ڕێكخستنی گرووپە چالاكوانەكانی كوردستان.
5- ڕۆڵی وانلی لە بەرگریكردن لە كورد لە 1991-1993
6- ڕۆڵی وانلی لە دامەزراندنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانی (KNK) و پەرلەمانی مەنفا(1994-1999)
7- بەشداریكردنی لە دامەزراندنی ئینستیتیۆتی كوردی لە پاریس و ئەستەمبۆڵ لە (1983، 1992)
8- ڕۆڵی لە دامەزراندنی یه‌كێتی مافپەروەرانی كورد لە 1985
9- بەشداریكردنی لە دامەزراندنی ئینستیتیۆتی كوردی لە بەرلین لە 1994
10- ڕۆڵی وانلی لە دانانی ئینسایكلۆپیدیای كوردستان لە بڕۆكسل 1995

لەڕووی هاوسەرگیرییەوە وانلی لە ساڵی 1953 لەگەڵ كچێكی سویسری بەناوی “كارمن” خێزان پێك دەهێنێ تەنها لە سالی 1957 دەبنە خاوەنی یەك منداڵ بەناوی “سیامەند”، بەهۆی سەرقاڵبوونی ناوبراو بە پرسی كورد ئەوەندە ناتوانێت سەرپەرشتی خێزانەكەی و ئەركی زیادكردنی ژمارەیان بگرێتە ئەستۆ بەڵكو لە زۆر وێستگەدا خودی هاوسەرەكەشی تێكەڵاوی كارو چالاكیەكان كردبوو بۆیە ناوبراو لە یاداشتەكانی خۆیشی باس لە كەمتەرخەمبوونی خۆی دەكات بەرامبەر بە خودی خێزان و ماڵباتەكەشی.

لە ڕاستیدا وانلی كەسایەتییەكی گرنگی نێو دۆزی كورد بوو ئەكادیمی و رۆشنبیرێكی هەڵكەوتەبوو زمانزانێكی بە توانا بوو 63 سال لە غەریبی ژیا بەلام هەمیشە كورد و كوردستانی لە هزرو خەیاڵ و كارو چالاكیەكانی رەنگیدەدایەوە بە واتایەكی دیكە وانلی بۆ كورد لەدایكبوو و بۆ كوردیش ژیا، وانلی كەسایەتییەكی فرە رەهەندو فرە گۆشە بوو هەر شوێنێك كارو چالاكی تێدا بوایە بۆ خزمەتی كورد ناوبراو ئامادەگی هەبوو لە درووستكردنی رێكخراو لیژنە بۆ خەبات و تێكۆشان وبەرگری لە كورد ئەو یا دەستپێشخەربوو یا دارێژەری سەرەكی برگەو بابەت و پرۆگرام بوو، چالاكوانانی كورد لە ئەوروپا بۆ هەر چاڵاكییەك و دارشتنی چوارچێوەیەكی خەباتی مەدەنی روویان لە وانلی دەكرد و سوودیان لە تواناكانی وەردەگرت.

وەك نیشتمانپەروەر و دیموكراسیخوازێك لە هەموو پارچەكانی كوردستان لە لایەن گەلی كورد ڕێزی لێ دەگیرا، وانلی هەوڵی یەكخستنی بزاڤی كوردی دەدا وێڕای هەموو ئەمانە لە ئامانجە سەرەكییەكەی بێئاگا نەبوو كە بریتییە لە هێنانەدیی دادپەروەری بۆ كورد و كەمینەكانی تر لە میانەی كاری بەردەوام بۆ تیشك خستنەسەر گرنگی مێژووییان و شوێن و پێگەیان وەك هاووڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وانلی له‌ ڕۆژی 9ی تشرینی دووەمی 2011 له‌ كاتژمێر چواری سه‌ر له‌ به‌یانی له‌ شاری لۆزان له‌ ته‌مه‌نی (87) ساڵیدا له‌به‌ر كاریگه‌ری نه‌خۆشییه‌كی كوشنده لەو شارە كۆچی دوایی كرد، خواستی هەبوو، كه‌ له‌ دیاربه‌كر بینێژن، به‌ڵام حكومه‌تی توركیا ڕەزامەندی نەدا بە گەڕانەوەی تەرمەكەی. ڕۆژی چوارشەممە 16ی تشرینی دووەم داندرا بە ڕۆژی بەخاكسپاردنی لە ماوەی هەفتەیەك هەموو ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی مەراسیمێكی گەورە بۆ ناشتنی رێكخران.

هەموو لایەنە سیاسی و دۆست و ڕەوەندی كوردی بۆ مەراسیمەكە ئاگاداركرانەوە ڕۆژی چوارشەممە 16ی تشرینی دووەم كاتژمێر 12 ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنەكە بەڕێوەچوو لە ڕۆژی دیاریكراو مەراسیمەكە بەڕێوەچوو له‌ناو ئاپۆڕای ڕه‌وه‌ندی كورد له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ گۆڕستانیBois de Vaux, Cimetiêre, du Bois de Vaux, parcelle 8. 1007 Lausanne, Switzerland لە پایتەختی كانتۆنی ڤود هەر لە لۆزان ئەو شارەی كە (63) ساڵی تەمەنی خۆی تێدا بەسەربرد بە خاك سپێردرا، له‌مباره‌یه‌وه‌ جواد ملا له‌ مه‌راسیمی ناشتنه‌كه‌یدا ده‌ڵێت “جه‌ماوه‌رێكی زۆر ئاماده‌ی ناشتنی ته‌رمه‌كه‌ی بوون له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری هه‌موو حزبه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان هەموویان بەشێوازێكی ئەرێی باسیان لە ڕۆڵ و خەباتی سیاسی و دیبلۆماتی وانلیان كرد بۆ ماوەی زیاتر لە شەست ساڵ خەبات و تێكۆشانی ئەنجامدا بۆ خزمەتی دۆزی نەتەوەی كورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەكەی لە هەر چوار پارچەی كوردستان.

له‌ كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌دا سیامه‌ندی كوڕی قسه‌ی دەكات و دەڵێ: باوكم هه‌موو ته‌مه‌ن و هه‌وڵ و خەبات و تێكۆشانی به‌درێژایی ژیانى له‌پێناو ئه‌وه‌دا بوو كه‌ كورد یه‌كبن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌بینی، ئەگەر ئەو بیزانیایە مردنی ئەو هەموو كورد لێرە كۆدەكاتەوە داخوازی مردنی دەكرد، به‌ڵام دڵنیام ئێستا به‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو كورد لێره‌ ڕوحی ئاسوده‌یه‌، تێكۆشان و هەوڵ و خەباتی سیاسی و دیبلۆماتی و رۆشنبیری رێكخراوەیی وانلی وا دەكات كە لایەنە پەیوەندیدارەكانی بواری مێژوو ئاوڕێكی جدی لێبكەنەوە و سوود لە ئەزموونی سیاسی و دبلۆماتی ناوبراو وەربگیرێت.

بۆ ئەم مەبەستە ساڵی 2019 پ.د. اسماعیل محمد حصاف رۆڵ و ناونیشانی ئەو كەسایەتییە لەشیوەی پڕۆپۆزەلێكی تێزی دكتۆرا پێشكەش بە بەشی مێژوو كۆلیجی ئاداب زانكۆی سەلاحەدین هەولیر دەكات دوای برینی رێكارە زانستییەكان لە 2020 من ئەركی نووسینی ئەو پرۆپۆزەلە دكتۆرایەم بە ناونیشانی (عسمەت شەریف وانلی (1924-2011) ڕۆڵی سیاسی و ڕۆشنبیری لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) لە ئەستۆ گرت و لە ساڵی 2023 بە پلەی زۆر باش دكتۆرانامەكە وەرگیرا.