وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو وەزارەت و فەرمانگەكانی لەبارەی ئامادەکردنی لیستی مووچە ئاگادار كردەوە و جەخت دەکاتەوە، ئەمڕۆ دواوادەی ناردنی لیستی مووچەی مانگی 11یە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری وەزارەتی دارایی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی لەبارەی چۆنیەتیی ناردنی لیستی مووچەی مانگی 11 ئاگادار كردووەتەوە.
ئاماژە بەوە دراوە: “دەبێت لە لیستی مووچەدا گشت فەرمانبەران ناویان لە لیستدا هەبێت و بە میلاك هەژمار بكرێت، مووچەخۆران و ئەوانەیشی مۆڵەتی بێمووچەیان هەیە، دەبێت بنووسرێن.”
داواش كراوە، كە: “ئەو فەرمانبەرانەی بەهۆی ئەوەی مۆڵەتیان هەیە و لەدەرەوەی وڵاتن و بایۆمەترییان نییە، دەبێت دیاری بکرێن”
لە نووسراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو: “دەبێت گشت فەرمانبەران کۆدی (UPN)یان هەبێت و 13 ژمارە بێت و نابێت لە لیستی مووچەدا دووبارە بێتەوە،”
جەختیش كراوەتەوە، نابێت ناوی دووبارە لە لیستی مووچەدا هەبێت: “ئەگەر لە لیستی مووچەدا ناوی دووبارە هەبوو، بەڵام یەك كەس نەبوون و دوو كەسی جیا بوون، پێویستە ناوی دایكیان بنووسرێت.”
جەخت کراوەتەوە، لیستی جیاوازی مووچەی فەرمانبەران، لەگەڵ لیستی مووچە بە سیدییەکی جیاواز و بە کاغەز بۆ دارایی بنێردرێت.