
خەبات – ساسان دەروێش
حکوومەتی عێراق بڕیاری دا، كە 20 و 21ی تشرینی دووهمی 2024، لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە سەرژمێریی گشتی بۆ دانیشتووان ئەنجام بدات و ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ئەو پرسە بەردەوامە بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە هاووڵاتییانی تاراوگە بکرێ لە ڕێنماییکردن و ئاسانکاری بۆیان تاكوو خۆیان تۆماربکەن لەو پرۆسەیە، لەوبارەیەوە سەیران کەریم چالاکوان و بەرپرسی ڕەوەندی کورد لە سویسرا بۆ خەبات دوا:
سەیران کەریم چالاکوان و بەرپرسی ڕەوەندی کورد لە سویسرا سەبارەت بە ڕەوەندی کوردستانی لە تاراوگە و سەرژمێری نەکردنیان نیگەرانە و دەڵێت: چۆن دەکرێ لە پرۆسەیەکی چارەنووسسازی وەک سەرژمێرکردن، ڕەوەندی کوردستانی لە تاراوگە پشتگوێ بخرێ و پەراوێز بخرێن کە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی گەورەی کوردستان بوون و بەشێکی دانەبڕاو بوون لە نیشتیمان، ئێمە گوێبیستی هیچ ڕێنمایی و ئاسانکارییەک نەبووین نە لە عێراق و نە لە هەرێمی کوردستان کە چۆن بەشداری ئەو پرۆسەیە ببین. دەکرا لە ڕێگهی ئۆنلاین یاخود باڵیۆزخانەکانی عێراق یاخود نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بمانتوانیایە بەپێی پێویست خۆمان ناونووس بکردایە کە لە داهاتوودا قەبارە و ڕێژەی کوردمان دەزانی چەندین، وێڕای ئەوەی کە لە داهاتوودا پێگە و سەنگی کورد بۆ عێراقیش ڕوون دەبووەوه کە پەیوەستە بە بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان.
سەیران کەریم ئهوهشی گوت: دیارە هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین کە لە ساڵی 1927 بەدواوە بە گشتی ھەر 10 ساڵ جارێک سەرژمێریی گشتی لە عێراق ئەنجامدراوە و دوایین سەرژمێریش لە ساڵی 1997 بوو كه بەبێ بەشداریی ھەرێمی کوردستان لە عێراق ئەنجام درا لەژێر چەتری ڕژێمی پێشووی بەعسی داڕووخاو، ناکرێ ئەمە دووبارە بکرێتەوە بۆ هاووڵاتییانی تاراوگە و هیچ کەس و لایەنێك قسە لەسەر ئەم پرسە ناکەن و خۆیان بێدەنگ کردووە.
هەروەها سەیران کەریم دەشڵێت: سەرژمێری كردن له عێراق و هەرێمی کوردستان بەبۆچوونی من زەرەرمەندی یەکەم کوردستان و ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەبێت، کە تووشی پاکتاوی ڕەگەزی بووین لەو ناوچانەدا. خاڵێکی دیکە ئایا تاکو ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بیری لە کوردانی دەرەوەی وڵات کردۆتەوە بە هەموو ئایینە جیاوازەکانەوە کە نزیکەی سێ ملیون کورد لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، هەیە لەو کەسانە هیچ کەسێکی لە کوردستان نەماوە یاخود هیچ بەڵگەنامەیەکی کوردستانی نییە وەکو کارتی نیشتمانی و فۆرمی بایعی یاخود هەیانە و نوێ نەکراوەتەوە خەڵکیشمان هەیە مافی پەنابەری و پاسپۆرتیان نییە و ناتوانن بە هیچ شێوەیەک بگەڕێنەوە بۆ سەرژمێری هەموو ئەمانە زیانە لە ڕێژە و دیاریکردنی کورد لە هەرێمی کوردستان. وهك پێشتریش ئاماژەم پێدا، پێویستە لە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەورووپا و وڵاتانی جیاواز یاخود باڵیۆزخانەکانی عێراق یان بە ئۆنلاین ڕێگهچارەیەك بۆ کوردانی دەرەوەی وڵات بدۆزرێتەوە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بێدەنگ نەبن لەوەی کە هاووڵاتییانی تاراوگە لەو پرۆسەیە بێ بەش بکرێن، چونکە هەموویان ڕۆڵەی ئەو نیشتیمانە و تەواوکهری خەڵکی کوردستانن.
لە کۆتاییشدا سەیران کەریم ڕایگەیاند: عێراق چەندین پێکھاتەی جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی ھەیە و تا ئێستا خاڵە جیاوازەکانی نێو پڕۆسەی سەرژمێری بریتییە لە دیاریکردنی نەتەوە، بەجۆرێک خواستی پێکھاتەی عەرەب ئەوەیە کە نەتەوە لە فۆڕمی زانیارییەکانی سەرژمێری دیاری نەکرێت، ھەریەک لە پێکھاتەی کورد، تورکمان و کریستیان و کوردانی ئێزدی خواستیان لەسەر ئەوە ھەیە کە نەتەوە دیاری بکرێت و ئامانجیان ئەوەیە کە قەبارەی پێکھاتەکان بەدیار بکەوێت.
– داوایەکی دڵسۆزانەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سهبارهت به سهرژمێریی گشتی
سەیران کەریم سەبارەت بە بەیاننامەیەکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی گوتی: دەبێت هەموومان پشتیوانی لەو داواکارییە بکەین بۆ ئەوەی بتوانین لەم هەنگاوەش پێگەی کورد وەک ئەوەی هەیە نیشان بدەین، دەمەوێت لێرەدا سەبارەت بەو بهیاننامهیه كه لە ڕۆژی (سێشهممه 12ی11ی2024) کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بڵاوی كردووهتهوه، بۆ خەبات بخەمە ڕوو كه دەڵێن: «سهرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق و تێیدا هەرێمی کوردستانیش لە یەک کاتدا و لە ڕێکەوتی 20 و 21ی ئەم مانگە دەکرێت، لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی مێژوویی بەرانبەر بە گەلەکەمان و پرسە ڕەواکەی، بێگومان ئەم سەرژمێرییە گرنگە بۆ بە دیارخستنی پێگەی کورد و هەنگاوێکه بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی کورد دیاری بکرێت». لە بهیاننامهكهدا، جهخت كراوهتهوه كه ئەوەش بۆ عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیش بایەخی خۆی هەیە: «بۆیە بە گرنگی دەزانین کوردستانییانی تاراوگە لە گرنگی خۆتۆمارکردن و بەشداربوون لەو پڕۆسەیە ئاگادارو بهشداربن بۆ ئەوەی بتوانین لەم هەنگاوەش پێگەی کورد وەک ئەوەی هەیە نیشان بدەین.