خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- هەردوو هونەرمەندی دەنگخۆش فەرهەنگ غەفوور و شاخەوان کەرکووکی گۆرانی (مەکەن مەنعی عاشقان) دووێیت دەکەن و بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوی دەکەنەوە، هونەرمەند شاخەوان کەرکووکی دەربارەی ئەم بەرهەمە هونەرییە خۆی و هونەرمەند فەرهەنگ غەفوور، کە گۆرانی (مەکەن مەنعی عاشقان)ە، قسەی بۆ خەبات کرد و گوتی: تێکستی ئەم بەرهەمە شاعیری ناوداری گەورە (ئەحمد کۆر)ە.
کە ئێستا لە ژیان نەماوە ئەم شیعرە چەن سەدەیەک پێش ئێستا نووسراوە، هەروەها گۆرانییەکە لە ئاوازی مامۆستا فەرهەنگ غەفوورە و کاری میوزیکی لە وڵاتی تورکیا بۆ کراوە، هەروەها کاری دابەشکردن میوزکیش لەلایەن (سەرکان تانک) ئەنجامدراوە، کە میوزیکی ژەنێکی بەتوانای کوردستانی باکوورە و خەڵکی شاری دیاربەکرە.
شاخەوان کەرکووکی زیاتر لەبارەی ئەو بەرهەمە قسەی کردو گوتی: لەم بەرهەمەدا تێکەڵ بوونێکمان درووست کردووە، مەقامی هەولێر و کەرکووکمان ئاوێتەی یەکتر کردووە و کارێکی جوانی لێدەرچووە لەڕووی دەنگ و مەقام، هیوادارین بەم بەرهەمەمان توانیبێتمان بەرهەمێکی جوانتر بخەینە سەر خەرمانی میوزیک و هونەری کوردی، لە کلیپەکەشدا چەند ئەکتەرێکی بەتوانا بەشداریان کردووە و ڕۆڵیان گێڕاوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی خۆیەتی، محەمەد مەرزانیش کاری کلیپ و وێنە گرتنی بۆ کردووە.