(پانیی پێی ئاشیل) و ئاسۆی دەسەڵاتی سیاسی عێراق

904

د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
دەستەواژەی (پانیی ئاشیل / پانیی ئەخیل) ئاماژەیە بۆ خاڵی لاوازی هێزێکی باڵا کە دەبێتە هۆکاری لەناوچوونی. شایانی باسە زۆرجار لە گوتار و توێژینەوەکانی سیاسیدا ئەم دەستەواژەیە بەکاردێت وەک ئاماژەیەک بۆ خاڵی لاواز و لەناوچوونی دەسەڵات یان حکوومەت یان کەسایەتییەکی سیاسی. سەرچاوەی ئەم دەستەواژەیە دەگەڕێتەوە بۆ (میسۆلۆجیا/ کولتووری گریک)، گوایە کاتێک (ئاشیل / ئەخیل) منداڵ بوو، پێشبین خوێنێک پێشبینی ئەوەی کردبوو کە (ئاشیل) لە جەنگێکدا دەکوژرێت، بۆیە (سیتس) دایکی (ئاشیل)، ئاشیلی بردە سەر ڕووباری (ستیکس)ی پیرۆز و جەستەی (ئاشیل)ی نغرۆی ئاوی ڕووبارە پیرۆزەکە کرد بۆ ئەوەی جەستەی پارێزراو بێت لە پێکان و ژیانی پارێزراو بێت. بەڵام لەکاتی نغرۆکردنی جەستەی (ئاشیل) لەنێو ئاوی ڕووباری پیرۆز؛ پانیی پێی ئاشیل بەدەست دایکییەوە بوو و نەچووبووە نێو ئاوە پیرۆزەکە، بۆیە (پانیی پێی ئاشیل) وەکوو خاڵێکی لاوازی جەستەی مایەوە… دواتر لە شەڕی (تروادا) تیرێک بەر (پانیی پێی ئاشیل) دەکەویت و دەبێتە هۆکاری مردنی (ئاشیل).

(پانیی ئاشیل) لە حکوومەتی عێراق و دەسەڵاتە سیاسییەکەیدا زۆرن. خاڵە لاوازەکانی وەک ئابوورییەکی ناسەقامگیر، ململانێی نەتەوە و مەزهەبەکان. ئەم خاڵە لاوازانە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقی نوێ لە ساڵی ١٩٢٠، تەنانەت زۆر پێش ئەویش بوونی هەبووە و زۆرجار بووەتە هۆکاری شکستی سیاسی و کۆدەتا سەربازییە یەک لە دوای یەک و، نەهامەتییەکانی چەندین جەنگ و پێکدادان لەم وڵاتەدا ڕوویانداوە. لەو ماوەیەدا نابێ جەنگە کوشندەکانی ئەو وڵاتە و لەوانەش ئەو جەنگانەی بە ناوی جەنگەکانی کەنداو ناسراون، واتە جەنگەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ دراوسێکانی و بەتایبەت ئێران و کوێت و دواتریش لەگەڵ هاوپەیمانان، لەیاد بکرێن، کە زیانێکی گەورەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونی بە دوای خۆیدا هێنا و بوون بە هۆی خاپوورکردنی ژێرخانی ئابووریی ئەم وڵاتە و سەدان هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

فەلسەفەی چەوت و گەندەڵیی هەمەچەشن و بەتایبەت ئابووری و کارگێڕی و لەشکەری و لەگەڵیشیدا دۆگماتیزمی سیاسی و مەزهەبی و کۆمەڵایەتی و ناکۆکییەکانی ئەو وڵاتە، لە سەدەی بیست و یەکەمدا، دواجار بووە هۆکاری سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کە توانی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەسەر جبەخانەی لەشکەری ئەو وڵاتەدا زاڵ و پڕ چەک بێ و، پانتایییەکی زۆری خاکی ئەو وڵاتە داگیر بکات و بە پشتیوانیی هەندێ کەس و لایەن و وڵاتی هەرێمی و جیهانی توانی دەوڵەتێک لەنێو دەوڵەتەکانی عێراق و سوریا دابمەزرێنێ، کە ئەگەر ئازایەتیی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی و هێزەکانی هاوپەیمانان و هەندێ وڵاتی ناوچەکە نەبوایە، دوور نەبوو تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ؛ عێراق نەیدەتوانی لە ئاگری ئەم ڕێکخراوە دڕندەیە ڕزگاری بێت.

لە لایەکی ترەوە ناکۆکیی مەزهەبی خاڵێکی لاوازیی وڵاتی عێراقە و شان بە شانی ناکۆکییە نەتەوەییەکان، هەمیشە وەک دێوەزمە و تارمایییەکی کۆشندە بووە کە سێبەرەکەی لەسەر سەری دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەڕەشەی لە هەموو جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات کردووە و مەترسیی گەورەی خستووەتە سەر پرۆسەی سیاسی، تەنانەت ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکەشی و ئەو ڕاستییەش زۆرجاری تر تەنانەت کاتی پەسندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی حکوومەت لە پەرلەمانی عێراق و لادان و دانانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق خۆی دووبارە کردەوە و دەریخست کە ململانێ و ناکۆکییەکان چەند قووڵن.

لێرەدا دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە ئایا چارەسەر چییە؟. لە وەڵامدا دەبێ بگوترێ تەنیا دەرچەی ڕزگاری لەو ناکۆکی و ململانێیە تەنیا گەڕانەوەیە بۆ بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبووڵکردن و دوورکەوتنەوە لە گوتاری زبر و هزری توندڕەوی و یەکتر سڕینەوە و نکۆڵیکردن لە یەکتری، بەڵکوو ڕێزگرتن لە یەکتری و داننان بە ئەرک و مافەکانی خۆی و یەکتر و نەتەوە و ئایین و مەزهەب و پارت و هزرە جیاوازەکان، بەتایبەت هەرێمی کوردستان وەک هەرێم و قەوارەیەکی یاسایی و دستووری، کە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و پێشمەرگەیە و، بەتایبەت کە لەو ماوەیەدا خەڵکەکەی بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە و بە ڕێژەی زیاتر لە ٧٠٪ بەشدارییان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا کرد و بە شێوەیەکی دیموکراسییانە و بە شایەتی هەموو جیهان پشتگیرییان لەو هەرێمە و دەسەڵات و ڕەوایەتی و سەروەرییەکەی کرد، بەتایبەتی لە داکۆکیکاری سەرەکیی ئەم هەرێمە و دەستکەوتەکانی، واتە پارتی دیمۆکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی، کە نزیکەی ملیۆنێک کەس دەنگی پێ دا و خەونی دوژمنان و نەیارانی لە گۆڕ نا.

لە ئێستادا کە ناوچەکە بە یەکێک لە قەیرانە مەزنەکانی ناوچە و جیهاندا تێپەڕ دەبێ ئەویش جەنگی حەماس و حیزبوڵڵایە لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل، کە گەیشتووەتە قۆناغی پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوەش عێراق و هەرێمی کوردستانی خستووەتە بەردەم دووڕیانێکی ئاڵۆز و سەخت. ئەگەرچی بەرپرسانی باڵای عێراق هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە و خۆیان لە تێوەگلان لەو جەنگەدا دەپارێزن، بەڵام بەوپێیەی کە هەندێ لایەن و گرووپی چەکدار لە عێراق ناوە ناوە هێڕش دەکەنە سەر ئیسرائیل و هەڕەشەی لێ دەکەن، بەتایبەت دوای هێڕشە مەزنەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە یەکەمی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، ئیسرائیل چەند ڕۆژێک لەمەوپێش وەڵامی دایەوە، ئینجا ئەگەر ئێرانیش وەڵام بداتەوە و بەم شێوەیە هەر هێڕشێک بە هێڕشێکی تر وەڵام بدرێتەوە، دوور نییە جەنگەکە فراوانتر ببێ و درێژە بکێشێ و لە سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان نزیک ببێتەوە، هەموومان لە خۆمان دەپرسین: ئایا لەم کاتەدا دەبێ چی ڕووبدات و چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت؟ وەڵامەکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە. خەڵکی عێراق بەرگەی جەنگێکی دیکەی ماڵوێرانکەر ناگرێ، بەتایبەت کە تەنیا ماوەیەکی کەمە لە جەنگی خوێناوی داعش ڕزگاری بووە و پاش ئەو هەموو وێرانکارییە هەوڵەکان بۆ سەقامگیریی زیاتری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی لە ئارادایە و تەنانەت ڕێکخراوە جیهانییەکان وەک (IMF) پێشبینی ئەوە دەکەن کە لە ساڵی داهاتوو ئابووریی عێراق بە ڕێژەی ٤٪ گەشە دەکات و ئەوە مژدەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ خەڵکە ماندوو و شەکەتەکەی، بەتایبەت کە بەشێکی زۆری خەڵکی عێراق هەروەک پێشتر باسمان کرد بە هۆکاری گەندەڵی بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن و ئەم گەشەیە پەیوەستە بەوەی کە دەسەڵاتی سیاسیی عێراق لەسەر هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەوەی کە لەم جەنگە، واتە جەنگی ئیسرائیل و وڵاتان و هەندێ لە لایەنەکانی ناوچەکە، بێلایەنی خۆی بپارێزێ و تێوەنەگلێت، بەوەش دەتوانێ خۆی لە زۆرێک لە زیانەکانی ئەم جەنگە بەدوور بگرێ و، لە جیاتی تەخشان و پەخشان کردنی داهاتی گشتی بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی، ئەو داهاتە بۆ بەرژەوەندیی گشتی و خۆشگوزەرانی خەڵکە خێر لە خۆ نەدیوەکەی خۆی خەرج بکات.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سۆنگەی واقیعبینی و دووربینی و خەمخۆریی خۆی بۆ هەرێمەکەمان، چەندین جار هەڵوێستی فەرمیی هەرێمی کوردستانی لەبارەی بێلایەنییەکەی لەم جەنگەدا دووپات کردووەتەوە و پێویستە ئەمە هەڵوێستی لۆژیکانە و ژیر و فەرمی و ڕاشکاوانە و ڕاستەقینەی عێراقیش بێ، تا هەندێ لایەن و گرووپی نابەرپرسیار دوور لە بەرژەوەندییە گشتییەکان نەبن بە هۆکار تا پای ئێمە بۆ نێو جەنگەکە ڕابکێشن و هەڵوێستی نالۆژیکانەی خۆیان بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستاندا بسەپێنن و جارێکی تر دۆخێکی ناخۆشمان بۆ بخوڵقێنن.

دەبێ ئێمە(عێراق بەگشتی) پەند و وانە لە ڕابردوو و ڕووداوەکانی ناوچەکە وەربگرین و وریا بین کە هەندێ لایەن و گرووپ و وڵات هەڵماننەخەڵەتێنن و ئێمە پەلکێشی جەنگێک بکەن کە دوور و نزیک پەیوەندی بە ئێمە و بەرژەوەندییەکانمانەوە نییە و تەنانەت زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و کەنداویش خۆیانی لێ دەدزنەوە و بێلایەنی دەنوێنن. دەبێ زۆر بە وریایییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانە و جەنگەدا بکرێت و نابێ بە بڕیاری هەڵە و نادروست بۆ خۆمان و میللەتەکەمان کێشە دروست بکەین و ببین بە هۆکاری ئازار و نەهامەتی بۆ خەڵکەکەمان، کە دوای ئەو هەموو ساڵە لە نەهامەتی و جەنگ ئێستا لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە دەیەوێ هەناسەیەکی ئارام بداتەوە و دەست بە خۆنوێکردنەوە و ژیانێکی بەختەوەرانە و خۆشگوزەران بکات. بۆ ئەوەش دەبێ خۆمان باشتر بناسینەوە و خاڵە لاوازەکان و “پانیی ئاشیلی” خۆمان بە وریایی و بوێرییەوە دەستنیشان بکەین، تا دواتر لە بڕیارەکانمان پەشیمان نەبینەوە. چونکە وەک ئەنجامی توێژینەوەکانی سایکۆلۆژی لە وڵات و ناوچە جیاوازەکانی جیهان دەریانخستووە جەنگەکان جگە لە زیانە مادییەکان، زیانی درێژخایەن و کۆمەڵایەتی و هەروەها سایکۆلۆژیی کۆشندەی بۆ سەر ناخ و دەروون و دەرووندروستیی تاکەکانی کۆمەڵگەکان هەیە، بەتایبەت منداڵان و ئافرەتان قوربانیی یەکەمی ئەم جەنگانەن.

*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانکۆی زاخۆ